هەنووکە ئەگەرەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیراق بە ئاراستەی دوورکەوتنەوەیە لە حکومەتی تەوافوقی و رۆیشتنە بەرەو حکومەتی زۆرینەی سیاسی، وەک لە دوایین تویتیدا سەرۆکی رەوتی سەدر بە پێچەوانەی سەرنجەکانی پێشووی، ئاماژەی بۆ کردووە، باشترین بژاردە سازانی لایەنە ناکۆکەکانە لەناو یەک بەرەی زۆرینەی نیشتمانیدا «شیعە و کورد و سوننە» تا لە ئامانجی پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسی کاریگەردا هەماهەنگی بکەن بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی بەهێز.
ئەم تێڕوانینەی سەدر لەنێو ماڵی شیعەدا هەر زوو پێشوازیی لێدەکرێت و هەردوو قەوارەی «دەوڵەتی یاسا و رەوتی حیکمە «بەپڕۆژەی ستراتیژی لەپێشینەی خۆیانیان دانا و بە گرنگیەوە لەم وەرچەرخانە سیاسییەی سەدر دەڕوانن، لایەنە ناڕازییەکانیش ئەوانەی کورسییەکانیان لە کورتی داوە، بێ هیوا بوون و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رابگەیەنرێت یان نا، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ژمارەی کورسییەکاندا دەستەبەر ناکات و وێنەی ئەو ئیئتیلافانەیان لەلا روونبۆتەوە کە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەمجارە بە گەورەترین قەوارە دەژمێردرێت و سەرۆک کۆمار ناچار بە راسپاردنی پاڵێوراوەکەیان دەکات، بەڵام بەبێ بەشداریپێکردنی کوتلە گەورەکان ناتوانرێت زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی بۆ یەکلایی بکرێتەوە.
کەواتە باشترین بژاردە بۆ شیعەکان کە پێی بگەن «بە هەردوو کوتلەی گەورە و ناڕازیەکانیشەوە» پێکهێنانی زۆرینەیەکی شیعیە لە «رەوتی سەدر و بازنەی هەماهەنگی» ئەویش بۆ دوو ئامانج؛ یەکەمیان بەو قەوارە گەورەیەوە نێوماڵی شیعە ئەهوەن دەبێتەوە و ناڕەزایی هەندێک لایەنی ناڕازیی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش دادەمرکێتەوە، بەمەش دەرگا بۆ لایەنی شیعە دەکەوێتە سەر پشت تا باشتر لەگەڵ سوننە و کورددا بکەونە دانوستانی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەوە، بەتایبەتی کە دەزانن زۆرینەی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن لەنێو کورد دا بۆ بەشداریی لەو حکومەتەدا خۆیان سازداوە و بە دڵنیاییشەوە سوننەکانیش بەتایبەتی کوتلەی «تەقەدوم» بە بەشی خۆیان لەو کابینە هاوبەشەدا رازی دەبن.
دووەم: بەم هەنگاوە مەترسییەکانیان لە هەوڵەکانی سەدر بۆ لەقاودانی رۆڵی حەشدی شەعبی لەلایەک و گەرەنتی لە دووبارە دانەنانەوەی مستەفا کازمی لە لوتکەی کابینەکە مسۆگەر دەکەن کە پێشمەرجی کوتلە نەیارەکانی سەدرە. ئەوسا بۆیان ئاسانتر دەبێت جێگرەوەی کازمی یان لەناو کوتلەی سەدردا پێشنیاز بکەن، یان لانیکەم سەدرییەکان بە کاندیدێک لە دەرەوەی کوتلەکەیان رازی بن، ئەویش بە لێکتێگەیشتنی هەموان لە رێگەی سازانەوە یەکلایی بکرێتەوە.
ئەوەی جێی هەڵوێستەیە، حکومەتی زۆرینەی سیاسی لە دۆخێکی وەهادا رۆڵی سوننە و کورد دەکاتە حزورێکی شکڵیی و تەنها بۆ رەنگڕێژیی و سەلماندنی ئەجێندای زۆرینە و دامرکاندنەوەی شەقام لە پێدانەوەی پۆستە تەشریفاتییەکاندا پەنای بۆ دەبرێت، دەنا شیعە «ئەگەر بتوانێت خۆی رێکبخاتەوە»، بەم زۆرینەی رەهایەوە هەر کارنامەیەک بیانەوێت لە قودرەتیدا دەبێت جێبەجێ بکات و هەر هەنگاوێکیش بۆ گۆڕینی سیستمی حکومڕانی هەڵیبگرێت جێی خۆی دەگرێت جا ئەگەر بە گۆڕین و دەستکاریکردنی دەستووریشەوە بێت!