به‌هره‌مه‌ندبوون له‌باشترین ژیان و گوزه‌رانی شایسته به مرۆڤ ئاواتی هه‌موو كه‌سێكه گه‌نج بێت یان پیر، ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی خۆش و ئارام بۆ هاوسه‌ر و منداڵ و ته‌وای خانه‌واده، ئاوات و ئامانجی هه‌موو كه‌سێكه، به‌ڵام چۆن و به‌چ شێوه‌یه‌ك؟
ئه‌م بابه‌ته بۆ تیر‌و توانج نییه له‌وانه‌ی ده‌ڕۆن و كۆچ ده‌كه‌ن، بەتاییبەت کە دۆخی عیراق و هه‌رێمی كوردستان رێگه‌خۆشكه‌رن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانێك بیانه‌وێت به‌شوێن ژیانێكی باشتر و شایسته‌تردا بگه‌ڕێن، چونكه ئه‌و په‌تایه ته‌نها عیراق و كوردستانی نه‌گرتۆته‌وه، وه‌ك ده‌بینین وڵاتانی باكووری ئه‌فریقا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی هه‌مووی گیرۆده‌ی ئه‌و په‌تایه بوون، هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه دۆخی سیاسی و ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تی هێنده ناسه‌قامگیربوون له‌و وڵاتانه، ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێك خۆشگوزه‌رانییه‌كی رووكه‌شی رووبكاته ئه‌و وڵاتانه، ئه‌وا ساڵانێكی زۆر به‌شوێنیدا تووشی ناهه‌مواریی و رارایی و دڵه‌ڕاوكێ ده‌بن، جگه له‌وه‌ش خه‌ڵكانێكی زۆر ده‌بینن كه دوای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌نه وڵاتێكی وه‌ك ئه‌ڵمانیا یان سوید و دانیمارك و نه‌رویج و به‌ریتانیا و…هتد، دوای وه‌رگرتنی به‌ڵگه‌ی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی یان ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاتانه، جگه له‌وه‌ی له‌ڕووی داراییه‌وه دۆخی ژیانیان باش ده‌بێت له‌ڕووی ماف و ئیمتیازاتیشه‌وه كه ده‌چنه‌وه بۆ وڵاتی دایك به‌سه‌ردان، هه‌لی كاری زیاتریان له‌به‌رده‌مدا ده‌كرێته‌وه و ئازادیی گه‌شت و وه‌رگرتنی ڤیزای كوێیان بوێت بۆیان له‌به‌رده‌میاندا كراوه‌یه و له هه‌موو رووداو و پێشهاتێكی نه‌خوازراویشدا كه رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه له وڵاتی دایكدا، له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه كه مافی مانه‌وه یان په‌نابه‌ریی یاخود ره‌گه‌زنامه‌یان دراوه‌تێ، به‌رگرییان لێ ده‌كرێت و له‌سه‌ر ئاستی باڵیۆزخانه و كونسوڵخانه بۆیان دێنه سه‌ر خه‌ت، ئه‌وه‌ش ئه‌و ئیمتیازه‌یه كه هاووڵاتیی وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و خۆرهه‌ڵات به‌گشتی لێی بێ به‌شن. بۆیه رووی گله‌ییم له‌وان نییه و دوورنییه ئه‌گه‌ر ئێمه‌مانانیش زانكۆ ته‌واو بكه‌ین و بێ ئیش و بێكار بین و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌شمان نه‌بێت و چاوه‌ڕوانی ژیانێكی باشتر و سه‌قامگیرتر بین، بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه رووبكه‌ینه وڵاتێك كه هه‌م مافی مرۆڤی تێدا پارێزراو بێت و هه‌م ژیانێكی سه‌قامگیر و ئاینده‌یه‌كی باش بۆ خۆمان و ماڵ و منداڵمان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگه‌ی سه‌رنج و نیگه‌رانیی ئێمه‌یه، ئه‌و هه‌واڵ و راپۆرتانه‌یه كه له ئاژانسه جیهانییه‌كان و سایت و كه‌ناڵه جیهانی و ناوچه‌ییه‌كانه‌وه بڵاودەکرێنەوە له‌باره‌ی كۆچ و كۆچه‌ران و بارودۆخیان و ژیانیان به هه‌ڵپه‌سێردراوی له نێوان سنووری وڵاتانێكدا كه نه زمانیان ده‌زانن و نه ده‌توانن له‌و كۆچه‌رانه تێبگه‌ن كه مه‌ینه‌تییه‌كانیان چییه، له شوێنێك له ده‌ریادا نوقم ده‌بن، له‌شوێنێكی دیكه به فیشه‌كی پۆلیس و پاسه‌وانانی سنووری وڵاتان ده‌كوژرێن، له شوێنێكی دیكه له دوورگه‌ی نێو ده‌ریاكاندا به‌بێ خۆراك و پۆشاك گیر ده‌خۆن و له ناوچه‌یه‌كی دیكه له‌ناو كامیۆن و بارهه‌ڵگردا هه‌ناسه‌بڕاو ده‌بن.
هه‌نووكه له‌وه جه‌رگبڕتر، ئه‌و لایڤ و ڤیدیۆیانه‌یه كه له‌لایه‌ن هه‌ندێك قاچاخچیی و بازرگانی مرۆڤه‌وه دروستكراون و به په‌خشی راسته‌وخۆ به‌شێك له خێزان و كه‌سوكاری خۆیان ده‌دوێنن له‌ژێر چادر و له‌ناو به‌له‌می مه‌رگ و له‌ناو دارستان و سه‌ر سنووره‌كانی نێوان وڵاتانی هاوسنووری به‌هه‌شتی ئه‌وروپا و بۆ ره‌واجدان و له‌خشته‌بردنی هه‌رچی زیاتری گه‌نجان و خێزانه‌كان كه هه‌موویان پاره‌كانیان و داراییه‌ك كه به‌كوله‌مه‌رگیی كۆیان كردۆته‌وه بۆ گیرفانی ئه‌وانه و رۆحیشیان بۆ چاره‌نووسێكی نادیار كه یان به‌سه‌رما ره‌ق ده‌بنه‌وه، یان له ده‌ریادا ده‌خنكێن یان به‌ر گولـله‌ی پۆلیس و جه‌ندرمه و پاسه‌وانانی سنووری ئه‌و وڵاتانه ده‌كه‌ون و له‌باشترین دۆخیشیاندا ئامدیوی سنووری وڵاته‌كانی خۆیان ده‌كرێنه‌وه و هه‌یانه سه‌رو سامانیان تیاده‌چێت و هه‌شیانه به چه‌ند چركه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه به كوله‌مه‌رگی پێكیانه‌وه ناوه، له‌ده‌ستیان ده‌چێت و ده‌بێت بێنه‌وه و له خاڵی سفر و چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌مه‌وه ده‌ست پێبكه‌نه‌وه.
بێگومان رووی ده‌مم له حكومه‌ت نییه، چونكه ئه‌گه‌ر حكومه‌ته‌كانی ئه‌م وڵاتانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌بیری ژیان و گوزه‌ران و ماف و ئازادییه‌كانی هاووڵاتییه‌كانیاندا بن، ئه‌وا گه‌نجان و خێزانه‌كان وه‌ك خێزان و گه‌نجانی وڵاتانی خۆشبه‌خت و خۆشگوزه‌ران ته‌نیا بۆ گه‌شت و سه‌یران و سه‌فا و هه‌واگۆڕکێ و دنیا بینین و ئاشنابوون به كه‌لتووری گه‌لان سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له زۆرێك له جیهاندا ده‌یبینین، به‌ڵام رووی ده‌مم له‌و خه‌ڵكانه خۆیانه كه مافی خۆیانه به‌شوێن ژیانێكی باشتر و ئاسووده‌یی و سه‌قامگیریدا وێڵ بن، به‌ڵام خۆ ناشكرێت وه‌ك كابرای نوكته‌كه‌یان لێ بێت له‌پێناوی ئه‌گه‌ری دۆزینه‌وه‌ی یه‌ك دۆلار له تاریكی‌دا 500 دۆلار بسووتێنێت!
به‌داخه‌وه ئه‌م دیارده‌یه هه‌ر كۆچی نه‌گرتۆته‌وه، به‌ڵكو ناوبه‌ناو ئه‌و هه‌واڵانه‌مان به‌رگوێ ده‌كه‌وێت یان ده‌یبینین كه چ له ته‌له‌فزیۆنه‌كان یان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوده‌بێته‌وه كه كه‌سێك بڕی چه‌ند ملیۆن دۆلارێكی له خه‌ڵك كۆكردۆته‌وه و له‌پڕ دیارنه‌ما؟ جا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئاخۆ خه‌ڵكێك هێنده ساویلكه بێت کەسانێک له‌ناو شاره‌كه‌ی خۆی و له ناوچه‌كه‌ی خۆیدا به‌وجۆره پاره‌یه‌كی مۆڵی به ئیف له‌ده‌ست ده‌ربهێنێت، ئیتر ده‌بێت له‌و ناوچه سنوورییانه و له‌و دۆخه ناله‌باره‌ی كه كۆچه‌رانی تێدا ده‌ژین، قاچاخچیی چۆن له خشته‌ی ببات؟ بۆیه ئه‌ركی ئه‌و رێكخراوه مرۆییانه‌یه كه گوایه له مشووری ژیان و گوزه‌رانی ئه‌و كۆچه‌رانه‌دان، چه‌نده هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه ژیانێكی شایسته بۆ ئه‌و كۆچه‌رانه دابین بكه‌ن و له‌و نه‌هامه‌تییانه رزگاریان بكه‌ن كه تووشیان بووه به‌ده‌ست قاچاخچی و بارزرگانان به گیان و چاره‌نووسی ئه‌و مرۆڤه بێ ده‌ره‌تانانه‌وه، با پێ به‌پێی ئه‌وه‌ش هه‌وڵی ریسواكردن و خستنه‌ڕووی ئه‌وانه بده‌ن كه گه‌ره‌كیانه به كردنه‌وه‌ی په‌خشی راسته‌وخۆ له رێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه هه‌رچی زیاتر گه‌نجان و خه‌ڵكانی ئه‌م وڵاتانه گرفتارتر بكه‌ن، و هه‌ڵمه‌تێكی مه‌ده‌نیی ده‌ستپێبكه‌ن بۆ ئاشكراكردنی خاوه‌نی ئه‌و په‌یجانه و ئه‌و سه‌رمایه‌دار و گروپه مافیاییانه‌ش كه له پشتیانه‌وه‌ن و وه‌ك ده‌شزانین بڕی هه‌ره زۆری ئه‌و پاره‌یه‌ی له خه‌ڵك وه‌رده‌گیرێت بۆ سه‌رۆكی بانده مافیاییه‌كانه و ئه‌و قاچاخچییانه‌ش كه هاوڕێی كۆچه‌ران و مشورخۆری په‌یداكردنی ئۆتۆمبێل و به‌له‌من یان رێنوێنی رێگاكانی پیاده‌ڕۆیین، وه‌ك مووچه‌خۆری سه‌رۆكی بانده‌كانن و كارده‌كه‌ن تا له‌ڕێی ئه‌و لایڤ و دیدارانه‌وه كه له په‌یجه‌كانیانه‌وه بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، وه‌ك لایه‌نێكی بره‌وپێدان و هاندان پاره‌یه‌كی زۆرتر بۆ سه‌رۆك بانده‌كان په‌یدا ده‌كه‌ن، تا به‌گوێره‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی بۆ هه‌ر نه‌فه‌رێك دیاریكراوه، ئه‌وانه رێژه‌ی خۆیان پێ ببڕێت، بۆیه ده‌یانه‌وێت زۆرترین نه‌فه‌ر بۆ قاچاخچییه گه‌وره‌كان له‌خشته‌به‌رن، به‌وه‌ش زۆرترین بڕ پاره‌یان به‌پێی ئه‌و رێژه‌یه ده‌ست بكه‌وێت كه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی بانده‌كان له‌سه‌ری رێكه‌وتوون و ته‌نانه‌ت خودی ئه‌و قاچاخچییانه‌ی رووكاری پرۆسه‌كه هه‌ندێك جار ده‌بنه قوربانی و له‌گه‌ڵ نه‌فه‌ره‌كاندا یان ده‌گیرێن یان ده‌كوژرێن و ئه‌وانه‌ش كه له‌پشتی پڕۆسه‌كه‌وه وه‌ستاون خه‌ڵكانی ده‌ستڕۆیشتووی ئه‌و وڵاتانه‌ن و نفوزیان له‌ناو پۆلیس و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كانیاندا هه‌یه و به‌رووكه‌ش كه‌سانی به‌ڕێزن و له‌بنه‌وه‌ش سه‌رقاڵی قاچاخچێتین به گیانی كۆچه‌ران و چه‌ك و ماده‌ی هۆشبه‌ر و…هتد.