د.كاروان عەلی

وێڵبوون بەدوای نیشتمانێکدا

  2021-11-08 19:36      112 جار بینراوە        کۆمێنت

خەڵك زۆری كردو هاواری كرد بۆ دەستەبەری كەمێك دادپەروەریی و جوڵاندنی ویژدانی دەسەڵاتبەدەستانی شارەكانی هەرێم، روویانكردە ئاسمان و لەدەرگای وڵاتانی دنیاشیاندا، لەناوخۆشدا زۆریان تاقیكردەوەو ئومێدیان پێدا هەڵواسین، بەڵام هیچیان ئەنجامی نەبوو. دەركەوت وڵاتانی زلهێزو دەرودراوسێ خۆیان پشتیوانی مافیاو دەستڕۆیشتووانی هەرێمی كوردستانن و رێگە بەگۆڕینیان نادەن! ئەوانەی ناوخۆش كە بەفریادڕەس خۆیان نمایش دەكرد تەنها یارییەكی دەستی دەسەڵاتدارانن و هەر كە پارەو پۆستیان بینی، خەون و ئاواتی خەڵكیان خستە ژێر پێیان!
ئیتر خەڵكی هەرێم، بێزاربوون لەئاژاوەو كوشتن، لەدرۆی نیشتمانفرۆشان، لەبینینی دیمەنی بەرپرسان و دارودەستەو كەسوكارییان كە چۆن پێدەنێن بەسەر رۆح و جەستەی شەكەتی هەموومان، خەڵك چیتر دڵیان بەرگە ناگرێت لەوڵاتی نەوت و غازو پڕ خێروبێردا كەس لەخێرەكەی نەخواو لەماڵەكەی خۆشیدا هەست بەئاسایش و ئەمان نەكات.
هەمووان سەرمان سوڕماوە كەچۆن لەسەر دەستی هاوخوێنەكانمان دەچەوسێنرێینەوەو خوێندن و نەخۆشخانەو نیشتەجێبوون و هەناسەو هەموو جوڵەیەكمان كراوەتە پارە، پێمان سەیرە ئەوەی داگیركەران بەچەندین دەیە پێیان نەكردین، لەشكاندنی ئیرادەو كەرامەتمان و گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان، ئەمانەی ئێستا لەماوەی كەمتر لە دە ساڵ لەژێر ناوی جیادا پێیان كردین.
خەڵك ئیتر كۆڵیدا لەئاست جەورو ستەم، ئەگەر وانەبووایە چۆن دەتوانن رێگەیەك بگرنەبەر كە دڵنیابن مەرگ و هەموو ئەشكەنجەیەكی جەستەیی و دەروونیی لەپێشوازیاندایە! ئێستا بەداخەوە، كەسمان كوردستان، كەسەردەمێك خوێن و فرمێسك و ئارەقەمان بۆ رشت، بەنیشتمانی خۆمان نازانین، چونكە لەئێمەیان زەوتكردو ئەتکیان کردو ئیرادەشیان شكاندین، بۆیە میللەت ناچارە بەدوای نیشتمانێكی نوێدا بگەڕێ، ئەمە چارەنووسی هەموومانە زوو بێت یان درەنگ.

وتاری زیاتر




ئه‌ودیو كۆرۆنا‬ د.كاروان عەلی
2020-03-14 19:16      393 جار بینراوە

لێگەڕێن خەڵک فریای خۆی بکەوێت‬ د.كاروان عەلی
2020-03-13 21:18      284 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو