نەرمین عوسمان

زیندووكردنەوەی حیكایەتە كۆنەكانی كەركوك

  2021-11-05 18:27      73 جار بینراوە        کۆمێنت

كەركوك شارێكی دێرینە و لە هەموو قۆناغەكانی ژیانیدا، بەتایبەت لە سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهان و سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە زیاتر چاوی كەوتۆتە سەر و بۆتە جێگەی سەرنجی هێزە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان، تەنانەت ئەوەش راستە كە دەوترێت رێككەوتننامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970 بەشی زۆر بەهۆی كەركوكەوە جێبەجێ نەکرا.

لە چوارچێوەی ژیانی سیاسیی كوردستان و عیراقدا، كەركوك بۆتە حیكایەت، بەلای كوردەوە ئەو حیكایەتە حەقیقەتی هەیە، ئەویش ئەوەیە بە بەڵگەی مێژوویی شارێكی كوردستانییە، بەڵام بەلای ئەوانی ترەوە حیكایەتێكی دروستكراوە و رەنگی پارە و بۆنی نەوتی گرتووە.

لە ژیانی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی كەركوكدا زیاتر لە تەنگەژە و شەڕ، پێكەوەژیان یان لێكتێگەیشتن بینراوە، راستە لە هەر نەتەوە و پێكهاتەیەكی ئایینی كەركوكدا خەڵكی دەمارگیر هەبووە، بەڵام ئەگەر سیاسەتی راسیستی و پیسخۆریی ئابووری و بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز و هەرێمایەتی نەبوایە ئەوا كەركوك حاڵی وەكو ئێستا نەدەبوو.

كورد و توركمان لە گەڕەکەکان دراوسێی یەكتر بوون، پێكهێنانی شەوچەرەی زستان و بەشداریكردن لە بۆنەی خۆش و ناخۆشی یەكتردا، درێژكردنی دەستی هاوكاری لەكاتی تەنگانەدا، بەشێكی جوانی ژیانی شارەكە بوو.

كورد زیاتر نەتەوە ستەملێكراوەكەی كەركوكە، زۆرینەی زۆری عەرەبی كەركوك هاوردەكراون، زۆرێک لە توركمانەکان ئەسڵ نین و كاتی خۆی زۆرێکیان بوونەتە فەرمانبەری دەوڵەتی عوسمانی، بەرژەوەندییان وای خواستووە ناوی خۆیان بنێن توركمان، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی زروف و زەمانەوە كورد زیاتر هاوكاریی كردوون، بەڵام لە پێش پرۆسەی ئازادی و دوای رزگاركردنی عیراقیش، زۆرینەی سیاسییەكانیان دژی پڕۆژەی كوردستانیی لە كەركوك وەستانەوە، بەڵام توركمانی زۆریش هەن کە دۆستی كوردن و دەزانن حیكایەتی كورد بۆ كەركوك راستە و حیکایەتی دوو نەتەوەكەی تر دروستكراون.

ئەو عەرەب و توركمانانەی پێش دروستبوونی دەوڵەتی عیراق لە ساڵی 1921 لەناو كەركوك و دەوربەری جێگیركراون، بوونە واقیعی حاڵ و دەبێت مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، بەڵام ئەو عەرەبانەی بەمەبەستی گۆڕینی نەخشەی دیمۆگرافی شارەكە و بە پلان هێنراونەتە كەركوك، هۆكاری دروستكردنی كێشەی زۆرن و بەردەوام ئاژاوە دەنێنەوە.

پێكەوەژیانی نەتەوەكانی كەركوك پێویستی بە زیندووكردنەوەی حیكایەتە كۆنەكانە، حیكایەتی دۆستایەتی لە بری دوژمنایەتی، خۆشەویستی لەبری رق، بەختەوەری لەبری شەكەتی، رێكەوتن لەسەر ئاوەدانی و جوانتركردنی كەركوك لەبری خوێنڕشتن و پەرتەوازە بوون كە هەموو لایەكیش دەزانن هەر خەڵكی شارەكە زیانی پێدەگات.

دەرفەتی باش هەیە بۆ ئەوەی نەتەوەكانی كەركوك و پێكهاتە ئایینییە جیاوازەكانی شارەكە، تەنها لەبەر داهاتووی خۆیان و شارەكەیان بگەڕێنەوە بۆ زیندووكردنەوەی حیكایەتی ئەو ساڵانەی کە زیاتر رێزیان لەیەكتریی دەگرت و ژیانیشیان خۆشتر بوو، نەک وەك ئەوەی ئێستا كە بۆنی خوێنی لێدێت.

وتاری زیاتر


تۆ لەجەستە زیاتری‬ نەرمین عوسمان
2021-11-27 22:51      72 جار بینراوە

حەمید دەروێش؛ شێخی كوردایەتی‬ نەرمین عوسمان
2021-10-24 17:35      71 جار بینراوە


شەڕی بڕینەوەی داربەڕوو‬ نەرمین عوسمان
2021-06-03 11:02      121 جار بینراوە





شەڕ بەرەو کوێ؟‬ نەرمین عوسمان
2019-05-19 16:04      319 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو