فەیسەڵ عەلی

كۆسالیتی، هۆكاری نۆبڵی ئابووریی ئەمساڵ بوو

  2021-10-28 12:17      120 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمساڵ خەڵاتی نۆبڵی ئابووری بەخشرایە سێ زانا، بەرئەنجامی ئەو كارانەی پەیوەست بەو تاقیكردنەوە سروشتی و توێژینەوانەی لەسەر بنچینە زانستی و لۆجیكییەكانی نێوان پەیوەندیی و كاسوالیتی (السببیە) بوو، پەیوەندیی ئەوانیش بە تاقیكردنەوە سروشتییەكانەوە.
توێژینەوەكانی ئەو سێ زانا ئابوورییە چ كێشەیەكیان چارەسەر كردووە؟ لە ئابوورییدا چ پێویستییەكمان بە تاقیكردنەوە سروشتییەكان هەیە؟ كێشە لۆجیكییەكانی هەردوو چەمكی پەیوەندیی و كاسوالیتی چین؟
سەرەتا ئەوە وەبیر خۆمان دەهێنینەوە، كە زانستی ئابووری لەسەر بنچینەی توێژینەوەی هۆكاری شتەكان دامەزراوە، بۆ ئەوەی لێیانەوە پێشبینی ئایندە بكرێت، چونكە توێژەری ئابووری بایەخ بە پرسەكانی وەك: زانینی ئەو هۆكارانەی كاریگەرییان لەسەر رێژەی بێكاری هەیە، ئاستی كاریگەریی گۆڕانی هەر هۆكارێك لەسەر ئاستی بێكاری، بۆ نمونە، ئایا رێژەی بێكاری بەهۆی بەرزبوونی نرخی سوودەوە بەرز دەبێتەوە؟ ئایا ئەو بەرئەنجامانە، هاوكاری بڕیاردەر دەكات تا لە پەیوەندیی نێوان ئەو دوو پرسە بگات، بۆ ئەوەی بەدوایشیدا هەوڵی كۆنترۆڵكردنی بزاوتی ئەو هۆكارانە و ئاراستەكردنیان بدات، رەنگە بە رێگرتن لە بەرزبوونی نرخی سوود بێت تا رێژەی بێكاری بەرز نەبێتەوە، ئەمە ئەگەر هاتوو پەیوەندییەكی هۆكاری لەنێوان ئەو دووانەدا هەبێت.

خواردنی میوە لە هاویندا
جیاوازیی نێوان پەیوەندیی و كۆسالیتی بابەتێكی ئێجگار گرنگە، بەوەی زۆر لە خەڵكی ئاسایی و بڕیاردەران، بەداخەوە هەندێكجار دەكەونە هەڵەیەكی ئێجگار قورسەوە. مەبەست لە پەیوەندیی چییە؟ هەروەها مەبەست لە كاسوالیتی چییە؟
رەنگە پەیوەندیی لە نێوان هەردوو پرسەكەدا ببینیت، رات وابێت كە یەكێكیان هۆكاری ئەویتریانە هەرچەندە هیچ پەیوەندییەكی راستەقینە لەنێوان ئەو دووانەدا نەبێت. بۆ نمونە، ئەگەر بینیمان خواردنی میوە لەو وەرزەی پلەی گەرمای تێدا بەرزە زیاد دەكات، لەو وەرزەش كە پلەی گەرما نزم دەبێتەوە، كەم دەكات، ئایا دەڵێین: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما هۆكارە تا خەڵكی بڕێكی زیاتری میوە بخۆن؟
ئەمە نمونەی هەندێك هەڵەی باوی لۆجیكییە، كە كەسێك لە پەیوەندیی دەڕوانێت و پاشان دەگاتە ئەنجامێكی نادروست. راستە دەشێ پەیوەندیی هەبێت، كە لە خوێندنەوەی داتا و زانیارییەكانی تایبەت بە میوە دەستمان كەوتووە، بەكردەوە، دەردەكەوێت فرۆشتنی میوە لەگەڵ بەرزبوونی پلەی گەرما زیادی كردووە، ئەمەش پەیوەندییەكی راستەقینەیە و هیچ گومانێك هەڵناگرێت. لاسەنگییەكە لەو بەرئەنجامەدایە، كە دەرك بەوە كراوە كە پلەی گەرما بۆتە هۆكاری زیادبوونی بەكاربردنی میوە، لە كاتێكدا هەوڵی زیاتر نەدراوە تا بە دوای هۆكارەكانی تریشدا بگەڕێت، دەشێ ئەوانە هۆكاری راستەقینەی بن. بۆ نمونە، رەنگە هۆكاری زیادبوونی بەكاربردنی میوە، بەرهەمهێنانی و خستنەبازاڕی بێت لە وەرزی هاوین و بەرزبوونی پلەی گەرما بێت، خەڵكی میوە بخۆن بەوەی لە بازاڕ زۆرە نەك بەوەی پلەی گەرما بەرزبۆتەوە.
فرۆشتنی ئایسكریم و چاویلكەی هەتاوی
توێژەرانی ئابووری لە زانینی هۆكارەكاندا دووچاری كێشەی زۆر دەبنەوە، پەیوەندییەكە هێندە ئاسان نییە بدۆزرێتەوە وەك ئەوەی لە وێنەكردنی گرافیكێكدا یان خشتەیەكی داتادا هەیە. كۆسالیتی لە چەند لایەكەوە دڵنیابوون دەخوازێت، كاتێك پەیوەندییەكی دیاریكراو لەنێوان دوو گۆڕاودا دەدۆزینەوە، یەكەم لایەنی ئەو پەیوەندییەی نێوانیان ئەوەیە، ئایا ئەم دوو گۆڕاوە بە كردەوە لەگەڵ یەكدا گۆڕانیان بەسەردا دێت، لاكەی تری، ئایا ئەو پەیوەندییە مەعقولە. لەو نمونەیەی خرایەڕوو، ئەو پەیوەندییە مەعقول دیارە، بەوەی میوەی سارد یارمەتی دابەزینی گەرمای لەش دەدات، بەڵام لە هەندێك حاڵەتی تردا، دەشێ ئەو پەیوەندییە نامەعقول بێت، لە نمونەی كلاسیكیدا، كە فرۆشتنی ئایسكریم و چاویلكەی هەتاوی بەیەكەوە گرێدا، توێژەر گەیشتە ئەو بەرئەنجامەی كە زیاد خواردنی ئایسكرێم فرۆشتنی زیاتری چاویلكەی لێدەكەوێتەوە. لێرەدا ئەو پەیوەندییە نامەعقولە، چونكە پەیوەندیی نێوان خواردنی ئایسكرێم و لەچاوكردنی چاویلكە ناڕوونە.
لایەنی سێیەم، دڵنیابوونە لەوەی ئەو پەیوەندییە دیارەی لەنێوان دوو گۆڕاودا هەیە دەشێ بۆ كۆسالیتی بگۆڕدرێت، تەنها هەر پەیوەندیی نەبێت، بەڵكو دەبێ هۆكارەكەی پێش بەرئەنجامەكەی بكەوێت، ئایا بەرزبوونی پلەی گەرما كە وەك هۆكاری زیاد خواردنی میوە ئەژمار كرا، دەكەوێتە پێش خواردنی میوەوە؟ لە نمونەكەماندا، وەڵامەكەی بەڵێ بوو، چونكە تێبینی ئەوەمان كردبوو كە زیاد خواردنی میوە لە دوای بەرزبوونی پلەی گەرماوە دەستیپێكرد، بەڵام لە حاڵەتی تردا، راست دەرناچێت، دەشێ رەهەندی زەمەنییەكەی ناڕاست دەربچێت.
لایەنی چوارەم، كە زۆر گرنگە، نەبوونی ئەوەی بە هۆكاری تر ناسراوە، یان هۆكاری هاوبەشە، دەشێ هۆكارێكی تر هەبێت كاریگەریی لەسەر گۆڕانی هەردوو گۆڕاوەكە هەبێت. لە نمونەی فرۆشتنی ئایسكرێم و زیادبوونی فرۆشتنی چاویلكە، هۆكاری هاوبەشی نێوانیان، بێگومان گەرمای هاوینە، كە وا لە خەڵكی دەكات ئایسكرێم بخۆن، هەروەها چاویلكەش لە چاو بكەن. هەروەها بۆ نمونەی خواردنی میوەش، هۆكاری هاوبەش ئەوەیە، داری میوە لە هاویندا بەر دەگرێت، بەدوایشیدا میوە لە وەرزی هاوین دەخرێتە بازاڕەوە، لە هەمانكاتیشدا، وەرزی هاوین وەرزی بەرزبوونی پلەی گەرمای دەوڵەتانی جیهانە.

چۆن كۆسالیتی بووە هۆكاری بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بەو سێ زانایە؟
دەیان ساڵە، ئەو زانایانە بە پرسی جیاوازیی نێوان پەیوەندیی و كۆسالیتی و چۆنێتی ئەنجامدانی توێژینەوە لەمەڕ كۆسالیتییەوە خەریكن، چیتر بەم قسەیە تێر نەدەبوون، كە دەڵێ: پەیوەندیی بە مانای هۆكار (سبب) نایەت كە زانایان هەڵوەستەی لەسەر بكەن. بۆ نمونە، ئایا بەرزبوونی باجی بەهای زێدە (القیمە المچافە) زیادبوونی بێكاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟ چۆن توێژەرانی ئابووری توێژینەوە لەسەر ئەو كاریگەرییە ئەنجام بدەن؟
وەك ئاماژەی پێكرا، لە زانستی سروشتی، بە رێژەیەكی ئاسان دوو تیم لە هاوكاران پێكدەهێنرێت و ئەو دەرمانەی بۆ توێژینەوەكە ئامادە كراوە، بە تیمێكی دەدرێ و دەرمانێكی وەهمیش بەوی تریان دەدرێت، پاشان چاودێریی كاریگەریی بەرئەنجامەكە لەسەر هەردوو تیمەكە دەكرێت. بەڵام لە نمونەی بەهای زێدە، ناتوانرێت باج بەسەر گروپێكی خەڵكی بسەپێنیت و پاشان چاوەڕێی كاریگەریی ئەو باج سەپاندنە لەسەر ئاستی بێكارییان بكەین.
چارەسەرەكە لەوەی لە تاقیكردنەوەی سروشتیدا هەیە، كە دەیڤد كارد، كە نیوەی خەڵاتەكەی پێبەخشرا و ناوی دەركرد، پشت بەستن بوو بە داتای سروشتیی راستەقینە نەك داتای تیۆری هەڕەمەكی، بۆ ئەوەی بە بەرئەنجامێكی دیاریكراو بگات. بۆ نمونە، ئەو چارەسەرەی لە بەردەمماندایە، لە نمونەی كاریگەریی باج لەسەر بێكاری، گەڕانە بەدوای داتای فعلی لە چوارچێوەیەكی دیاریكراو و پاشان سەپاندنی باجە، دوای ئەوە لێكۆڵینەوە لە كاریگەریی فعلی ئەو باجە لەسەر بێكاری لەو چوارچێوەیە دیاریكراوە بكرێت. بۆ نمونە، توێژینەوە لەسەر ئەزموونی دەوڵەتێكی دراوسێ یان هاوشێوەی خۆمان بكرێت، یان توێژینەوەی هاوشێوە لەسەر میكانیزمی باج، وەك لێكۆڵینەوە لەسەر كاریگەریی سەپاندنی تاریفەی گومرگی یان باجی داهات یان تەنانەت سەپاندنی رەسمی خزمەتگوزاری یان هەر جۆرێكی تر بكرێت.
لەگەڵ گرنگی توێژینەوەكانی دەیڤد كارد و جۆشوا ئەنگرێست و گویدۆ لامبانس لە پرسی تاقیكردنەوە سروشتییەكاندا، بەڵام تاقیكردنەوەی سروشتی بۆ ئەو لێكۆڵینەوانە سنووردارن، واتە، لەكوێ حاڵەتێكی هاوشێوەی ئابووریی دەوڵەتێك بدۆزینەوە تا كاریگەریی باج لەسەر بێكاری بزانین؟ لەویش گرنگتر، تاقیكردنەوەی سروشتی تەحەدیاتی تایبەتی خۆی هەیە و لە تاقیكردنەوەی ناو تاقیگەكان جیاوازە، چونكە ئەمەی دوایی دەكرێت بە جۆرێك كۆنترۆڵ بكرێت تا بەشێوەیەكی دروست ئامانجەكانی توێژینەوە بپێكرێت، بەشێوەیەك یارمەتی زیاتری دیاریكردنی هۆكارەكان بدات. ئەمە وێڕای كێشەیەكی تری گەورەتر، ئەویش، تاقیكردنەوەی سروشتی لەگەڵ چەمكی تاقیكردنەوەی زانستی جیاوازە كە توانای دووبارەكردنەوە دەخوازێت، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی هەمان بەرئەنجامی دەبێت، بێگومان ناتوانرێ كاریگەرییەكانی بڕیارێكی ئابووری دووبارە بكەینەوە تا بزانین هەمان بەرئەنجامی دەبێت.
لە كۆتاییدا، تێكەڵكردنی نێوان پەیوەندیی و كۆسالیتی لەسەر هەموو ئاستەكان دەبینرێت، پرسەكە خراپتر و ئاڵۆزتر دەبێت كاتێك بەهۆی ئەو تێكەڵكردنە تاكڕەوانە یان دامەزراوانە لەسەر بنچینەی نادروست بڕیار دەدرێت، هۆكاری بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بەو سێ زانایەی ئابووری، بنچینەیەكی زانستی و تاقیكردنەوەیەكی مەیدانییان بە شەرعیەتی زانستیی تاقیكردنەوەی سروشتی بەخشی.

 

وتاری زیاتر




كاروانی مەعریفە و گەشەپێدان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-23 16:55      141 جار بینراوە


سامانی ئاو ژیان و ململانێیە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-09 18:46      282 جار بینراوە




پەیوەندیی نێوان ئابووری و ژینگە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-09-04 15:06      437 جار بینراوە



مێژووی نووسین و ئاسۆی ئایـندەی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-26 11:00      631 جار بینراوە

فاشیزمی راستەقینە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-22 16:25      327 جار بینراوە



پرسیاری ساڵی پار‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-07 17:28      162 جار بینراوە


سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئابووری‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-31 14:33      254 جار بینراوە

خراپ بەکارهێنانی تەكنەلۆجیا‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-23 15:31      346 جار بینراوە


دیپلۆماسییەتی سایبرانی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-03 20:01      741 جار بینراوە


زمان دەروازەی مێشکە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-14 16:34      208 جار بینراوە



دیوەكەی تری دراوی گریمانەیی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-02 16:19      190 جار بینراوە

وێنە کۆنەکان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-31 23:40      222 جار بینراوە

خوێندن و بازاڕی كار ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-29 21:30      271 جار بینراوە

زانكۆ وەك مەنزومەیەكی كاركردن‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-29 13:50      360 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو