مەریوان مەسعود

دوو نامەی شەوێك بەر لە ئیعدام

  2021-11-06 19:05      75 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەی هاوار بەماڵم دەڵێت: هەوڵێكی كەم بدەن تەرمەكەم وەربگرنەوە
لەیەكێك لە گۆشەكانی رابردووم، باسم لە نامەی زیندانی شەهیدێكی قارەمان كردبوو، كە لە ژووری ئیعدام نووسبیووی وەكو وەسیەتنامەو لە راستیدا زۆرترین خوێنەرو كاردانەوەی هەبوو بە بەراورد بە گۆشەكانی ترم. لەو رۆژەوە نامەیەكی زۆرم بۆ دێت داوا دەكەن چەند نامەیەكی تری زیندان شرۆڤە بكەم و بیخەمەڕوو، وا ئەمجارەش دوو نامەی تری زیندان دەخەمەڕوو كە لەكتێبی (دیاری ئازادی- نامەكان لەزیندانەوە) وەرمگرتوون.

دوو نامە زۆر سەرنجیان راكێشام كە لە ژووری ئیعدام نووسراون، كە بە ئەزموونی خۆم یەكێكیان كورترین نامەیەو ئەوەی تریشیان درێژترین نامەیە، وا لێرەدا سەرنجیان لەسەر دەدەم:
نامەی یەكەم كە من بە كورترین نامەی دەزانم، نامەی شەهید حەسەن عەلی نادرەو ساڵی 1955 لە سەنگاو لەدایكبووە، كە لە چالاكییەكی پێشمەرگانەدا لە گەڕەكی خەبات-ی شاری سلێمانی گیراوەو پاشان براوەتە هەیئەی كەركوك و لە 26/11/1978 لە موسڵ لە سێدارە دراوە. ئەم شەهیدە تەنیا بە شیعرێك كە بەدەستوخەتێكی جوان نووسراوە تەعبیر لە هەستی خۆی دەكات لە ژووری ئیعدام تەنیا یەك رۆژ بەر لە ئیعدامكردنی، كە ئەمە دەقەكەیەتی:

دوا وتە
بەسەری مامە
بەو كوردستانە
موصل كراوە بە قەسابخانە
پەتی خنكادن ئەكەم لە گەردن
لە رێی گەل دایە ئەچم بۆ مردن
مەیتم راكێش لەو گۆڕستانە
توخوا رووم بكەن لەو كوردستانە
دایە گیان مەگری، مەڵێ‌ رۆڵەكەم
چەپكێ‌ گوڵ بێنە بۆ سەر گۆڕەكەم

25/11/1978 موصل
*نامەیەكی تر كە من تا ئێستا وەكو درێژترین نامەی زیندان خوێندبێتمەوەو لە ژووری ئیعدام نووسرابێت، نامەی شەهید ئەنوەر حەمەئەمین ئەحمەد ناسراوە بە (هیوا) ساڵی 1951 لە سێوسێنان- قەرەداغ لەدایكبووەو شەوی 23 لەسەر 24/5/1977 گیراوەو لە هەیئەی كەركوك حوكمی لە سێدارەدانی بۆ دەرچووەو لە 12/11/1977 لە موسڵ جێبەجێكراوە.

نامەكەی زیاتر لە 2000 وشەیەو وەكو دەڵێن ئەوەی لە ناخی بووە نووسیویەتی بەناونیشانی (دوا وتەم بۆ هەموو خۆشەویستەكانم) و بەم دێڕە دەستپێدەكات: ئەی چەوساوەو زۆرلێكراوانی جیهان یەكگرن، پاشان دەنووسێت:

دایكی بەڕێزو هەموو خۆشەویستەكانم
سڵاوێكی كۆمۆنیستانە: دایكی خۆشەویست رەنگە پرسیار بكەیت و بڵێیت.. رۆڵە بۆ وات لە خۆت كرد، ئێمەشت بەم دەردە برد.. دایكە گیان: رەنگە زۆرباش بزانیت كە من باسی لەناوچونی خۆمم بۆ كردویت بەم رێگایانە.. ئێستاش وا نەزانیت من لەناوچوم,, نا من و هەموو هاوڕێ‌ شەهیدەكانم هەرگیز نامرین بەڵكو ئێمە سوتەمەنین بۆ شۆڕشە پیرۆزە نوێیەكەمان… كوردستان تینویەتی.. تینویەتی خاكیش بە خوێن نەبێت ناشكێ‌«.

لە بەشێكی تری ئەو نامە پڕ لە ماناو پڕ لە خەباتەی شەهید هیوا دا هاتووە:
«دایە گیان، برا خۆشەویستەكانم: هەوڵێكی كەم بدەن كە تەرمەكەم وەربگرنەوە.. بەڵام ئەشزانم كە بێ‌ ناموسی ئەم دوژمنانە لە ڕادە دەرچوە.. ترسنۆكانە بە دزی گەلەوە لە دارمان ئەدەن.. ئەوە بە چاوی خۆم تائێستا 37 قارەمانی كورد ببینم كە شێرانە ئەیان نركاند بەڕوی دوژمناندا.. ئاهەنگێكی وامان بۆ سازكردن كە هەرگیز لە یاد ناچێت و لە مێشكی دوژمندا هەر ئەزرنگێتەوەو ڕایان ئەچڵەكێنێ‌ چونكو ئەو دوژمنانە خۆیان شەرمیان لەخۆیان ئەكردو سەریان شۆڕ ئەكردو زۆر سەریان سوڕ ئەما لە ئازایی و پاڵەوانی قارەمانانی كورد».

دواتر دەنووسێت:» دایە گیان ئەی هەموو خۆشەویستانم: نزیكی 40 دیناری خۆتان قەرزارم بۆم بدەنەوە ئینجا تەجیلەكە ئەبێتە یادگاری من لە لاتان.. نزیكی 5 دیناریش لای خوشكم ئایلەیە بیداتەوە بە عومەر هەر ئەوانە لەلام ماوە» .

لە كۆتایی نامە درێژەكەیدا شەهید هیوا دەنووسێت: «ئەی خۆشەویستانم: داوام وایە كە ئەم دوا وتەیەم هەڵبگرن با بمێنێ‌ وە هەموو بیخوێننەوە هەتا بازێك لە هاوڕێكانیشم وە خزمەكانم.. وە هەموو ساڵێك ئەگەر بۆتان كرا یادمی پێ‌ بكەنەوە لەو رۆژەی كە تیایدا ئەدرێم لە سێدارە و بە پەتی بەعسی فاشست ئەخنكێم».

*لە نامەی یەكەمدا كە تەنیا بە كۆپلە شیعرێك دوا وتەی بەر لە ئیعدامكردنی نووسیوە، ئەوەندە جوان و سادە نووسراوە دڵت پڕ دەبێت بە تایبەت كاتێك داوا دەكات «توخوا رووم بكەن لەو كوردستانە»، واتە داواكارە كە شەهیدكرا رووی بكەنە كوردستان كە لەپێناویدا شەهید بووە.

شەهیدەكەی تریش كە نامە درێژەكەی نووسیووە، دەبێت چ لەوە خەمبارتر بێت خۆی بە قەڵەمی خۆی بنووسێت : هەوڵێكی كەم بدەن كە تەرمەكەم وەربگرنەوە.. ئەی هاوار بە ماڵم داوای ئەوەت هەبێت تەرمەكەت وەربگرنەوە و 37 پێشمەرگەشت بینیبێت كە پێش تۆ ئیعدامكراون… گەلۆ بەخوا ئەمە كوردایەتی راستەقینەبوو.. !.

وتاری زیاتر



یەكێتی و دەستووری گەلپەسەند‬ مەریوان مەسعود
2021-10-31 18:56      57 جار بینراوە


نامە ناودارەكەی دۆستۆیڤسكی‬ مەریوان مەسعود
2021-10-16 17:07      62 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو