مەحمود عەبدولكەریم باجەلان

وانەبێژان و ئاوڕێکی جدی

  2021-10-25 21:27      91 جار بینراوە        کۆمێنت

چەند ساڵێکە بەهۆی نەبوونی دامەزراندن و ناهاوسەنگی لە میلاکی پێویست لە مامۆستایانی دامەزراو لە قوتابخانە و خوێندنگەکاندا، وانەبێژان رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە چارەسەرکردنی گرفتی پڕکردنەوەی بۆشایی ئەو قوتابخانە و خوێندنگایانەی بەتایبەتی دەرەوەی شار و شوێنە دوورەدەستەکان لە مامۆستای پێویست و توانیویانە یارمەتیدەر و هاوکارێکی باشی وەزارەتی پەروەردە بن لە گەیاندنی پەیامی پەروەردە و فێرکردندا.
بەشی زۆری ئەو وانەبێژانە، دڵسۆزانە و هاوکارانە بەردەوامبوون و هەیانە زیاتر لە دە ساڵە بەردەوامە لە وانەبێژی، بەرامبەر بەکرێیەکی کەمی وانە وتنەوە، بێ هیچ دەرماڵەیەکی تر، بەڵام سەرەڕای ئەوە، بەداخەوە نابەرابەری و نادادپەروەریەکی ئاشکرا دەبینرێت لە بەشەوانە و ئەرک و ماندووبوونەکانیان بەرامبەر بە مامۆستایانی دامەزراو، لە کاتێکدا نابێت هیچ جیاوازییەک لە رووی ئەدا و کەسایەتی و ئەزموونیاندا بکرێت لەگەڵ مامۆستایانی تردا، لەوانە:
بێمنەتی مامۆستای دامەزراو لە وانەوتنەوە و بەشەوانەی هەفتانەیدا، بەتایبەتی لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی ناوشاردا کە بەشەوانەی کەم و مووچەی زیاتر و ئەرکی کەمتریش، بەرامبەر بە ئەرکی زۆر و شوێنی دوور و منەتبەسەرداکردنی وانەبێژان، ئەمە هۆکارە بۆ جیاوازی لە نێوان جۆری بیرکردنەوەی وانەبێژان، لە خۆیان و لە پیشەکەشیان وەک مامۆستا، کە هەمیشە هەست بە مەغدووری بکەن.
دواکەوتنی کرێی وانەبێژان و کەمی ئەو پێدانەی کە بەرامبەر هەر وانەیەک پێیان دەدرێت، کە زۆرجار بەشی کرێی گواستنەوە و رۆژانەی هاتوچۆشیان ناکات، گرفتی بژێوی و خراپی گوزەرانیان بۆ دێنێتە کایەوە، بێگومان ئەمەش کاریگەریی لە چۆنێتی ئەدای وانەبێژ و کارامەییەکانی دەکات.
ناجێگیریی دۆخی وانەبێژان و نادیاریی چارەنووسیان و نەبوونی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە لە لایەن حکومەت و وەزارەتی پەروەردەوە، کە داهاتوویان چی بەسەردێت، هەمیشە دۆخێکی ناسەقامگیری دەروونی وا دەخوڵقێنێت کە بەگومانەوە بۆ خۆیان و ئایندەی پیشەکەیان بڕوانن و دڵخۆشیان بە کارەکە کەمبکاتەوە.
جیاوازیی دید و بۆچوونی ناوەندەکانی خوێندن و بەشێک لە کارگێڕیەکانیش بۆ وانەبێژان و تەنانەت کەسوکاری قوتابیان و خوێندکارانیش بۆ وانەبێژان، جێگەی نیگەرانییە و نابێت بە پلە دوو یان کەمتر لە پیشەی سەرەکی مامۆستایەکی دامەزراو سەیر بکرێت، چونکە واقعی کار و ئەزموونیش سەلماندوویەتی کە کارامەیی هیچ پەیوەندیی بەدامەزراندن یان دانەمەزراندنەوە نییە و زۆرجاریش مامۆستایانی وانەبێژ زۆر کارامە و لێهاتووانە پابەندن بە دەوام و رێنماییەکان و باشتریش وانەدەڵێنەوە و گوێگرێکی باشی رێنمایی و فەرمانە کارگێڕیەکانیشن.
بۆیە جێگەی خۆیەتی، چیدی ئەو ژمارە زۆرەی مامۆستایانی وانەبێژ، لە رووی مادی و مەعنەوییەوە، پشتگوێ نەخرێن و هەوڵ و ماندووبوونیان بەرز بنرخێندرێ و وەڵامی داخوازیەکانیان بدرێتەوە، چونکە دەبێت دان بەو حەقیقەتەدا بنێین کە هاوسەنگی میلاکی قوتابخانەکان بەئاسانی ناتوانرێت رێکبخرێتەوە و ئەو قوتابخانانەی کە لە ناوەندی شار و گەڕەکە دێرینەکانن ژمارەی مامۆستای چەسپاویان هەیە و زۆر زیاد لە پێویستیشن لە رووی ژمارەوە و بەشەوانەیەکی زۆر کەمیش دەڵێنەوە و بەهیچ پێوەرێکیش ناتوانرێت بجوڵێنرێن و لە رابردووشدا گەلێک کەموکوڕی لە گواستنەوەدا هەبووە و ئێستا بوون بە ئەمری واقیع، بۆیە قوتابخانە و خوێندنگەکان، بێ وانەبێژان لە دەرەوەی شار و شوێنە دوورەدەستەکان، ناتوانرێت درێژە بەخوێندن بدەن، دەبێت ئەو وانەبێژانەی وانەیان تێدا وتووەتەوە، ببن بە بەردەوام و دڵنیایی مادی و مەعنەویان پێبدرێت و لە کاتی خۆیدا شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت، بەهیوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە ئەم بابەتە زۆر بەهەند وەربگرێت.

وتاری زیاتر







نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو