برایم محێدین عارف

هەڵبژاردن و گۆڕانکاریی گەورە

  2021-11-01 17:00      68 جار بینراوە        کۆمێنت

تاکە دەروازەی رێگەی سیستمی دیموکراسی بێ کێشە و دەرگای گۆڕانکاریی هەڕەمی دەسەڵاتی حکومەتەکان لەم سەردەمەدا هەڵبژاردنە.

هەڵبژاردن واتا بەشداریکردنی ئارەزومەندانەی ناڕاستەوخۆی کۆی هاووڵاتیان لە دروستکردنی هەیکەلی سیستمی ئیداریدا. ئێستا زۆر کەم سیستم بە خۆسەپاندن و کودەتا جڵەوی حوکم دەگرنە دەست لە جیهاندا، ئەگەر کودەتاش رووبدات، بۆ ماوەیەک حکومەتێکی کاتی یان راگوزەر دروست دەبێت، دواتر هەڵبژاردن دەکرێت، تەنانەت سیستمە دیکاتۆرەکانیش جارجارە شەرعییەت دەدەن بە هەڵبژاردنێکی رووکەش و کەسە یەکەمەکان دەسەڵات دەگرنەوە دەست.

ئەگەر لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراسیدا، گۆڕانکاری گەورە نەهاتەدی، ئەوە مایەی تێڕامانە، هەڵبژاردنی زۆربەی وڵاتانی خۆرهەڵات و وڵاتە دواکەوتووەکانی جیهان، کەم گۆڕانکاری بەخۆوە دەبینن و هەنگاونان بۆ گۆڕانکاری سستە، چونکە زۆربەی حزبەکان و سیستمەکەیان وەک مۆتەکەی هەمیشەیی دەستیان بەسەر تێکڕای جومگەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتدا گرتووە و بە زۆرەملێ و خۆسەپاندن چوونەتە ناو دەزگاکانی حکومەتەوە.

کاتێکیش هەڵبژاردن دەکرێت، هەر دەنگی خۆیان دێننەوه، دەنگدەرێکی تا رادەیەک چەسپاویان هەیە، ئەگەر لە هەڵبژاردنی بێ گۆڕانکاری گەورەی وڵاتە پڕکێشەکاندا سیستمەکان لە روخساریشدا بگۆڕێن، لە ناوەڕۆکدا هەمان هەیکەلی پێشوون، ئەمە وا دەکات خەڵک جاڕس بن لە هەڵبژاردن و ئومێدیان بە گۆڕانکاریی نەمێنێت.

لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی عیراقدا، ئاسۆی پێکهێنانی حکومەت روون نییە و پێکهێنانی حکومەت رێگریی زۆری لە پێشە، رەنگە بەشداریی ئەو رێژە کەمەش لە هەڵبژاردندا هێڵی راست و چەپ بەسەر رۆڵی هەندێ حزبی پێشتری هەڕەمی دەسەڵاتدا بهێنێت، بەوەی لە هەڵبژادندا کێرڤیان دابەزیوە، حزبەکانی پێش هەڵبژاردنیش دەیانەوێت هەرخۆیان جڵەوی بەشداریی پێکهاتەی هەڕەمی دەسەڵات بگرنەوە دەست بە هەمان فۆڕمی پێشووتر، بە کورسیەک زیاتر یان کەمتر، لەم ئەگەرەدا گۆڕانکاریش رووبدات، گۆڕانکاریی گەورە و ریشەیی نابێت، لەکاتێکدا چەندین جار خۆپیشاندان دژی سیستمی حوکم و حزبەکانی پێکهاتەی دەسەڵات کراوە بۆ گۆڕانکاری، چونکە بەرنامەی حزبەکان هەمان بەرنامەی پێشووە. کەواتە بارودۆخی دوای هەڵبژاردن، هەمان بارودۆخی نەگۆڕاوی پێش هەڵبژاردنە، ئەگەر حزبەکان بە هەمان فۆرمەلەی پێشوو حکومەت پێکبهێنن، هیچ لە بارودۆخی سیاسی ناگۆڕێت، تەنها رووخسارەکان لادەچن، بێ گۆڕانکاری گەورە، کە ئەمە پێچەوانەی دەنگدانی ئەو خەڵکەیە کە عەوداڵی گۆڕانکاریین بۆ بەرژەوەندیی کۆی خەڵک.

کێشەکەش بوونی هێزی میلیشایی حزبییە، کە بە روخسار لە چوارچێوەی رێساکانی حکومەتدان و لە ناوەڕۆکدا دەست رۆیشتووترن لە دەزگاکانی حکومەت. دەستتێوەردانی وڵاتانی دراوسێش بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان، هێندەی تر ئومێدی گۆڕانکاریی گەورەیان لە گۆڕ ناوە.

گۆڕانکارییەکان کە دێنە ئاراوە گۆڕانکاریی بچووکن و هیچ لە ئاراستەی هێڵی پێش هەڵبژاردن ناگۆڕن. رەنگە هەڵبژاردن کێرڤی حزبەکان بەرز و نزم بکات، بەڵام گۆڕانکاریی ریشەیی روو نادات.

وڵات وێرانەیە لە رووی خزمەتگوزارییەوە، حکومەت دەسەڵاتی سنووردارە، بڕیارەکان لای حزبە.

درێژەکێشانی ئەم دۆخە ساڵانێکە بەردەوامە و گۆڕانکاریی پشوویەکی درێژی دەوێت، هەنگاونان بۆ گۆڕینی ریشەیی، هەنگاوی لەسەرخۆیە لە عیراقدا. ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین، هەرچەندە هەڵبژاردنی ئەمجارەی عیراق، ئومێدی گۆڕانکاریی گەورەی لێناکرێت، بەڵام هەنگاونان بۆ گۆڕانکاریی دەستیپێکردووە، ئەمەش مایەی دڵخۆشییە، هەڵبژاردنەکەش بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر کەمترین کێشەی هەبوو، بەبڕوای چاودێره نێودەوڵەتییەکان، چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر گۆڕانکاریی لە هەیکەلی حکومەتی ئایندەدا روو بدات، بەشێک لە داواکارییەکانی خزمەتگوزاریی هاووڵاتیان جێبەجێ بکرێت، ئەوا لە هەڵبژاردنی داهاتووتری عیراقدا، بەشداریی دەنگدەران زۆرترببێت، هەرچەندە هەلومەرجەکان کامڵ و لەبار نین، بەڵام هەڵبژاردن لە دۆخێکی چەقبەستووی بەردەوامدا کەشێکی گۆڕانکاریی بچووکی هێناوەتە ئاراوە، ئەو گۆڕانکارییانەش کە دەکرێن، رەنگە بەشێکی کەم لە داخوازییەکانی هاووڵاتیان دابین بکەن، مەینەتییەکانی جەماوەر هێندە زۆرن، ناتوانن لە پڕ خزمەتگوزاریی تەواو دروست بکات و نادادپەروەرییەکان نەهێڵێت. تاکە رێگەی گۆڕانکاریی گەورە، بەشدارییەکی تەواوی خەڵکە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، لەگەڵیشیدا رەخساندنی زەمینە بۆ دۆخی سیاسیی نوێ، هەنگاونان بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە هەڕەمی داهاتووی حکومەتدا، کارکردنە بە فۆڕمی نوێی سەردەمیانە بۆ دۆخی سیاسیی عیراق و هەرێمی کوردستانیش.

وتاری زیاتر


ماوەی دوای هەڵبژاردن‬ برایم محێدین عارف
2021-10-18 17:08      83 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو