فەیسەڵ عەلی

هەماهەنگی لەنێوان تیۆرو پراكتیكدا

  2021-11-07 20:18      59 جار بینراوە        کۆمێنت

بەڕێوەبەر بەفەرمانبەرەكەی خوار خۆی دەڵێ: «لەگەڵ فڵان كەس یان ئەو فەرمانگەیە هەماهەنگی بكە»، یان ئەو پرسیارەی لێدەكات: «ئایا لەگەڵ كاروباری كارگێڕیی یان یاسایی هەماهەنگیت كردووە تا ئەو كارە بە دروستی بەڕێوەبچێت؟».
بەڕێوەبەر مكوڕە لەسەر ئەم جۆرە لە هەماهەنگییە تا بتوانێ لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر بەشداری پێبكات، بۆئەوەی هیچ هەڵەیەك یان كەموكورتییەك یان شكستێك روونەدات، بەرئەنجامەكەشی لۆمەكردنی یەكتری لێنەكەوێتەوە.
هەماهەنگی یەك لە توخمە گرنگەكانی پڕۆسەی ئیدارەیە، ئامرازێكی رێكخستنی كاركردنە تا لێكگەیشتن دەستەبەر بكات و یارمەتی بەجێهێنانی ئامانجە هاوبەشەكان بدات لە رێگەی:

بایەخی هەماهەنگیی زیاتر دەردەخات
* بەهێزكردنی كاری بەكۆمەڵ.
* پلان و بەرنامەڕێژیی كارەكان.
* ئاڵوگۆڕپێكردنی زانیاری لەنێوان بەشەكانی یەك دامەزراوە، یان لەگەڵ دامەزراوەكانی تری ناوچەكە.
* گەشەدان بە شارەزاییەكانی پەیوەندیی نێوان هاوڕێیانی كار و پتەوكردنی پەیوەندیی رەسمی و ناڕەسمی نێوانیان.
* رێگرتن یان خۆلادان لەهەر تێكەڵاوی و چوونەنێویەكی بەجێهێنانی كاركردن.
ئەو ئامانجانە بایەخی هەماهەنگیی زیاتر دەردەخات، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك جاریش بەهۆی لاوازی هەماهەنگیی یان نەبوونی لاسەنگی و شكست روو دەدەن.هەماهەنگی بە بەشداریپێكردنی ناو دامەزراوە یان لەنێوان دامەزراوەكان، یان بە بەشداریپێكردنی كۆمەڵگە لە بڕیارە ستراتیجییەكان دەستپێدەكات. هیچ لایەنێك بە تەنیا ناتوانێ سیستمێك دابنێت و داوا لە لایەنەكانی تر بكات پێوەی پابەندبن و جێبەجێشی بكەن. ئەم هەماهەنگیی پاشوەختەیە كێشەی لێدەكەوێتەوە بەوەی پێشوەخت لایەنەكانی تر تێیدا بەشدارییان نەكردووە. واتە لە مەرجەكانی سەركەوتنی هەماهەنگی، بەشداریكردنی ئەوانی ترە لە پلان و خۆسازدان و بڕیاردان. ئەم بەشداری پێكردنە، دەبێ بە ئاستی جێبەجێكارانیش بگات، نەك لەسەر ئاستی سەركردایەتیی دامەزراوەكاندا كورت بكرێتەوە، بۆئەوەی لێكگەیشتنێكی هاوبەش بەرهەم بێت و ببێتە یارمەتیدەری پڕۆسەی بەجێهێنانی ئەو ئەركەی هەیانە، یان پێیان دەسپێردرێت.
لە مەرجەكانی تری هەماهەنگی، روونی میكانیزم و رێوشوێنەكانی هەماهەنگیكردنە، لەم ساڵانەی دواییدا تەكنەلۆجیا یارمەتیدەرێكی باشی میكانیزمی هەماهەنگی و گێڕانەوەی كات بووە.

پرسە نیشتمانییەكان بەبێ هەماهەنگیكردن لاسەنگ دەبێت
مەرجێكی تری هەماهەنگیی ناو دامەزراوە، نەبوونی ئیزدواجیەتی بەجێهێنانی ئەركەكانە. بەرپرس دەشێ دوو كەس بۆ بەجێگەیاندنی یەك ئەرك راسپێرێت، پاشان داوایان لێدەكات لەگەڵ یەكتریدا هەماهەنگیی بكەن. ئەم رەفتارە ئیدارییە كێبڕكێیەكی نادروست دەخوڵقێنێت و كێشە لەنێوان هاوڕێیانی كاردا دروست دەكات.
پێكهێنانی لیژنە یەكێكە لە ئامرازەكانی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەكان و تەنانەت ناو خودی یەك دامەزراوەیش. بۆئەوەی لیژنەكان سەركەوتوو بن، دەبێ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەندامیان لە لیژنەكاندا هەبێت. ئایا دەكرێت لیژنە بۆ داڕشتنی پلانی راهێنان پێكبهێنرێت، بەبێ بەشداری پێكردنی ئەوانەی ئیدارەی راهێنانەكە دەدەن؟
بێنە بەرچاوی خۆت لیژنەی دامەزراندنی فەرمانبەران بەبێ بەشدارپێكردنی وەزارەتی خوێندن یان وەزارەتی دارایی و پلاندانان پێكبهێنرێت. یان بڕیاری سیاسەتێك یان دانانی سیستمێكی نوێ لە رێگەی لیژنەیەكەوە بێت، كە نوێنەری ئەو لایەنانەی هەڵدەستن بە جێبەجێكردنی ئەو سیاسەت و سیستمە تێدا نەبێت.
لە خەیاڵەوە دێینە سەر ئەرزی واقیع، دیارترین ئەو پرسە جێگیرانەی كە بەردەوام لە پڕۆسەی گەشەپێدان لە كۆڕ و سیمینارەكاندا باسی لێوە دەكرێت، پرسی دەرچووانی خوێندن و ئاستی هەماهەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكانە، بەتایبەتی وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلان و خوێندنی باڵا. بە ئێستاشەوە، لەگەڵ ئەوەی بەرچاومان روونە لەوەی باس لە پێداویستییەكانی بازاڕ بەراورد بە بەرنامەكانی خوێندن و راهێنان و ئەو پسپۆڕییانەی بۆ خوێندكاران دەستەبەركراون، دەكەین، كە هێشتا نەكراوە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانین، باس لەوە بكەین كە هەماهەنگیی لە زۆری پرسە ئیدارییەكاندا نابێ بە تەنیا چاوەڕوانی بۆچوونی بەڕێوەبەری فەرمانگە بكرێت، چونكە دەبێ ستراتیجییەتی دەوڵەت لە دامەزراندنی فەرمانبەراندا روون و دیار بێت، بەوەی هەماهەنگیی لە قۆناغی جێبەجێكردندا یەك لە ئەركە دیارەكانی وەزیفەی حكومەتە، هەروەها بەرپرسیارێتییەكی بەردەوامە نەك ئەركێكی كاتی بێت.
پرسە نیشتمانییەكان بەبێ هەماهەنگیكردن لاسەنگ دەبێت، دەرفەتی سەركەوتن بە بوونی هەماهەنگی لە هەموو ئاستەكاندا زیاتر دەبێت، بە هەماهەنگیكردن سەركەوتن و شكست لە ئەستۆی هەمووانە. لەسەر ئەرزی واقیعدا، دەكرێ تێبینی لاوازی ئاستی هەماهەنگیی نێوان بەشەكانی یەك فەرمانگە، نێوان دامەزراوەكانی یەك وەزارەت، یەك شار بكرێت. ئەم لاوازییەش وایكردووە، هەر لایەك لۆمەی لایەكەی تر بكات، بەوەی ئەو بەرپرسی ئەو هەڵەیە یان شكستەیە نەك خۆی، پێچەوانەكەشی راستە.

خودپەرستی و كێبڕكێی ناتەندروست
هەماهەنگیی ناو یەك دامەزراوەی ئیداری، یەكێكە لە پرنسیپە ئیدارییەكان كە ناكرێ هیچ دامەزراوەیەك دەستبەرداری بێت، دەبێ پەیوەندیی نێوان فەرمانگە و تاكەكانی ناو یەك دامەزراوە پتەوتر بكرێت و ئاڵوگۆڕی زانیاری و بەشداریكردن لە دروستكردنی بڕیاردا بەهێز بكرێت، ئەو هەماهەنگییە لێكتێگەیشتن و هاوكاری و كاری بە گیانی یەك تیم، لە مومارەسە نەرێنییەكانی وەك خودپەرستی و كێبڕكێی ناتەندروست دوورمان دەخاتەوە. ئەم جۆرە هەماهەنگییە، پێویست بەوە ناكات كەس پێمان بڵێت، چونكە بەشێكە لە ئەركی وەزیفی و توخمێكی بنچینەیی پڕۆسەی ئیدارییە.
هەماهەنگیی ئیداری بە هەموو جۆرەكانییەوە، لایەنی ئەرێنی ئێجگاری زۆری هەیە، گرنگترینیان، لەسەر ئاستی نیشتمانیی دەستەبەركردنی تەواوكاریی و كاری هاوبەشە، هەر دامەزراوەیەك بەبێ پردی پەیوەندیی لەگەڵ دامەزراوەكانی تردا دەبێتە دوورگەیەكی دابڕاو، ناتوانێ رۆڵی ئەرێنی لە مەنزومەی گەشەپێداندا بگێڕێت، كە ئامانجی هاوبەشی هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتە و دەبێ هەمووان پێكەوە بە بەرپرسیارێتییەوە بەشداری تێدا بكەین.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

وتاری زیاتر


كاروانی مەعریفە و گەشەپێدان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-23 16:55      55 جار بینراوە


سامانی ئاو ژیان و ململانێیە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-09 18:46      61 جار بینراوە







مێژووی نووسین و ئاسۆی ئایـندەی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-26 11:00      192 جار بینراوە

فاشیزمی راستەقینە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-22 16:25      166 جار بینراوە



پرسیاری ساڵی پار‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-07 17:28      77 جار بینراوە


سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئابووری‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-31 14:33      149 جار بینراوە

خراپ بەکارهێنانی تەكنەلۆجیا‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-23 15:31      130 جار بینراوە


دیپلۆماسییەتی سایبرانی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-03 20:01      178 جار بینراوە


زمان دەروازەی مێشکە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-14 16:34      108 جار بینراوە



دیوەكەی تری دراوی گریمانەیی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-02 16:19      96 جار بینراوە

وێنە کۆنەکان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-31 23:40      102 جار بینراوە

خوێندن و بازاڕی كار ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-29 21:30      165 جار بینراوە

زانكۆ وەك مەنزومەیەكی كاركردن‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-29 13:50      92 جار بینراوە

خەون و پەرەسەندنی مرۆڤ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-14 15:54      143 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو