مەلا بەختیار

سەرئەنجامی هەڵبژاردن و خۆلادان لەهەڵەی ستراتیژی

  2021-10-25 14:18      102 جار بینراوە        کۆمێنت

هەروەكو چاوەڕوان دەكرا هەڵبژاردن سێ  ئەنجامی لێكەوتەوە:
1- رێژەی دەنگی هەموو هێزە عیراقی و كوردستانیەكان زۆر دابەزی.
2- نەخشەی سیاسی بنچینەیی عیراق نەگۆڕا.
3- كاردانەوەی توندی بەشێك لەهێزەكانی شیعە سەریهەڵدا.
ئەم سێ راستیە یەك بەیەك چارەنووسی هێزە عیراقی و كوردستانیەكان دەخاتە قۆناغێكی سەختی تاقیكردنەوەی حكومڕانی و جەماوەری. بۆ؟ وەڵامەكەی رۆشنە ئەویش ئەوەیە كە زۆربەی رەهای جەماوەر متمانەی بەم حزبانە نەماوە.
هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزی و دادوەری، شكستیان هێناوە. تێكەڵەی حكومەتی شەرعی و ناشەرعی، عیراقی عەرەبی و ناوچە كێشە لەسەرەكان بەڕێوەدەبەن. لەبەردەم دۆخێكی وا ئاڵۆزدا هێزە كوردستانیەكان هێشتا پەرشوو بڵاون و لایەنی كەم بەرنامەی هاوبەشیان نیە. ئەمە لەكاتێكدا لەم هەلومەرجەی ناوچەكەو عیراقدا، كوردایەتی بۆتەوە بەئەركی چارەنووسازی كوردستان. ئەركێكی چارەنووساز كە هێشتا دابڕاو نیە لەبارودۆخی عیراق. هەرئەم پێوەندی باشووری كوردستان و عیراقە لەچلەكانی سەدەی رابردوو بەدواوە كێشەی كوردی لەهەموو بەشەكانی كوردستان كردۆتە بەشێك لەپرسی دیموكراسی ناوچەكە كە بەداخەوە ڕەوتی مووزایەدەخوازی ناو كوردایەتی، ناو بەناو ئەم راستیە بابەتیە ئۆرگانیكیە لەنێوان بەشەكانی كوردستان و پرسی دیموكراسی دەكەنە پێخۆری هەستی هەڵچوونی ناسیۆنالیزم، سەرەڕای ئەوە لەهەموو بەشەكانی كوردستان شكستیان خواردوە. هەروەها لەبەرامبەردا هێزە ناسیۆنالیستەكانی ناوچەكەش، لەخەباتی مێژووكردی كوردایەتی لەبەرئەوەی دیموكراسی نین، مافی چارەنووسی كوردستان ناسەلمێنن. بۆیە كێشەی هێزە سەرانسەریەكانی ناوچەكەو كوردستان، لەلایەكەوە پێوەندی بەگۆڕانكاری بابەتیەوە هەیەو لەلایەكی ترەوە پێوەندی بەتەرازووی هێزەوە هەیە لەنێوان هێزە كوردستانیەكان و ناوچەكە.
عێراقی دوای هەڵبژاردن، نە هاوكێشە سیاسیەكانی گۆڕی و نە پێوەندی كوردستان و عیراقشی خستە قۆناغێكی ترەوە. بۆیە هاوسەنگی هێز لەنێوان كوردو شیعەو سوننە كاریگەریەكەی ماوە، بەهەندێك گۆڕانكاری كەمەوە ئەویش ئەمەی خوارەوەیە: كە ناكۆكی جەمسەربەندی نێوان شیعەكان و سوننەكان تا رادەیەك قوڵتر بوو ناكۆكی هێزە كوردستانیەكان كەمترە، بۆیە پێمانوایە زەمینەی رێكخستنی هێزە كوردستانیەكان لەچاو جاران لەبارترە.
دۆخی دانووستان لەعیراقدا بۆ مافە پێشێلكراوەكانی ئابووری و سیاسی و دەستوری گونجاوترە. ئەگەر هێزە كوردستانیەكان لەڕوانگەی بابەتیەوە سەیری دۆخی كوردستان و عیراق نەكەن، پێداگری لەسەر مافە تەسكەكانی حزبایەتی بكەن. نەك هەڵەیەكی تەكتیكی بەڵكوو هەڵەیەكی ستراتیژی دەكەن. بۆیە هەلە بەقووڵی هەلومەرجەكە  لێكبدرێتەوەو بە بەرنامەیەكی نەتەوەیی و دیموكراسیش، هەوڵ بدرێت توانای هێزە كوردستانیەكان یەك بخرێت. پێكیشەوە دوای چەندین كۆبوونەوەی دۆستانە بەبڕیاری هاوبەش و بەرنامەیەكی تۆكمەی دانووستاندن كە تەواوی مافەكانی كوردستان بەرجەستە بكات. هاوكات قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران و راگواستنی دێهاتەكانیش، بكرێنە بەشێكی دانووستان لەگەڵ بەغدا.
هێزە كوردستانیەكان لەئێستاوە تا هەڵبژاردنی كوردستان، دەكەونە ژێر چاودێری هەمەلایەنەی رای گشتی . ئەگەر لەم قۆناغە نوێیەدا لەعیراقی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە، وەفدی هاوبەش و بەرنامەی هاوبەش دەسكەوتی هاوبەش بۆ كوردستان بەدیبێنن، بێگومان متمانەی رای گشتی كوردستان زیاتر بەدەستدێنن. بەپێچەوانەشەوە هەرهێزێكی كوردستانی، لەدۆڵێكی تەسكی حزبایەتی دەهۆڵ لێبدا بێگومان چارەنووسیان لەهەڵبژاردنی عیراق باشتر نابێت.
24/10/2021 
نەخۆشخانەی بەرلین

 

وتاری زیاتر









كۆچی شیهاب عوسمان.. خەمێكی تر‬ مەلا بەختیار
2021-01-04 17:39      156 جار بینراوە


مام عەبدولخالق.. مێژووت هەیە ‬ مەلا بەختیار
2020-11-15 12:13      159 جار بینراوە



مام.. ئازادیت باش‬ مەلا بەختیار
2020-10-03 13:57      215 جار بینراوە


هات و نەهاتەكەی هاتنی كازمی‬ مەلا بەختیار
2020-09-12 21:05      173 جار بینراوە

عومەر شیرەمەڕیی كۆچت ناوەختە!‬ مەلا بەختیار
2020-09-08 14:56      221 جار بینراوە














نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو