مستەفا محەمەد

ئایا درۆنـەکان، دەرفەتێکی تر بە کازمی دەدەنەوە؟

  2021-11-13 16:10      118 جار بینراوە        کۆمێنت

بە ئامانجگرتنی سەرۆک وەزیران لە رێگەی فڕۆکەی»درۆنز»ـەوە، پێشهاتێکی مەترسیدارە و پێمان دەڵێت: عیراق ئەگەر بۆ کەسی یەکەم و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پارێزراو نەبێت ، ئەوا بێگومان لە هەر جێگە و بستە خاکێکیدا ئاسایشی نیشتمانی لە مەترسیدایە و هەندێک لە گروپ و میلیشیا چەکدارەکان توانای تێکدانی رەوشی «ئەمنی و سیاسی» بە دەرفەت دەبینن بۆ گەیشتن بە ئەجنداکانیان و هیچ مانایەکیان بۆ حوکمی یاسا و شکۆی دەوڵەتداریی نەهێشتۆتەوە.

هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئەنجامەکانی بۆ ئەو هێزانەی کە میلیشیایان هەیە و لە وڵاتانی ئیقلیمیی بە هەژموون بەسەر عیراقەوە دەستگیرۆیی دەکرێن، جێی نیگەرانییە، چونکە وەک هەندێک لە چاودێران و شرۆڤەکاران ئاماژەی پێ دەدەن «دەیانەوێت بە خۆپیشاندانی توند و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە لە رووی ئەمنییەوە رێگە لە هاوپەیمانێتی لایەنە براوەکان بگرن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، لەوەش تێگەیشتوون کە ئەگەر بەبێ مەرج لەگەڵ سەدردا نەکەونە گفتوگۆوە، ئەوا لە نەخشی ئەو کابینەیەدا رۆڵیان لاواز دەبێت و بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی «کازمی»ـیش، سەنگ و پێگەیان دەکەوێتە مەترسییەوە، بەتایبەتی کە هەوڵەکان رووە و ئەوەن لەم خولەدا باڵ و کەتیبە و ئاراستە جوداکانی حەشد رێکبخرێنەوە و لەنێو بۆتەی سیستمی بەرگریی عیراقدا بتوێنرێنەوە.

وەک دەزانین کۆمسیۆن کۆتایی هاتنی دووبارە ئەژمارکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی رایگەیاندووە و جەختیشیان لەوە کردۆتەوە کە ئەنجامەکان وەک خۆیانن و گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت، ئاماژەی تۆمەتەکانیش خەریکە لەسەر ئەو لایەنانە روونتر دەبنەوە کە پێشتر و لە ئەگەری روونەدانی گۆڕانکارییدا هەڕەشەی ئەوەیان لە کازمی کردبوو، ئیمکان نییە رێگە بە هاتنەئارای هاوکێشەیەکی سیاسیی دیکە بدەن کە ئەوان لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیی و ئەمنی بکاتە دەرەوە، بەڵکو بە هەمان ریتمی پێشوو دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەر هەنگاوەکانی حکومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکاردا زاڵ بکەن ئەگەر لە رێگەی سەربازی-شەوە بێت.

ئەگەر چاو لەوە بپۆشین کە ئەم هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە و لێدانی راستەوخۆ بۆ پاکتاوی کەسی یەکەمی هەڕەمی دەسەڵاتی جێبەجێکار، دەرخەری بێهێزیی و کەم توانایی هێزە ئەمنی و بەرگرییەکانی عیراقن بۆ پارێزگاری لە سەروەریی و شکۆی دەوڵەتەکە، بەڵام هاوکات نیشاندانی ناڕەزایی و پڕۆتستۆکردنی ئەم هێرشە لەلایەن هێز و قەوارە ناوخۆییەکان و لەسەر ئاستی نێودەڵەتیشدا، هەڵگری پەیامێکی روون و ئاشکران لەلایەک کە قۆناغی دوای ئەم هەڵبژاردنە دەکرێت بۆ ئەو هێز و لایەنانەی بەزەبری هێز دەیانەوێت عیراق کۆنترۆڵ بکەن، جیاواز و دڵخۆشکەر نابێت.

لەلایەکی دیکەشەوە رێخۆشکردنە بۆ کازمی لە پێدانەوەی متمانە پێی تا ئەو گۆڕانکارییانە بە پشتیوانی ناوخۆیی و ئیقلیمی و دەرەکیش جێبەجێ بکات و دووبارە لەسەر کورسی سەرۆک وەزیران بمێنێتەوە.

وتاری زیاتر





ئیرادەی کوردانە، یان سەپاندن‬ مستەفا محەمەد
2022-01-29 18:23      110 جار بینراوە







عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      149 جار بینراوە



















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو