کوردستانی نوێ‌

پشتیوانیی حزب بۆ چالاککردنەوەی کاری لیژنەی ئەمنییەکان

  2021-11-13 18:55      56 جار بینراوە        کۆمێنت

هاوکات لەگەڵ پێداگریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ دەستپێکردنی چاکسازیی هەمەلایەنە، دامەزراوە ئیدارییەکانیش لە هەوڵی تەفعیلکردن و چالاککردنەوەی لیژنە ئەمنییەکاندان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەو درز و کەلێنانەی کە دەبنە مایەی دروستکردنی پشێویی و نائارامی. ئاشکرایە پراکتیزەکردنی هیچ دروشمێکی چاکسازیی حکومی بێت یان حزبی، بەبێ دەستەبەرکردنی کەشێکی ئارامی سیاسی و ئیداریی وەک پێویست رەنگدانەوەی لەسەر ئەرزی واقیع نابێت، بۆیە بەرلە گرتنەبەری هە ر رێوشوێنێک بۆ چاکسازیی، ئەرکی یەکەم دەستەبەرکردنی ئارامیی سیاسیی و ئەمنییە، کە ئەوەش ئەرکی سەرەکیی لیژنە ئەمنییەکانە.

هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی هەڵمەتێکی چڕو پڕی بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە و جام ڕەش و بێ سەرەتا دەستپێکرد، بەڵام وادەیەک دیاریکرد بۆ ئەوانەی کە نایانەوێت لاساریی بکەن و ملکەچی قانوون و یاسا و رێسا کارپێکراوەکان بن مامەڵە و کارە یاساییەکانیان تەواوبکەن. بۆ بەردەوامیدان بەو رێوشوێنە یاساییەش، لە چەند رۆژی رابردوودا جارێکی تر و پاش کۆبوونەوەیەکی دامەزراوە ئەمنییەکان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا، لیژنە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی راسپێردران کە دووبارە چالاکانەتر هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکە نایاسایی و بێ مۆڵەتەکان و ئۆتۆمبێلی جام رەش و بێ سەرەتا و هەڵگری تابلۆی نایاسایی دەست پێبکەنەوە. ئەگەرچی ئەم هەڵمەتەی دواییان وادەی 12 سەعاتی بۆ دانرابوو، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هەڵمەتەکە کۆتایی هاتووە، بەڵکو وەک لە بەلاغی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانیدا هۆشداریی دراوەتە هەموو ئەو حاڵەتانەی کە ئاماژەیان پێکراوە، هەڵمەتەکە هەموو لاسارییەک و داواکراوێکی یاسایی و جووڵەیەکی سەربازیی بێ مۆڵەتی پێشوەختەش دەگرێتەوە. لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە هەڵمەتەکە هاوکاتە لەگەڵ هەنگاوە چاکسازییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستیان پێکردووە. هەروەک هەڵمەتەکە هاوکاتیشە لەگەڵ ساڵیادی دروستکردنی شاری سلێمانی، ساڵیادی شارێک کە لانکەی نوێخوازیی و پایتەختی رۆشنبیریی کوردستانە، بۆیە ئەم شارە دەهێنێت کە بۆئەوەی بە پێشەنگیی رۆشنبیریی و نوێخوازیی بمێنێتەوە، پێشەنگیش بێت لە ئارامی و ئاسایشدا تا هەر بەو پێشەنگییە لە کایەکانی ئازادیی سیاسی و داهێنانی رووناکبیریی و لێبووردەیی کۆمەڵایەتیدا بمێنێتەوە.

هەواڵ و سیاسەتی کوردستانی نوێ

وتاری زیاتر








راستکردنەوەی رێڕەوی ئیدارە‬ کوردستانی نوێ‌
2021-07-31 11:26      158 جار بینراوە








نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو