بورهان شێخ رەئوف

سودان وڵاتی کودەتا یەک لەدوای یەکەکان

  2021-10-31 17:35      452 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمە جاری یەكەم نییە سودان كودەتای سەربازی تێدا رووبدات، خەڵكی ئەو وڵاتە ئاشنایە بەكودەتای سەربازی، زۆرجار بەیانی زوو كە لەخەو رابوون دەور و دوكان گۆڕاوە، ئەزموونە تاڵەكانی ئەوان لە جەعفەر نمیرییەوە تا عەبدولرەحمان سوار زەهب و عومەرحەسەن بەشیر كەم نین، تا دواجار لەبەرەبەیانی 25/10/2021 جەنەراڵ عەبدولفەتاح بورهان كە خۆی پێش چەند رۆژێك هەوڵێكی كودەتای سەربازی شكست پێهێنا، كەچی خۆی كودەتایەكی كرد و عەبدوڵا حەمدۆكی سەرۆك وەزیرانی سودانی دەست بەسەر كرد.
نەك هەر سەرۆك وەزیران،بەڵكو هەموو وەزیرەكان و سەركردە مەدەنییەكانی وڵات دەستبەسەرن لەلایەن سەربازانی نەناسراوەوە، هەرچەندە سوپای سودان هیچ كۆمێنت و لێدوانێكیان نەداوە لەو بارەیەوە، بەڵام لایەنگرانی دیموكراسی و ئازادی داوایان لەگەل كرد بڕژێنە سەرشەقامەكان و ناڕەزایەتی دەرببڕن دژ بە كودەتاك و هەروەها داوای گەڕانەوەی ژیانی دیموكراسی بكەن لەسودان .
هەرچەندە حەمدۆك رۆژی 25/10 دەستگیر كراو خرایە ژێر نشینگەی زۆرەملێ، بەڵام رۆژی دواتر 26/10 ئازادكرا گەڕایەوە ماڵەكەی خۆی بەڵام لە ژێر چاودێری و پاسەوانییەكی ورد و چڕدا .
كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان
تایبەت بەو دۆخەی سودان زۆرێك لە وڵاتانی جیهان بە توندی پرۆتستۆی كودەتاكەیان كرد، لەوانە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و نەرویج و بەریتانیا، ئەو وڵاتانە نیگەرانی و بێزاری قووڵی خۆیان پیشاندا لە دۆخی سودان، هەربۆیە داوایان لە هێزە ئەمنییەكانی سودان كردووە ئەو كەسانەی دەستبەسەر كراون بێ‌ هیچ پاساو و سەنەدێكی یاسایی ئازاد بكرێن، وەكو لەبەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتووە.
كاردانەوە ناوخۆییەكانی سودان
بەگوێرەی راگەیەنراوی بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی تەندروستی سودان، حەوت هاووڵاتی سودانی كوژراون و سەد و چل كەسیش برینداربوون بەهۆی شەڕ و توندوتیژی نێوان سەربازانی سوپا و خۆپیشاندەراندا لە شارەكانی سوداندا لە كودەتا سەربازییەكە بە سەر حكومەتی مەدەنی ئەو وڵاتەدا.
دیبلۆماتكارانی سودان پشتگیری گەل دەكەن
بەشێكی زۆری دیبلۆماتكارانی سودان وەكو لە زاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی سودانەوە راگەیەنراوە، زیاتر لەدوازدە باڵوێزی سودان دژی بەیاننامەی كودەتاكەن، لەوانە باڵوێزان لە ئەمریكا و چین و فەرەنسا، باڵوێزەكانی سودانیش لە بەلجیكا و یەكێتی ئەوروپا و جنێف و ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و توركیا و باشوری ئەفریقیا و قەتەر و سوید و كەنەدا بەیاننامەكەیان ئیمزا كردووە دژ بە كودەتاكە.
رێكارەكانی كودەتای ئەمجارە
وەكو هەر كودەتایەكی تر لە وڵاتان، كودەتاچییەكان لە سودان هێڵ و خزمەتگوزاری ئەنتەرنێتیان لە هاووڵاتیان بڕیوە بۆ ئەوەی رێ لەپەیوەندی هاووڵاتیان بگرن، فڕۆكەخانەی خەرتوومی پایتەخت داخراوە بەڕووی ڕێبواران و گەشتی فڕۆكەكاندا، بارودۆخی كتوپڕ راگەیەنراوە و حوكمی سەربازی سەپێنراوە .
ئەگەرچی لە ساڵی 2019 ەوە، دوای رووخانی حوكمی بەشیر سوپا و هێزە سیاسییە مەدەنییەكان بە هاوبەشی حوكمڕانی سودان دەكەن، بەگوێرەی رێكەوتنێك دەسەڵاتیان بەش كردبوو لەنێوان خۆیاندا، سوپا و هاوپەیمانێتییەكی فشەڵ لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا كە بەهێزەكانی ئازادی گۆڕانكاری ناسراون، ئەنجومەنی سیادەیان راگەیاند بۆ سەركردایەتی راگوزەر، كە بڕیاربوو بۆ ماوەی ساڵێك فەرمانڕەوایی وڵات بكەن بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و گواستنەوە بەرەو فەرمانڕەوایی مەدەنی، كە دواتر خۆیان كودەتایان بەسەردا كرد . بەڵام ئەم رێكەوتنە هەمیشە دابەش بووبوو، بە هۆی بوونی چەند لایەنێكی زۆر و ناكۆك، هەروەها لەناو سوپاشدا دابەش بووبوون بەسەر بەرەی جیاوازدا.
فەرماندەی سوپای سودان چی دەڵێت؟
عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی گشتی سوپای سودان لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، سوپای وڵاتەكەی بۆیە دەسەڵاتی وڵاتی گرتۆتەدەست بۆ ئەوەی بەر لە خوێنڕشتن و بەریەكەوتن وشەڕی ناوخۆیی بگرێت، چونكە ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكان وڵاتی تووشی بنبەست كردبوو، كە دۆخی سودان بەرگەی نەدەگرت.

وتاری زیاتر





شایی‌ بگێڕین یان شین؟‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-12-19 17:31      161 جار بینراوە


























نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو