هیوا محەمەد

رێگریکردن لەزۆربوونی دانیشتووان

  2021-10-30 16:56      150 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەگەر گۆی زەوی بچووک بکەیتەوە وەک خێزانێک تەماشای بکەیت، گەورەیی خێزان بەپێی بارودۆخی خێزانەکەی هەنگاو دەنێت، ئەگەر کەسانی رۆشنبیر بن ئەوە بۆ هەموو چەمکەکانی ژیانی خێزانەکە بە وردییەوە دەڕوانن و بڕیار دەدەن.
چەند شتێکی سەرەکی هەن کە تێیدا هۆکارن بۆ زۆر بوون یان نەبوونی ژمارەی خێزان ، لەوانە ئاستی رۆشنبیریی، ئاستی پابەند بوون بە ئایین، پابەند بوون بە بڕیاری باوی عەشیرەت، ئاستی ئابووریی خێزان، شوێنی نیشتەجێبوون، هەموو ئەمانە لەسەرەکییترینەکانن.

ئاستی رۆشنبیریی خاوەن خێزان
هەموو ئەو کەسانەی لەبوارێکدا کار دەکەن و بەهۆی چەندین ساڵ خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەوە دامەزراون تا ئەوانەی لە شوێنێکدا مووچەخۆرن، زۆربەیان بەر توێژە رۆشنبیرەکە دەکەون، چونکە هیچ نەبێت ئەو چەند ساڵە تێکەڵ بە زانستی کردوون و جیهانی دەرەوەیان ناسیوە و لێرەشەوە سوود لە ئەزموونی ئەو کۆمەڵگەیانە وەردەگرن.
لای ئەم جۆرە کەسانە زیاترکردنی ژمارەی خێزان دەخەنە ژێر بەرنامەوە، هەندێک شت رەچاو دەکەن لەوانە پیشەی ژن و مێردەکە، ئایا هەردووکیان فەرمانبەرن و پابەندن بە دەوام کردنەوە؟ یان ئیش دەکەن؟ دیارە قورسە بۆ دووکەسی لەو جۆرە بتوانن لە دوو منداڵ زیاتریان هەبێت، چونکە کاتیان نابێت بۆ بەخێوکردنی و ناچار دەبن بیر لە دروستکردنی منداڵ نەکەنەوە، بەڵام لەمانیشدا هەیە سەرەڕای پلەی رۆشنبیرییەکەشی، کەچی پابەند دەبێت بە روانگە ئاینییەکەوە کە دەڵێت خواگەورەیە و خوا دەیان ژێنێت، یان بەلایانەوە لادانە لە ئایین ئەگەر رێگریی لە منداڵ بوونی زۆر بکەن.
لایەنێکی تر باری ئابووری ئەم جۆرە خێزانەیە، ئەوان تەماشای ئەوە دەکەن ئایا مووچە و داهاتیان بەشیان دەکات بتوانن ژمارەی منداڵەکانیان زیاتر بکەن؟ هەن حەزیان لە منداڵە یان یەک کەس لە خێزانەکە کار دەکات، بەڵام باری ئابووری رێگەیان پێنادات، بەتایبەت ئەگەر خانووی خۆشیان نەبێت و پارەی کرێ بدەن.
پابەند بوون بە ئایین
لە ناو کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا بە تایبەتی، رێگەدان بە زۆر منداڵ دروستکردن دەبێت هەبێت و نابێت رێگەی لێبگیرێت، چونکە دەڵێن ئەمە خوا دەیبەخشێت، بۆ ئەمە دەبێت کەسە ئایینیەکان لە شوێنی پەرستگەکان ئەو زانیاریانە لە روانگەی زانستی ئایینەکەیانەوە روون بکەنەوە و ئەوە بخەنە بەرچاوی خەڵک کە منداڵێک ئەگەر نەتوانیت بەخێوی بکەیت و بەشداریی کۆمەڵگەی پێ بکەیت وەک تاکێکی راست و بەرهەمهێنەر و داهێنەر، ئەوە کاری رەوا ئەوەیە دروستی نەکەیت و رێگریی لێبکەیت پێش دانانی بناغەکەی.
بوونی هەزاران منداڵ لە هەر شارێکی ئەم جیهانی ئیسلامییە لە شوێنە گشتییەکان وەک سواڵكەر، ئەنجامدەری کاری خراپ، بەکرێگیراو لە کارگەکان، کڕدراو لە لایەن دەوڵەمەندەکانەوە و بەکارهێنانیان وەک ئامێری بەرهەم هێنەر، هەموو ئەمانە لە ئەنجامی ئەو بیرکردنەوە ئاینییەوەیە سەبارەت بە رێگریی لە منداڵ بوون، کەواتە باشتر وایە بۆ رێگریی لە سەرگەردان بوونی منداڵەکان و لادانیان لە هەموو بنەما ئەخلاقییەکان، گەڕانەوەیە بۆ رێگریی کردن لە بوونیان.
لەپاڵ ئەم هۆکارە ئاینییە، هۆکاری عەشائیریش هەیە کە رێگە نادات بە باوک و دایک رێگریی لە منداڵ بوون بکەن، ئەمەش هەر لەو بیرکردنەوە کۆنە بۆ ماوەییەوە دێت کە دەبێت ژمارەی عەشیرەتەکەیان هەر لە زۆر بووندا بێت بۆ ئەوەی هەیبەت و ترس و قورساییان هەر بمێنێت.

ئاستی ئابووریی خێزان
ئاستی ئابووری خێزان بۆ هەموو چەمکەکان دەبێتە بڕیاردەری چۆنێتی پێناسەکردنی خێزانەکە، بە گشتی لای ئەوانەی کە کێشەی مادییان نییە و دەوڵەمەندن، بیر لەوە ناکەنەوە کە رێگریی لە زۆربوونی ژمارەی خێزان بگرن، تەنانەت هەندێکیان منداڵی کەسانی دیکەش دەگرنە خۆیان کاتێک بێ باوک و دایک رادەگەیەندرێن، ئەو جۆرە کەسانە دەتوانن دایەنێک یان زیاتریش بە کرێ بگرن بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانیان ئەگەر خۆیان نەتوانن.
کەواتە لێرەدا ئاستی ئابووریی ئەو ناهاوسەنگییە دروست دەکات لای خێزانەکان لە یەک شوێنی نیشتەجێبووندا، رەنگە کەسانێک هەبن زۆر حەزیان لەوە بێت منداڵی زۆریان هەبێت، بەڵام لە بەر نەبوونیی ناتوانن و لەوبەریشیانەوە خێزانە دەوڵەمەندەکە گوێ ناداتێ.

شوێنی نیشتەجێ بوون
وێڕای کۆمەڵگە ئیسلامییەکان لە شوێنێکی وەک هیندستان لەهەمان روانگەوە رێگریی ناکەن لە بوونی منداڵ، بەڵام لە وڵاتانی ئەوروپای ناوەڕاست و خۆرئاوا کەمیی منداڵ بوون بووەتە دیاردەیەکی باو، خێزانەکان زۆرینەیان لە دوو یان سێ منداڵ تێناپەڕن، هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک شت لەوانە: داهاتی خێزان و بێکاریی و هاوکاریی کۆمەڵایەتی و ئیشکردنی خاوەن خێزانەکان، لە وڵاتێکی ئەوروپی ژیان قورسترە تا خۆرهەڵاتی، پابەندبوون بە هەموو چەمکەکانی ژیانی رۆژانەوە وایکردووە ناتوانیت لێی لابدەیت، ئەگەر ئەمەت کرد پێتەوە دیار دەبێت و کاریگەریی خراپی دەبێت.
بۆ نموونە لە خێزانێکدا دەبێت دوو کەس واتا ژن و مێرد کار بکەن تا بتوانن لە ساڵێکدا چوار هەفتە کاتی پشوو بەسەر بەرن و بەلایەکدا گەشت بکەن، یان لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا هێندەیان پارە پێبێت کاتی پێبەسەر بەرن، لە رۆژێکدا 8 سەعات کاردەکەن، کەدەستیان بەکار کرد دەبێت سەعات 9 لەشوێنی ئیشەکە بن، سەعاتێکی دابەش دەبێت بەسەر سێ جار پشوودانی نیو سەعاتی و دوو جار 15 خولەکی، هەر رۆژێک نەچێتە سەرکار بە بێ هۆکاری نەخۆشی ئەوە رۆژانەکەی لێدەبڕن، کەواتە لەم جۆرە شوێنانە بیرکردنەوە لە زۆربوونی منداڵ لە خێزاندا مەترسیدارە، جارێ ئەگەر لە خێزاندا یەک کەس ئیش بکات ئەوە ناتوانێت نیوەی ئاستی ئابووریی خێزانەکە دابین بکات.

سیستەمەکانی بەڕێوەبردن دەبێت چی بکەن؟
رۆژانە هێندەی منداڵ لە جیهاندا لەدایک دەبێت کەمتر لەو رێژەیە کەسەکان دەمرن، ئەمە جگە لە رووداوی سروشتی و جەنگ و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکان کە لەناکاو دێن، ژمارەی دانیشتوان بەجۆرێک روو لە هەڵکشانە کە یەک نایەتەوە لەگەڵ پێویستییەکانی ژیان و دابینکردنی حەوانەوە، لە ساڵی 1960 ژمارەی دانیشتوان 3 ملیار بووە، بەڵام لە ساڵی 2000 گەیشتووەتە 6 ملیار، بەم پێیەش پێشبینی دەکرێت بۆ 10 ساڵی دیکە 8.5 ملیار تێپەڕێنێت.
دەبێت سیستەمەکانی بەڕێوەبردن لە جیهاندا رێکبکەون لەسەر یەک بەرنامە و ئەو لەمپەرە ئایینیی و عەشائیریانەش نەهێڵن کە ناهێڵێت رێگریی بکرێت لە ژمارەی زۆربوونی خێزان دەنا جیهان بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەمە لە کاتێکدا لە ماوەی 100 ساڵی رابردووە وە جیهان شۆڕشێکی تەکنەلۆژیای بەرپا کردووە و ململانێکان گەیشتونەتە سەر ئەستێرەکان نەک هەر سەر زەوی.
ژیان سەختتر دەبێت، دابینکردنی پێویستییەکانی ژیان بە ئاسانی دەست ناکەون، قەیرانەکان هەمیشە چڕتر دەبنەوە، دەکرێت حکومەتەکان بە بەرنامە رێگریی بکەن لە زۆر بوون.
ساڵی 1993 لە وڵاتی چین بووم، زۆر بەکەمی ژن و مێردێکم دەبینی دوو منداڵیان پێبێت، دوای ئەوەی توانیم بپرسم بۆم دەرکەوت کە لە ساڵی 1980 وە یاسا رێگەیان پێنادات لە یەک منداڵ زیاتریان ببێت، ئەمەش دواتر لە ساڵی 2015 گۆڕدرا بۆ دوو منداڵ، بەڵام لەمساڵدا گۆڕانکارییان لەو یاسایەدا کرد و تێیدا هاتووە رێگە بە منداڵی سێیەم دەدەن لەبەر کەمبوونەوەی دەستی کار لەو وڵاتە، پێویسە خێزانەکانیش لەگەڵ ئەم سەخت بوونەی ژیان هەنگاو بنێن و لە ئێستاوە رێگریی بکەن لە زۆربوونی خێزان، دەنا تووشی هەژاریی دەبن و ئەگەر نەشتوانن هەموو پێویستییە مۆدێڕنەکان لە مۆبایل و ئامێرەکانی دیکەی وەک کۆمپیوتەر و پەیوەندییەکانی دیکە فەراهەم بکەن بۆیان ئەوە دوور نییە تووشی لادان ببن، بەمەش کۆمەڵگە بەرەو فاسید بوون دەچێت، دوو منداڵ بە تەواوی و بێ کەمووکوڕی بەخێو بکەیت باشترە لە زیاتری خراپ بەخێوکردن.

وتاری زیاتر

یەکێتی، هیوای تاکی کوردە‬ هیوا محەمەد
2022-06-05 10:14      98 جار بینراوە





مامەڵەی حزب لەگەڵ خەڵکدا‬ هیوا محەمەد
2022-01-08 16:01      132 جار بینراوە



ئەندامی حزب لەبەرەی خەڵکدا بێت‬ هیوا محەمەد
2021-11-27 20:06      134 جار بینراوە

خۆزگە بە شەهیدبوون‬ هیوا محەمەد
2021-11-22 21:13      143 جار بینراوە

هەوێنی شڵەژانی دۆخەکە‬ هیوا محەمەد
2021-11-20 16:00      139 جار بینراوە


موزیکی غازەکەو تەقەی بوتڵەکان‬ هیوا محەمەد
2021-11-14 13:04      118 جار بینراوە




خەبات بە بوختان و چەواشەکاری‬ هیوا محەمەد
2021-10-31 18:52      172 جار بینراوە

سەرکردەبوون پلەیە نەک پیشە‬ هیوا محەمەد
2021-10-25 17:17      116 جار بینراوە





کاندیدە براوەکان دەبێ چی بکەن؟‬ هیوا محەمەد
2021-09-19 17:14      138 جار بینراوە



بەدەنگت رەش و سپی جیا بکەرەوە‬ هیوا محەمەد
2021-09-16 09:35      125 جار بینراوە


قەدی دارەکە شەرتە نەک لقەکانی‬ هیوا محەمەد
2021-09-11 17:22      138 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو