دەوترێت سیاسەت بریتییە لەهونەری بەڕێوەبردن بەڵام لەم سەردەمەدا سیاسەت بووە بەهونەری دروستكردنی قەیران و قۆستنەوەی هەل.
خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین مافی هەموو تاك و گروپ و رێكخراوێكە، بەڵام تا دێت زیاتر و زیاتر ئەم مافە لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە بەكاردەهێنرێت بۆ مانەوەی خۆیان و گرتنەدەستی دەسەڵات.
بێگومان چەندەها جۆری ناڕەزایی دەربرین هەیە كە خۆی لە رێپێوان و گردبوونەوە و واژۆ كۆكردنەوە و بایكۆت و چەندەها جۆری تر دەبینێتەوە.
لەوڵاتانی ئەورپا ناڕەزایی جەماوەر چەندەها حكومەتی ئاڵوگۆڕ پێ كردووەو نەخشەی سیاسی پێ گۆڕیون و بۆتە هۆی دەستلەكار كێشانەوەی چەندەها وەزیر.
شەرابی فەڕەنسی و چەكی ئەتۆمی
لە ناوەڕاستی نەوەدەكان دژی تاقیكردنەوەی چەكی ئەتۆمی فەرەنسا، هەموو ژینگە دۆستان و ئاشتیخوازان رژانە سەر شەقامەكان. ئەم خۆپیشاندانە جەماوەرییە لەلایەن حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە قۆسترانەوەو لە رێگای ناڕەزایی جەماوەرەوە هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵاتیان دەدا.
هەرچەندە رێژەی خۆپیشاندەران لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا دەگەیشتە چەندەها ملیۆن بەڵام جاك شیراكی سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتی فەرەنسا ملكەچی خواستی خۆپیشاندەران نەبوو و یەكەم تاقیكردنەوەی كرد.
ئەمەش وای كرد بیر لە شێوازێكی تری گوشار بكرێتەوە بۆ سەر فەرەنسا بۆ دەستبەرداربوونی لە تاقیكردنەوە ئەتۆمییەكانی. بۆ ئەو مەبەستەش بایكۆتی واینی فەرەنسی كرا لە سەرتاسەری ئەوروپا لەلایەن هاووڵاتییانەوە. ئەمەش زەرەرێكی گەورەی بە ئابووریی ئەو وڵاتە گەیاند و حكومەتی ناچار كرد تاقیكردنەوەكانی رابگرێت.
ئەم سەركەوتنە حزبە سەوزەكان و چەپەكان قۆستیانەوە و سەرتاپا دروشمەكانیان بۆ هەڵبژاردنەكان بوون بە دروشمی دژ بە چەك و وزەی ئەتۆمی. لەو رێگەیەوە سەركەوتنیان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەكانی دواتری ئەو وڵاتانە.
بەشێكی زۆری ئەم حزبانە كورسی پەرلەمانی و وەزارەتی حكومەتەكانیان بەدەستهێنا، بەڵام لەگەڵ چوونە ناو حكومەتەوە دروشمەكانی خۆیان لە بیركرد و پشتیان لە خۆپیشاندەران كرد.
هەوڵەكانی ترەمپ سەری نەگرت
دیارترین بەكارهێنانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكای لە سەرەتای 2021 بەدیكرا. كاتێك دۆناڵد ترەمپ لە دووبارەبوونەوەی بە سەرۆكی ئەمریكا شكستی هێنا، هەوڵی دا لە رێگای پشێوی دروستكردن و خۆپیشاندانەوە لەسەر كورسییەكەی بمێنێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە رێگای دروستكردنی ترسی لاوازبوونی ئەمریكا و دروستبوونی قەیرانی ئابووی و بێهێزی و لاوازی بایدنی بەتەمەن و بە جەستە نەخۆشەوە، توانی خەڵكانێكی زۆر بێنێتە سەرشەقام و گومان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دروست بكات.
نانەوەی ئەو پەشێوییە تەنها بۆ بەرژەوەندی مانەوەی خۆی بوو لە رێگای داواكاری جەماوەر و خۆپیشاندانەوە.
بۆلسۆنەرۆ و سەرۆكی دادگا
دژ بە یەكن
نموونەیەكی تری خۆپیشاندان بۆ بەرژەوەندی سیاسی لە بەرازیل بینرا كاتێك سەرۆكی ئەو وڵاتە ساڵێك پێش هەڵبژاردن هەوڵی لابردنی سەرۆكی دادگای فیدراڵی دەدا بۆ مانەوەی خۆی لەسەر كورسی سەرۆك كۆماری.
بۆلسۆنەرۆ (Bolsonaro) سەرۆكی ئێستای بەرازیل بە گوێرەی راپرسییەكان شانسی دووبارە دەرچوونەوەی نییە و لە هەڵبژاردنەكانی 2022 ی ئەو وڵاتە شكست دەهێنێت. سەرۆكی دادگای فیدراڵی ئەو وڵاتە كە یەكێكە لە دژە سیاسەتەكانی بۆلسۆنەرو سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكانی 2022 دەكات.
لە رێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەوە لە دام و دەزگاكانی حكومەت بۆلسۆنەرۆ هەوڵی پەكخستنی دادگا و دامودەزگاكانی حكومەت دەدات و گۆڕینی سیستمی ئەلەكترۆنی لە هەڵبژاردنەكان و هەوڵی نانەوەی پەشێوی بۆ مانەوەی لەسەر كورسی دەسەڵات.
خۆپیشاندان لە هەرێم،
وشەی پاكێج بوو بە وشەی ساڵ
وڵاتی عیراق و هەرێمی كوردستان زۆر حزب و لایەن ناڕەزایی جەماوەرو خۆپیشاندانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆستەوە.
لە خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات كە لە سلێمانی دەستیپێكرد و چەند مانگێكی خایاند، جەماوەر دژی كەمی خزمەتگوزاری گردبوونەوەیان كرد. ئەم گردبوونەوەیە دواتر فراوانتر بوو و روخانی حكومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كرایە داخوازی خۆپیشاندەران.
هەر حزب و لایەن و گروپێك پاكێجی ئامادە دەكرد و پێشكەشی حكومەتی دەكرد.
كار گەیشتبووە ئەوەی رێكخراوی چەند كەسی پاكێجیان دەنووسییەوەو پێشكەش بە حكومەتی دەكرد كە خۆی لە 28 خاڵ و زیاتریش دەبینییەوە.
بزوتنەوەی گۆران بووە یاریكەری سەرەكی لە بەردەركی سەرا، ناوی سەرای سلێمانی گۆردرا بە سەرای ئازادی. لەو رێگەیەوە ئەو بزووتنەوەیە توانی كورسییەكی زۆری پەرلەمانی كوردستان و عیراق بەدەست بهێنێت.
ساڵانی دواتر بە چوونیان بۆ ناو حكومەت و دەستبەرداربوونیان لە ئۆپۆزسیۆن دروشمی چوار ساڵ ئارامییان بەرزكردەوە. بەواتایەكی تر ئارامی شەقام و نەمانی خۆپیشاندان.
خۆپیشاندانی تشرین لە كارەوە
بۆ روخان
ئەوەی لە عیراق روودەدات بە هەمان شێوە بەكارهێنانی جەماوەری رەش و رووت و ماف خوراوە بۆ مەرامی سیاسی هەر جارەو لایەنێك و لەژێر دروشمێكدا بە هەزاران گەنج بە هیوایەكەوە دەهێنێتە سەر شەقام و دوای بەكارهێنانیان بە بێ هیوا دەیاننێرنەوە ماڵەكانیان.
خۆپیشاندانەكانی تشرین بۆ بەدەستهێنانی مافی دەستووری و سەرەكی بوو، لە مادەی 22 بەندی یەكەم دا هاتووە كە كار مافی هەموو تاكێكی عیراقییە.
ئەو گەنجانەی لە گۆڕەپانی تەحریر بوون و داوای هەلی كارو خزمەتگوزارییان دەكرد، بەڵام بەهەمان شێوەی ئەوەی هەرێم داخوازییەكان بە سیاسی كراو روخانی حكومەتی و داواكاری هەڵبژاردنی پێشوەختە و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بووە داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەران.
شاراوە نییە كە ئەم داواكاریانە خواستی رەوتی سەدری لە دواوە بوو.
لەڕێگەی پشتگیریكردنی خۆپیشاندەرانەوە سەدر خواستی بەدەستهێنانی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی هەبوو و ئیدیعای ئەوەی دەكرد كە زیاتر لە 100 كورسی بەدەستدەهێنێت.
دوابەدوای پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە و بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكانی و یەكلابوونەوەی رێژەی كورسییەكان، لایەنی تری سیاسی كە ئەنجامەكان بە گوێرەی خواستی ئەوان نییە، هەوڵی گۆڕینی ژمارەی كورسییەكانیان دەدەن لەڕێگەی خۆپیشاندانەوە.
لایەنی براوە كە رەوتی سەدرە و زیاتر لە 70 كورسی بەدەست هێناوە باس لە سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان و هێنانەدی خواستی خۆپیشاندەرانی تشرین دەكات و هەریەك لەلایەنەكانی فەتح و گروپەكانی حەشدی شەعبی دان بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا نانێن.
ئەنجامەكان هەرچۆنێك بن، ژمارەی كورسی ئەم لایەن و ئەو لایەن هەرچەند بێت بە هیوا كردنی جەماوەر لەلایەك و ترساندنیان و دروستكردنی قەیران لەلایەكی تر خۆپیشاندانی تر دەخوڵقێنێت بۆ مەرامی سیاسیی سیاسییەكان و ئەم نەریتە نوێیەی حزبەكان كە لە عیراق دا بەردەوامی دەبێت.