سەرەتای ئەم هەفتەیە دوای چاوەڕوانییەکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە بەگشتی، شەپۆلێکی بارانبارین روویکردە ناوچەکەمان و زۆربەی خەڵکی خۆشحاڵ کرد، بەتایبەتی ئەوانەی گرنگی بە کەشوهەوا و کشتوکاڵ دەدەن، ئەوەش لەدوای تێپەڕاندنی ساڵێک زیاتر لە بێ بارانی و وشکەساڵی، هاوکات کەم نەبوون ئەوانەش کە نیگەران بوون لەو شەپۆلە بارانە کە لەهەندێک ناوچەدا لافاوی بەخوڕی لێکەوتەوە و زیانی ماڵی و مادیی زۆریان لێکرد.
ژینگە و کەشوهەوا و پلانی شارسازی
ئەوەی ئاساییە ئەوەیە، کە بەگشتی نە بەگوێرەی پلانی شارسازی لە کوردستان و نە بەگوێرەی پێشبینی ئەو گۆڕانە گەورانە شارەکان دروستبوون کە لەم 100 ساڵەی دواییدا رووی لە سەرجەم گۆی زەوی بەگشتی و ئەم ناوچەیە بەتایبەتی کردووە، کە بەشێکی دیاردەی بە بیابانبوونی گرتۆتەوە و بەشێکیشی کەوتنەوەی لافاوی لێکەوتۆتەوە کە لە هەندێک ناوچە شوێنەواری کاولکارییەکەی بەراورد بە ناوچەیەکی دیکە زیاترە.
پاساو بۆ قسەکردن بە نەشارەزایی
بگەڕێینەوە سەر باسی شەپۆلە بارانەکەی رۆژانی رابردوو، ئەوەی بینیمان مایەی نیگەرانی هەموو خەڵک بوو، چونکە بەهۆی ئەو دۆخەوە کۆمەڵێکی زۆر لە هاووڵاتیان زەرەرمەند بوون، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانیی زیاترە بەناوکەوتنی هەندێک کەسە لە قسەکردن لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەوە بەگشتی و کردنێتی بە بابەتێکی رەخنەیی لە کایەی سیاسیدا، چونکە مەسەلەی لافاو و ئاگرکەوتنەوە و بە بیابانبوونەی ئەمڕۆ رووی لە جیهان بەگشتی کردووە، تەنها تایبەت نییە بە شەڕە دەنووکی زۆنی سەوز و زەرد، بەڵکو ئەوە بابەتێگەلێکە کە ساڵانە لە جیهاندا روودەدەن و ساڵانەش لەسەر ئاستی لووتکە یان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی بواری ژینگە و تەندروستی کۆنگرە و کۆنفرانس و کۆڕبەند و پانێلی گەورەی بۆ رێکدەخرێت.
نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، کە ئەگەر لە ساڵانی رابردوودا دەزگاو دامەزراوەی ئەوتۆ لە ئارادا نەبووە چ بۆ زانینی رێژەی ئەو وێرانکارییانەی کە گۆڕانی خێرای کەشوهەوا و ژینگە رووبەڕووی ناوچەکەی دەکاتەوە و چ کاتی خۆی لە بنیاتنانی شارەکاندا لەسەر بنەمای پلانی شارسازیی هەندێک شار دروستنەکرابێت و ئەمڕۆ بە دیفاکتۆ وەک شار مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەوا ئێستا پێویستە حکومەت لە هەر حزبێک و هەر ئاراستەیەک بێت هەم بڕی بودجەی پێویست بۆ راگرتنی باڵانسی ژینگە لە وڵاتدا دابین بکات بۆ رێگریی لە دیاردەی بە بیابانبوون و هەم لە بنیاتنان و دروستکردنی شەقام و بەرزەپرد و تونێل و رێگەوبان و شارە نوێیەکاندا رەچاوی ئەو پێداویستیانە بکرێت، کە دەبنە مایەی دووبارە نەبوونەوەی ئەو کارەساتانە.
ئەم هەڵڵایەی لەسەر لافاوێک یان ئاگرکەوتنەوەیەک لە هەولێر یان سلێمانی یاخود لە هەر ناوچەیەکی دیکە بە گلەیی و کۆمێنت و نوکتەی سیاسی دەخرێتەگەڕ نابنە رێگر لە دووبارە و چەندبارە نەبوونەوەی، بەڵکو ئەوە ئەرکی شارەزایانی ژینگە و ئەندازیارانی پسپۆڕە قسەی جدیی لەسەر بکەن و چارەسەری لانیکەمی بۆ بدۆزنەوە و ئیدارەی پارێزگاکانیش گوێ لەو پسپۆڕانە بگرن، چونکە هەندێک لەو پڕۆژانەی کە جێبەجێ دەکرێن زیاتر رووکەش و بۆ میوانی بیانییە، ئەرکی حکومەت ئەوەیە ٪75 ی پڕۆژە و بودجەی بۆ خەڵکی وڵاتەکە بێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ کەمالیات و جوانکاریی بێت، نەک بە پێچەوانەوە، بۆیە دەبێت هەر بابەتە و لە رشت و کایەی خۆیدا و لەلایەن خەڵکانی پسپۆڕی ئەو بوارەوە قسەی لەسەر بکرێت، نەک هەموو کایەکان بە سیاسی و لە سیاسیشدا بە حزبی بکرێن، چونکە هەر حزبێک حکومڕان بێت، ئەو رێوشوێنانە جێبەجێ نەکات کە شارەزایان و پسپۆڕان تەرحی دەکەن، لەوەی ئێستا باشتری پێناکرێت.