هیوا محەمەد

بەغدا 51 ملیار دۆلار قەرەبوو دەداتەوە

  2021-11-08 18:03      186 جار بینراوە        کۆمێنت

کوێت دەستی هەبوو لە هاوکاریی کردنی رژێمی سەدام لە جەنگی یەکەمی کەنداودا لە نێوان عیراق و ئێران، ئەوان هاندەر و چەپڵەلێدەر بوون، کاتێک ئەنفالی کوردیان دەکرد بەناوی (بەکرێگیراوان)، رەنگە چەندین چالاکوانی شیعە بە هۆی هاوکاریی نێوان هەواڵگریی عیراق و کوێتەوە لەلایەن موخابەراتی رژێمەوە دەستگیرکرابن یان لەناوبرابن.
پێناچیت کەسێک هەبێت تا ئەو رۆژەی کە بە بڕیاری خودی سەدام کوێت داگیرکراو وێرانکرا، ئەو وڵاتەی بە دۆستی گەلی عیراق زانیبێت و رۆژێک کەسێکی تێکۆشەری راستەقینەی دژبە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەعسی لەلایەن ئەوانەوە داڵدە درابێت یان هاوکاریی کرابێت. بەپارە و ئازووقەی کوێت و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو ئەو بۆشاییە ئابوورییانە پڕدەکرانەوە کە رژێمی سەدام بەهۆی جەنگەوە لەگەڵ ناوخۆ و دەرەوە دروستی کردبوو.

وڵاتێکی دەوڵەمەند و تاکی گیرفان پڕ
کوێت وێڕای عیراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، خاوەنی نەوتێکی زۆرە، دیناری کوێتی سێ هێندەی دۆلار بەهای هەیە، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی پێنج ملیۆن کەسە. یەک دیناری کوێتی بەرامبەر بە 4950 دیناری عیراقییە، بەرنامەی درێژخایەنی ئەم وڵاتە بە جۆرێک پلانی بۆ داڕێژراوە کە لە ساڵی 2040 دا هەناردەی نەوتی بگاتە چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
کوێت لەچاو وڵاتانی دیکەی دراوسێ و ناوچەکەدا کەمترین کێشەی ناوخۆیی هەیە، ئارام و سەقامگیرە، خەڵکەکەی لە ئاستێکی باڵای ئابووریدا دەژین، مووچەی فەرمانبەرێک لە 1260 وە تا 5640 دینارە، کەمترین مانگانەش لە 320 دیناردایە.

خەڵکی کوێت عیراقییەکان تاوانبار دەکەن
لە پێش داگیرکردنی لەلایەن سوپای رژێمی سەدامەوە، ئەم وڵاتە هەر لە ئاستێکی بەرزی ئابووریدا بوو، هەر لەبەر ئەوەش بوو تاڵانکردنی ماڵەکانی کوێت و باشی کوالیتی کەلوپەلە تاڵانکراوەکان لە بازاڕەکانی عیراقدا دەنگی دایەوە.
کوێتییەکان پێیانوایە خەڵکی عیراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە تاوانبارن لەو دۆخەی بەسەر ئەوانیاندا هێنا، ئەگەرچی کورد لەوکاتەشدا دژبە رژێمی سەدام لە شەڕدابوو، پێشتریش بە شێوەیەکی دڕندانە شەڕی قڕکردنی کرابوو، بەڵام ئەمە کوێتییەکانی رازی نەکرد کە کوردەکان بەگشتی لەبەرەی سەدامییەکاندا دانەنێن، ئەویش بەهۆی ئەو سەربازە کوردانەوە کە زۆربەیان تەنها بەمەبەستی فەرهوود وێڕای سەرباز و چەکدارەکانی دیکەی عیراق بەشدارییان کردبوو.

دەبوو کوێتییەکان قەرەبوو بکرێنەوە؟
لەهەموو حاڵەتێکدا کوێت و عیراق، دوو وڵاتی سەربەخۆ و ئەندامن لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەروەریی و نەخشەی جوگرافیایان ناسێندراوە، هەر بەپێی رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانیش، نابێت هیچ وڵاتێک دەستدرێژیی بکاتە سەر ئەوی تر و ئەگەر ئەمە روویدا ئەوا دەبێت تاوانبار سزا بدرێت و زیان لێکەوتووش قەرەبوو بکرێتەوە. بەڵام ئەمەیان وەک چانسێک بۆ کوێتییەکان سەریگرت و بووە مایەی خێر بۆ وڵاتەکە، ئەگەرچی ئەوان پێویستیان بە پارەی قەرەبوو نەبووە و نییە، بەڵام وەک سزایەک بۆ سەر عیراق لە یەکەمین هەنگاودا لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی کەنداوەوە بەتایبەتی سعودیە سەپێندرا بەسەر عیراقدا کە دەبێت قەرەبووی زیانەکانی کوێت بکاتەوە لەوەی سەدام لە ساڵی 1990 بەسەریدا هێناون.

ئەمریکا نەیهێشت ئێران قەرەبوو بکرێتەوە
ئێران لە ساڵی 1980 وە کەوتە ژێر ئاگری تۆپبارانی رژێمی سەدامەوە و خاکەکەی بووە جێگەی سەدان هەزار بۆمبی گەورە و قورس لەوانە مووشەکی زەوی بە زەوی، بەهۆی رەفتاری نابەرپرسانەی سەدام و دوژمنکارییەوە بۆ سەر وڵاتێکی درواسێ، جەنگێکی نەگریس روویدا کە زۆر بە حاڵەتی جەنگە جیهانییەکان دەچوو، تێیدا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بوونە قوربانی، تاوانبار و دەستدرێژکاریش سەدام بوو، بەڵام چونکە ئەمریکا سەرپەرشتیاری لادانی رژێمی سەدامی کرد و خۆشی رقی لە ئێران بوو، ئەوە رێگریی کرد لەوەی عیراق مل بدات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێران، بەڵام بۆ کوێت هەر پێشتر بەڵێنی پێدابوون، چونکە پارەی رزگارکردنی کوێت پێشتر بە کاش لەلایەن کوێتەوە درابوو بە ئەمریکا، ئەمیش ویستی لە عیراقیان بۆ بستێنێتەوە تا زۆر لە گیرفانی خۆیان زیان نەکەن.
لە نێوانی ئێران و کوێت دا، ئەمیان ئەو چانسەی پێبڕا و عیراقیان ناچارکرد قەرەبووی کوێت بکاتەوە. لەمانگی ئوکتوبەری 2021 بە پێدانەوەی بڕی 490 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بۆ کوێت، تەنها بڕی 629 ملیۆن وەک دوا بڕی پارەی قەرەبوو دەمێنێت لای عیراق کە بیداتەوە بە کوێت.
تائێستا کوێت 50 ملیار دۆلاری وەک قەرەبوو لە عیراق وەرگرتۆتەوە و بەمەش دەبێتە زیاتر لە 51 ملیار دۆلار.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ماوەی کۆتایی دانەوەی قەرەبووەکەدا، ئێران ئەو مەسەلەیەی جوڵاندووەتەوە و پێیوایە دەبێت عیراق بچێتە ژێر باری قەرەبووکردنەوەی ئێران لەو جەنگەی کە سەدام بەرپای کرد لە دژیان. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کە چونکە ئەمریکا و هاوپەیمانان، خۆیان بەڕێوەبەرانی جەنگی رزگارکردنی کوێت بوون، بۆیە هەوڵی سەپاندنی قەرەبووکردنەوەی کوێتیان سەپاند بەسەر عیراقی دوای سەدامدا، بەڵام هەریەک لە ئێران و کورد لە عیراقدا لەبەر نەبوونی هیچ پاساوێک نەیانتوانیووە داوای قەرەبوو لە عیراق بکەن.

کورد نیسک و نۆک وەردەگرێت!
ئێران بەو هۆکارانەی باسمان کرد پشتگوێخرا، کوردیش بەوەی کە تائێستا نەیتوانیووە جینۆسایدی خۆی لەلایەن سەدام و رژێمەکەیەوە لەلایەن حکومەتی دوای سەدام و ئەوانەشەوە کە تا ئەمڕۆ بە جینۆساید بناسێنێت، ئەوا ناتوانێت داوای قەرەبوو بکاتەوە، دەنا کورد لە عیراقدا زۆر زیاتر لە کوێت زیانی بەرکەوتووە لە رووی گیانی و جەستەیی و مادییەوە، ئەگەر 51 ملیار بە کوێت درابێت، دەبوو 150 ملیار دابەش بکەن بەسەر زیانلێکەوتوانی کورددا لە عیراق، جگە لە پێدانی ئیمتیازی زیاتر بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانکراوەکان، بەڵام بە پێچەوانەوە دەبینین کورد مانگانە دەمی کردۆتەوە بۆ 200 ملیار دیناری تەواوکردنی مووچەی فەرمانبەران و ناردنی «دۆشاو و نیسک و نۆک»ی مانگانە ئەویش بە پچڕ پچڕی.
کوێتییەکان ماڵیان وێرانکراو دروستیان کردەوە و لەبیریان چۆوە، ئێمەش تائێستا لەژێر شەڕی دەروونیی وێرانکردندا دەژین.

وتاری زیاتر

یەکێتی، هیوای تاکی کوردە‬ هیوا محەمەد
2022-06-05 10:14      115 جار بینراوە





مامەڵەی حزب لەگەڵ خەڵکدا‬ هیوا محەمەد
2022-01-08 16:01      145 جار بینراوە



ئەندامی حزب لەبەرەی خەڵکدا بێت‬ هیوا محەمەد
2021-11-27 20:06      147 جار بینراوە

خۆزگە بە شەهیدبوون‬ هیوا محەمەد
2021-11-22 21:13      158 جار بینراوە

هەوێنی شڵەژانی دۆخەکە‬ هیوا محەمەد
2021-11-20 16:00      152 جار بینراوە


موزیکی غازەکەو تەقەی بوتڵەکان‬ هیوا محەمەد
2021-11-14 13:04      129 جار بینراوە



خەبات بە بوختان و چەواشەکاری‬ هیوا محەمەد
2021-10-31 18:52      187 جار بینراوە


سەرکردەبوون پلەیە نەک پیشە‬ هیوا محەمەد
2021-10-25 17:17      125 جار بینراوە





کاندیدە براوەکان دەبێ چی بکەن؟‬ هیوا محەمەد
2021-09-19 17:14      149 جار بینراوە



بەدەنگت رەش و سپی جیا بکەرەوە‬ هیوا محەمەد
2021-09-16 09:35      137 جار بینراوە


قەدی دارەکە شەرتە نەک لقەکانی‬ هیوا محەمەد
2021-09-11 17:22      149 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو