لەزۆربەی وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان، یان ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت بچنە دنیای پێشکەوتووەوە کە ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان گرێدراوی ئەو جیهانەین و لەسەرەتای هەنگاوەکانمانداین بۆ تێکەڵبوون بەو دنیایە و زۆر بەپەلە هەموو شتێکمان تێکەڵکردووە و بێگومان پەروەردەش بەشی سەرەکی ئەو دنیا جەنجاڵەی بەردەکەوێت، دوو گرفتی سەرەکی دووچاریان دەبێت،
یەکەم: زیادبوونێکی زۆر خێرای داخوازی فێربوون لەم ساڵانەی دواییدا، بەجۆرێک حکومەتەکان دەستەوەستان بن لەئاست بەدیهێنان و دەستەبەرکردنی سەرجەم پێداویستییە مادی و مرۆییەکان کە لەتوانایدا هەبێت سەرجەم ئەو داخوازییانە بەشێوەیەکی دروست و لەبار پڕبکاتەوە.
دووەم: گەشە و هەڵکشانی فێربوون لەسەرجەم رووەکانییەوە بەشێوەیەکی ناڕێک و ناهاوسەنگ، دەبینین هاوسەنگیەکی لەبار لە نێو قۆناغەکانی خوێندن و بابەتە فێرکارییەکاندا نییە، کەڵەکبوونی بابەتە فێرکارییەکان لەهەندێ قۆناغ و ئاستی خوێندندا بە نەگونجان لەگەڵ پێویستی و داخوازییەکانی ئەو قۆناغە بێجگە لە کێشەو سەرئێشە بۆ فێربوون و زیادکردنی رووخساری بێ ناوەڕۆکی فێرکاری هیچی تری لێ بەدینەهاتووە.
ئاشکرایە رێچارەی ئەو گرفتانە تەنها بە پلانی بابەتیی و لۆژیکی و بەدیراسە و ستراتیژێکی زانستیانە دەبێت، مەبەست لە پلان چارەسەری کاتیی و لەپڕ و پینەوپەڕۆکردن نییە، پلان بەتەنها بە وشەی سەرکاغەز و بەرنامەی گەورە و جێبەجێنەکراو لە زەمینەی واقیع نابێت، سیستەمی پەروەردە سیستەمێکی پێکەوە گرێدراو و هەمەلایەنە، ناکرێت هیچ لایەنێکی لەسەر لایەنێکی تر راستبکرێتەوە، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت کارەساتێکی حەقیقییە و دەبێت بە هۆشمەندییەوە لێی بڕوانین و هیچ پاساوێکی کەسیی و حزبی و بیروبۆچونی کەسیی نەکرێتە هۆی خۆ لێبەریئکردن یان خۆلادان لە بەرپرسیارێتییەکە، ئەرکی حکومەت و وەزارەتی پەروەردەیە منداڵێک لەدایک دەبێت بزانێت مافی باخچەی منداڵانی هەیە دوای پێنج ساڵی تر و پێویستی بەکورسییەکی خوێندن هەیە لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن و تادەگاتە قۆناغی زانکۆ مافی بنەڕەتی خۆیەتی کە وەربگیرێت و بە هەر نمرە و ئاستێکەوە بێت.
بینینی کێشەکان لە یەک دەلاقەوە و وەلانانی هەموو ئەو دەلاقانەی کە حەقیقەتی دیمەنەکە دەردەخەن نامانگەیەنێت بە چارەسەری دروست و بنیاتنەرانە، بەخۆداچوونەوەی پەروەردە ئەرکێکی نیشتیمانییە و دەبێت هەموو دڵسۆزان و خەمخۆرانی پەروەردە و فێرکردن و شارەزایان و پسپۆڕانی بە ئەزموون هاوبەشیی پێ بکرێن و هیچ بەربەستێکی حزبی و ناوچەیی و بیروبۆچوون نەکرێتە کۆسپ لە بەردەم ئەو کەسانەدا بۆ کارکردن، بەداخەوە قەتیسکردنی پلە و پۆست و شوێنە ئیدارییەکان و بڕیاردانە پەروەردەییەکان لەنێو کۆمەڵە کەسانێکدا زۆرجار پلانە ستراتیژی و چارەنووسسازەکانی بەردەم گۆڕانکاری و بەرەوپێشەوەچوونی پەروەردەی وەستاندووە.
لەلایەکی ترەوە و دەرەقەت نەهاتنی کەرتی حکومی لە پەروەردە بە بەرامبەر لەگەڵ کەرتی تایبەت، رۆژانە پەروەردەی جۆریی لە کەرتی حکومیدا لاواز دەکات و خواستی لەسەر کەم دەبێتەوە، هەڵسەنگاندنی دروست بەوە ناکرێت تەنها پەنجە بخرێتە سەر کەمووکوڕییەکان، بەڵکو بەوە دەبێت کار بە دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنەکان بکرێت، بەتایبەت لەلایەنە کارگێڕییەکاندا، چونکە سەرجەم لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئەوەیان سەلماندووە گۆڕانکاری ریشەیی روونادات ئەگەر لە بنکەوە دەستپێنەکرێت.
پلانی سەرکەوتوو بۆ پەروەردەیەکی باشتر ئەو پلانەیە سەرجەم کۆمەڵگە و بەرژەوەندییەکانی تێدا بەشدار بن نەک لەقازانجی بەشێک یان کەسانێکدا بن، ئەگەر پەروەردە بیەوێت لەقەیرانی ناپەروەردەیی دەرباز بێت دەبێت بگەڕێتەوە بۆ پەروەردەیەکی دوور لەدەستێوەردانی مەزاج و کەسیی و حزبیی لەبڕیار و دەسەڵات پێداندا.