هاوناز شەوكەت

زەنگی مەترسیداری كۆچی كوردان

  2021-11-11 12:52      217 جار بینراوە        کۆمێنت

هەر لەدێر زەمانەوە، كۆچكردن یەكێك بووە لەو رێگایانەی مرۆڤ پەنای بۆ بردووە تا بگات بەو ئامانجانەی بۆی تێدەكۆشێ بەمەبەستی باشكردنی ژیان و گوزەرانیان و بنیاتنانی ژیانێكی تازە بۆ خۆیان، بەڵام جگەلەوە، زۆرجار كۆچكردن هۆكاری تری هەیە، بۆ نموونە هەندێ جۆری كۆچكردن ناچارییەو لەژێر فشارو ستەمدا، یاخود بەهۆی گرفتی ئابووری و رەنگە بەهۆی چاولێكەریش بكرێت.
لەهەندێك قۆناغی ژیانماندا، كۆچكردن لە زێدی خۆتەوە بەرەو جێگەیەكی تر دەبێت بكرێتە كاری لەپێشینەو بێ سێ و دوو هەوڵی بۆ بدرێت، بۆ نموونە ئەگەر تێبینی بكەین لەسەردەمی خۆیدا یەزدان فەرمانی كردووە بەپەیامبەرانی وەك ئیبراهیم، موساو محەمەد (دروودی خودایان لەسەر بێت) كە زێدی خۆیان جێ بهێڵن و رووبكەنە شوێنی تر. واتا، یەزدان خۆی فێرمان دەكات هەركاتێك مەترسی لەسەر بیروباوەڕی یەكتاپەرستیمان هەبوو بەجۆرێك لەجۆرەكان كە لەدەرەوەی توانای بەرەنگاریدا بێت، ئەوا پێویستە لەسەرمان كۆچ بكەین بۆ ئەو شوێنەی كە تێیدا بیرو باوەڕمان و ژیانمان پارێزراو بێت‌‌‌.
لەو روانگەیەوە، دەتوانین بڵێین كۆچی بەلێشاوی ئێستای هاووڵاتییانی كوردستانی باشوور هەموو رەهەندەكان لەخۆدەگرێت جگە لەهەبوونی مەترسیی لەسەر بیروباوەڕی ئایینیان، واتە كۆچكردنەكە لەبەر ستەم و زۆرداری و نادادپەروەری و كێشەو گرفتی ئابووری و گەڕانە بەدوای ژیانێكی نوێدا، بەرپرسی یەكەمی ئەم كارەساتە مەترسیدارەش دەسەڵاتدارانی كوردستانی باشوورن كە هیچ شتێك نەماوە قۆرخی نەكەن لەدزینی سامانی گشتیی و قاچاخچێتی و هاوردەكردنی خۆراك و دەرمانی ماوە بەسەرچوو، بەتاڵانبردنی داهاتی گومرگ و نەوت و غازو سەپاندنی باجی نایاسایی و شكاندنی ئیرادەی هاووڵاتییان و پشتگوێخستنی گەنجان كە داینەمۆی كۆمەڵگەی كوردین.
دیمەنە جەرگبڕەكانی كوردانی كۆچبەر كە ئەمڕۆ بۆتە باسوخواسی راگەیاندنە لۆكاڵی و نێودەوڵەتیەكانیش، لەلایەك لەڕووی مرۆییەوە ناخهەژێنەو ئازارمان دەدات، لەلایەكی تریشەوە زەنگێكی مەترسیدارە بۆ سەر ئەزمونی لاوازی هەرێمی كوردستان كە بەهۆی زۆریی گەندەڵی و نادادپەروریی لەهەموو روویەكەوە ناووناوبانگی لەكەدار بووەو ئێستاش ئەو كۆچە بەرفراوانەی هاتۆتەسەرو ئەوەندەی تر وێنەی هەرێمی كوردستانی ناشرین كردووە لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. سەرهەڵگرتنی بێشوماری خەڵك لەزێدی خۆیاندا، پەیامێكی بەهێزە بۆ هەموو دنیا كە ناهەقی و كەموكوڕییەكان لەهەرێمدا ئەوەندە زۆرن، لەژماردن نایەن و خەڵكیش تەواو بێئومێدن لەچارەسەركردنی دۆخەكە. 

 

وتاری زیاتر



كۆڕۆناو جوانییەكانی ژیان‬ هاوناز شەوكەت
2020-03-31 11:41      628 جار بینراوە


شین و شایی بۆ رۆژئاوا‬ هاوناز شەوكەت
2019-10-24 10:06      314 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو