مەحمود عەبدولكەریم باجەلان

پەروەردەی جۆریی، رووخسار یان ناوەڕۆک؟

  2021-10-30 22:08      96 جار بینراوە        کۆمێنت

پڕۆسەی بنیاتنانی تواناکان، پرۆسەیەکی بابەتی و زانستیی گرنگە، ئامانجی بەرەوپێشبردنی رەوتی پەروەردەیە بەرەو پەروەردەیەکی باشتر، بە جێبەجێکردنی ستانداردەکانی قوتابخانە و خوێندنگەکان، لە رێگەی بەڵگەی دروست و واقعی و بابەتی و دەستەبەری رێوشوێنە زانستییەکان و پلانی پەرەپێدانی قوتابخانە.
دەمەوێت بڵێم، ئەم پرۆسەیە وەک لایەنی تیۆری، داڕشتنێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی پەروەردە لە نێو بیرکردنەوەی تاکەکەس و میزاج و بۆچوونی کەسی دەرباز بکرێت و بکرێت بەپرۆسەیەکی بابەتی و بنیاتنراو لەسەر داننان بەحەقیقەت و ئاڵنگارییەکانی رێگەی پیشکەوتن، بەڵام ئەوەی کێشەیە لە بەردەم بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە، تێکەڵییەکە لە نێوان تێنەگەیشتن لە کواڵیتی پەروەردە و جیانەکردنەوەی روخسار لە ناوەڕۆک.
بێگومان ژینگەی دەرەکی کاریگەریی زۆری هەیە و گرنگە، هەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەر روودەدەن، هەر یەکە و بەشێوەی خۆی کاردەکاتە سەر کواڵیتی لە پەروەردە و فێرکردندا، بەڵام تەنها رازاندنەوەی دەرەوە، ئەگەر کاری جدی بۆ ناوەڕۆک و کاکڵەی پەروەردە نەکرێت، ئەستەمە هیچ لە ئەدا بگۆڕێت و پەروەردەیەکی باشتری لێ بەرهەم بێت.
لە دنیای پێشکەوتوودا، لایەنە مەعنەوییەکانی پەروەردە زۆر بەبایەخەوە تەماشا دەکرێن و بڕوا و متمانەبوون، ئەرێنێتی و بنیاتنەرانە و ئارەزوو بۆ گۆڕانکاری لە ناخی تاکەکاندا دەچێنرێت، هەر ئەوەشە کە ئەو وڵاتانەی خاوەن سەروەتێکی ماددیی زۆرنین بەڵام بە مەعریفە و زانست و پەروەردەیەکی دروست و پۆزەتیڤ بوون بەپێشەنگی تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتنەکان.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشمان بڕیوە، بەڵام هەڵەتێگەیشتن و هەندێ بابەتی رووکەش، زۆرجار ئەو وزە و توانایانە بەهەدەر دەدات کە دەکرێت لە برەودان بەتوانا مرۆییە راستەقینەکاندا خەرجبکرێت.
بۆ نموونە، لە رابردوودا کاتێک پەروەردە بودجەیەکی زۆرباشی لەبەردەستدا بوو، دەکرا ئەپدەیتێکی کاریگەر بۆ توانا و فەرهەنگی گشتی مامۆستایان بکرێت، بەئەزموونی نێودەوڵەتی و پێشکەوتوو، نەوەیەکی پڕ بەهای زانستی بەرهەم بهێنرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکراوە، بۆیە ئێستاش شێوازی وانەوتنەوە و بنەما سەرەکییەکانی بەکارهێنانی هۆی فێرکردن و سوودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای نوێ لە ئاستی پێویستدا نییە، پلان و ئامادەکاریش کەمترین رۆڵی هەیە لە بیرکردنەوەی مامۆستادا و زیاتر کارەکان لە خۆوە و بێ بەرنامە بەڕێوەدەچن، زۆرترین کێشەی پەروەردەی ئێستا لە فێربوون و فێرکردندایە، کێشەکان لە ناو پۆلەکانن، لە شێوازی بەڕێوەبردنی پۆلەکانن، لە شێوازی پرسیارکردن و گفتوگۆ و گوێگرتن و وەڵامدانەوەکانن لە ناو پۆلەکاندا، کارگێڕی و سەرکردایەتی قوتابخانە و خوێندنگەکان لە پلەی دوودا دێن لە کاریگەریدا، ئەوەی کە زۆر پێویستە کە کاری لەسەربکرێت لایەنە رەفتارییەکانە لە پەروەردەدا، نەک بینا و قەبارە و شێوازی بیناکان، تێڕوانین بۆ تەنها بینا وەک پێوەری کواڵیتی لای زۆربەی کەسەکان، بە پەروەردەکارانیشەوە، گرفتێکە دەبێت چارەسەر بکرێت و راستبکرێتەوە، باشترین وانەوتنەوە مەرج نییە لە بینایەکی گەورە و نوێدا بێت، هەر وەک مەرجیش نییە بینایەکی کۆن و دێرین خراپبێت لە رووی کوالیتیی وانەوتنەوە و فێربوون و فێرکردنەوە، بنەڕەتی ئەو ستانداردانەی کە دانراون بۆ هەڵسەنگاندنی قوتابخانە و خوێندنگەکان باسیان لەوە نەکردووە کە تەنها لە باڵەخانە گەورەکاندا دەبێت کواڵیتی هەبێت، بەهێندی ئەوەی جەختی لەوەکردوەتەوە باڵەخانە و بیناکان چۆن بەکاردێن و چۆن سوودیان لێوەرگیراوە و چۆن زامنی سەلامەتی و ژینگەیەکی لە باری دروستی، لەرووی دەروونی و جەستەییەوە تیادا دەستەبەر کراوە.
بۆ ئەوەی بگەین بەوەرچەرخانێکی پەروەردەیی و پەروەردەیەکی باشتر، دەبێت ئەو حەقیقەتە وەک خۆی وەربگرین کە ئەگەر ئامادەسازیی روحی و مەعنەوی نەسازێنین لە پەروەردەدا، تەنها بە گۆڕینی رەنگ و قەبارەی بینا هیچ پەروەردەیەکی نوێ دەستەبەر ناکەین.

وتاری زیاتر






نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو