مەریوان مەسعود

یەكێتی و دەستووری گەلپەسەند

  2021-10-31 18:56      66 جار بینراوە        کۆمێنت

جارێكی تر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەرێگەی هاوسەرۆكەكەیەوە، پرسی گرنگیی بوونی دەستووری لەهەرێمی كوردستانی هێنایەوە كایەی سیاسیی و دەیەوێت جارێكی تر ئەم پرسە ئەكتیڤ بكرێتەوە و لەم خولەی پەرلەماندا دەستوورێكی مۆدێرن و جێگەی رەزامەندی هەموو لایەنەكان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بێتە ئاراوە واتا گەلپەسەند بێت.
بافڵ تاڵەبانی بە راشكاوانە لە دیدارە رەسمییەكانیدا دەڵێت: دەمانەوێت لە رێگای دەستوورەوە بنەماكانی دەوڵەتداری و دیاریكردنی تایبەتمەندییەكانی دەسەڵاتەكان رێكبخەینەوە و لە رووی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە ژیانی خەڵك باشتر كۆبكەینەوە و هەموان لە چوارچێوەی دەستوورێكی گەلپەسەند ماف و ئەركەكانیان یەكسان بكرێت.
دیارە، مەسەلەی بوونی (دەستوور) لە هەرێمی كوردستان پێشتر لیژنەیەك بۆ نووسینەوەی رەشنووسەكەی پێكهاتووە و چەند مانگێك پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بڕیار بوو رەشنووسەكە بگاتە پەرلەمانی كوردستان و گفتوگۆ و دواتر پەسەند بكرێت و بخرێتە راپرسییەوە بەڵام دواخرا.
بێگومان، بوونی دەستوور هەموو لایەنەكانی ژیان رێكدەخاتەوە، چونكە وەكو دەزانرێت دەستوور دایكی یاساكانە، جگە لەمەش بوونی دەستوور وا دەكات دادگای دەستووریی هەبێت بۆ ئەوەی ناكۆكی نێوان یاساكان یەكلابكاتەوە و چارەسەریان بكات، هەروەها ناكۆكی نێوان دامودەزگاكانیش هەر لەو دادگای دەستوورییە یەكلادەبێتەوە، هەروەك كۆمەڵێك یاسامان هەیە كە ناكۆكن لەگەڵ یەكتر ئەو كاتە ئەو دادگایە یەكلایان دەكاتەوە و بەرچاوی یاساناسان و هاووڵاتیان بەگشتیی رووندەبێتەوە.
بۆیە پەیامەكەی بافڵ تاڵەبانی روونە لەبارەی دەستوورەوە كە یەكێتی دەیەوێت دەستوورێك لە هەرێم بنووسرێتەوە، كە كۆدەنگی نیشتمانی و رای هەموو لایەنەكان و خەڵكی لەسەر بێت و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پێشخستنی ئەزموونی هەرێم دابڕێژرێت و هەموان لەسایەیدا وەك یەك بن و مافی هاووڵاتی بوون بەرجەستە بكات و لەگەڵ دەستووری عیراقیشدا یەكبگرێتەوە و بتوانرێت خزمەتی زیاتری كۆمەڵگەی پێبكرێت.
دەبێت پەسەندكردنی ئەم دەستوورە هەم پەلەی لێبكرێت و هەنگاوەكانی ئەكتیڤ بكرێتەوە، هەم دەبێت كۆدەنگی هێزە سیاسییەكانی لەسەر بێت، بە عەلمانییەكان و ئیسلامییەكان و هێزە كوردستانییەكان بە گشتی، بۆ ئەوەی یەكڕیزیی گەلەكەمان پارێزراوتر بێت و دەستوورێكی وابێت كە ناكۆك نەبێت لەگەڵ دەستووری عیراق، چونكە ئەگەر وا نەبێت، دواتر كێشەی دەستووریی و یاسایی بۆ هەرێم دروست دەكات، بۆیە دەبێت لەگەڵ دەستووری عیراق یەكبگرێتەوە یان لانی کەم ناکۆک نەبێت.
پێشتر و بەپێی ئەو رەشنووسەی لەلایەن لیژنەی نووسینەوەی رەشنووسەكە ئامادەكراوە و نوێنەری هەموو لایەنە سیاسیی و نەتەوە و ئایینەكانی تێدایە، رەچاوی ئەوە کراوە، چونكە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدایە و ناتوانێت دەستوورێكی پێچەوانە و دژ پەسەند بكات، بۆیە كاتێك رەشنووسەكە دەگاتە پەرلەمان و دەخرێتە گفتوگۆوە، پێدەچێت بە شێوەیەكی گشتیی پەسەند بكرێت و دواتر بخرێتە راپرسییەوە بۆ پەسەندكردنی لەلایەن گەلەوە، بەڵام پێویستە هەم سەرۆكایەتی پەرلەمان و هەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان جەخت لەسەر پەلەكردن لە دەستوورەكە بكەنەوە، بۆ ئەوەی وەكو خولەكانی پێشووی پەرلەمان، ئەم خولەش نەیسپێرێت بە خولی داهاتوو، بەڵكو وەكو هاوسەرۆكی یەكێتی جەختی لەسەركردەوە لە رێگەی دەستوورەوە بنەماكانی دەوڵەتداری و دیاریكردنی تایبەتمەندییەكانی دەسەڵاتەكان رێكدەخرێتەوە، بەمەش بەرچاو روونی زۆر دەبێت و رێگرییەكی باش دەبێت لە بەهەدەردان و گەندەڵیی، چونكە ئەو كاتە دامودەزگاكانی دەوڵەت بە دامەزراوەیی دەكرێن و دەستوورێك دەیانپارێزت.

وتاری زیاتر





نامە ناودارەكەی دۆستۆیڤسكی‬ مەریوان مەسعود
2021-10-16 17:07      68 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو