د.سەردار عەزیز

چەند سەرنجێک دەربارەی هەڵبژاردنەکانی عیراق

  2021-10-24 20:10      113 جار بینراوە        کۆمێنت

هەڵبژاردن ئەو ساتەوەختە دەگمەنەیە، کە تیایدا خەڵک و دەسەڵات رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، جگە لەهەڵبژاردن یان هەڵنەبژاردن لەڕووی سیاسییەوە، هەڵبژاردن چەندین رەهەندی تری ئابووری و فیکریی و کۆمەڵایەتیمان بۆ رووندەکاتەوە، پێش هەموو شتێکی تر رۆژی هەڵبژاردن رۆژی نمایشی کۆمەڵگایە، بۆ خواستی، تووڕەیی، ئومێدو هەورەها نائومێدیشیی، هەڵبژاردنەکانی عیراق زۆر خەسڵەت و رەهەندی کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆی عیراقی بۆ دەرخستین.
یەکەم، ئەم هەڵبژاردنە کەمترین ساختەکاری تیادابوو، بۆیە دەکرێت وەک پێوەرو پێوانەیەکی باش ببینرێت، بۆ زۆر رەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەوەی پێش هەموو شتێک جێگای سەرنجە کە هێشتا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، چونکە دوای کۆتایی دیموکراسی لە تونس، هیچ وڵاتێکی تری عەرەبی نییە هەڵبژاردنی تیادا بەڕێوەبچێت، بەڵام بایکۆتی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک لەپرۆسەکە لەنێو هەموو پێکهاتەکانی عیراقدا، دەرخەری ئەو راستییەیە کە چیدی هەڵبژاردن وەک ئامرازێکی گۆڕانکاری تەماشا ناکرێت لەلایەن زۆرینەوە، ئایا دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە وەها دەکات کە خەڵکی رایان بگۆڕێت بەرامبەر هەڵبژاردن وەک ئامرازێکی گۆڕانکاریی؟ ئەمە لەسەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی حکومەتی نوێی عیراقی وەستاوە لەساڵانی داهاتوودا، ئەگەر بتوانرێت بەئاسانیی حکومەت پێکبهێنرێت. 
دووەم، لەکاتێکدا هەڵبژاردنەکە بەسیستەمێکی نوێی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، بەڵام سیستەمەکە هێندە سوودی لێنەبینرا هەتا نوێنەری لۆکاڵ، لەسەر بنەمای خەم و پێداویستییەکانی لۆکاڵ هەڵبژێردرێت، ئەم تەرجەمە نەبوونەی یاساکە بۆ واقیع، رەنگە پێویست بەچەند خولێکی تر بکات، تشیرینییەکان کاتێک داوی یاساکەیان کرد، ئامانجیان ئەوەبوو کە بتوانن لەدەرەوەی گروپ و حزبە گەورەکانەوە لەسنوورێکی تایبەتدا بۆ پێداویستی رۆژانەو ژیاری خەڵک بچنە پەرلەمان. 
لەزانستی نوێنەرایەتیدا بەمجۆرە نوێنەرایەتییە دەڵێین دیلەگەیت. دیلیگەیت ئەو جۆرە نوێنەرەیە کە هەڵسوکەوتی رەنگدانەوەی رەفتاری بازنەی هەڵبژاردنەکەیەتی نەک پلان و بەرنامەی خۆی. 
بیرمەندی کورد مەسعود محەمەد، لەکتێبی گەشتی ژیانمدا، بەناڕاستەوخۆیی ئاماژە بەم پرسە دەدات، ناوبراو کاتێک نوێنەربووە لە بەغدا، ئەوەی بەباش زانیوە کە کارێک بۆ شارۆچکەیەک بکات، یان کەسێک لەزیندان ئازاد بکات، لەجیاتی ئەوەی باس لەکێشەی ئەوانیتر بکات لەجێگا دوورەکان.
من کە نایب بووم، دەبوو بزانم و لێشم بسەلمێندرێت، هەوڵدان و سەرکەوتنم بۆ کردنەوەی قوتابخانەیەک لە لادێیەکی کوردستان؛ هەزاران هەزار جار سوودمەندترو بەشەرەفترە لەنازو فیزی شانۆگەرانەیی، قسەقەڵەوی پف هەڵدراوی تاوانبارکردنی پەیمانی ئەتلانتیک لەئاست پەیمانی وارشۆدا. ئاکرێ کارەبای لێ هەڵکرابایە هەزاران هەزار ئەو قەسیدانەی دەهێنا بۆ کۆریای شیمالی و بوولبوولی رەش هەڵدەبەستران. 
دوو گەشتەکەی "گۆران" بۆ هەورامان و قۆپی هەموو ئەو بەشەی دەهێنا لەدیوانەکەی کە خەریکی چەپایەتییە، چوونم بۆ لای نووری سەعید- کەوا ڕەنگە بەلای چەپڕۆیەکەوە ناجایەز بێت، هەموو هەڵوەست و گوتارو دووانێکم دەهێنێت کە بەدڵگەرمی و بێ ئامانجی واقعی لەمن کەوتوونەتەوە، چونکە عەشرەتێکی کوردی گیڕایەوە بۆ شوێنی خۆی و کۆمەڵێ حەپسی چەند ساڵەی رەها کرد.) سەرچاوە: مەسعود محەمەد 'گەشتی ژیانم' لاپەڕە: ٤٤٤-٤٤٥
ئەمجۆرە نوێنەرایەتیە حیکایەتە گەورەکان دەکوژێت، عیراق کێشەی گەورەی هەیە لەگەڵ حیکایەتە گەورەکاندا، چەمکی حیکایەتی گەورە لە لیوتارەوە وەردەگرم، بەڵام بۆ مەبەستی خۆم. حیکایەتی گەورە، چ تایفێتی، ناسیونالیزمی مەدەنی، ئیتنی یان نەتەوەیی، هەموو بۆ خەڵکی سادەو ژاینی رۆژانەی خەڵ رەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو. هەرچەندە تشرینییەکان زۆرینەیان سەر بەقوتابخانەی ناسیونالیزمی مەدەینین بڕوایان وایە عیراق دەکرێت ببێتە ماڵی هەمووان، بەڵام پێداگرییان لەسەر عیراق، زیاتر لەوەڵامی ئێراندایە،
دیارە ئەگەر هەموو بازنەکان کەسی تایبەت بەناوچەی خۆیان هەڵبژێرن و تەنها خەمی ناوچەی خۆی بخوات ئەوا، حکومداری بەئاسانی بەڕێوەناچێت، چونکە دەبێت حکومەت هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەجێگایەک کارێک بکات، بۆیە خەمی گەورەش هاوشانی خەمی لۆکاڵی زەرورە.
سێیەم، هەڵبژاردنەکە بەگشتی نێرانە بوو، هەرچەندە هەموو بازنەیەک کۆتایی ئافرەتی هەبوو و زیاتر لە نەوەد ئافرەت دەچنە پەرلەمان، بەڵام لەبانگەشەدا پرسی ئافرەت بەتەواوی ون بوو، لە عیراقدا کۆمەڵێک یاسای چەوتی دژە ژن و رەفتاری دژە ئافرەت و نەرێتی کۆمەڵایەتی دژ بە مێینە بوونیان هەیە، لە عیراقدا پیاو بەیاسا مافی سزادانی هاوسەرەکەی هەیە، بەدەربوونی ئافرەت و خەمەکانی لەکایەی سیاسیدا نیشانەی دواکەوتیی زۆری ئەم کۆمەڵگایەیە، لەکوردستان و عیراقیشدا کاتێک دەتەوێت باس لەپرسی ئافرەت بکەی خێرا پیاتدا هەڵدەشاخێن و دەڵێن ئێمە کارەبامان نییە، پرسی ئافرەت با بوەستێت، ئەمە لەکاتێکدا ئافرەت زۆرینەی دانیشوتوانی عیراقن، زۆرترین ئازارو نەهامەتی و دەردەسەری دەچێژن، هێشتا وەک ئاژەڵ دەبینرێن و وەها سەیر دەکرێن بۆئەوەی کێشەیان نەمێنێت هەر چەندێکیان بەسەر پیاوێکدا دابەشبکەن، لەکورستانیش پرسی ئافرەت پرسێکی سەرەکی هەڵبژاردنەکان نەبوو. 
چوارهەم، هەڵەیە بەم هەڵبژاردنە بڵێین هەڵبژاردنی عیراق، ئەوەی روودەدات، چەند هەڵبژاردنێکە لەهەناو کۆمەڵگای جیاوازدا لەناو خاکی عیراقدا، هەڵبژاردنی کوردستان، هیچ پەیوەندی بەهەڵبژاردنەکانی سوننەوە نییە، لەهەمانکاتدا هەردوو کوردو سوننە هیچ پەیوەندییان بە شیعەوە نییە، ئەمە بۆ کەمینە بچووکەکانیش راستە، دابرانی هەڵبژاردنەکان و نەبوونی خەمی هاوبەش و پرسی هاوبەش، دەرخەری ئەوەیە کە هەڵبژاردن و حکومەت دروستکردن پرسێکی هاوبەش نییە لەنێوان پێکهاتەکانی عیراقدا، بەڵکو هەریەکەو لەڕوانگەی خۆیەوە حکومەت دروستدەکات، بۆ خۆی دروستی دەکات، بەڵام پاشان ناچاریی کۆیان دەکاتەوە، ئەم هەڵبژاردنە بە جودایی وەها دەکات پرسی ناسیونالیزمی مەدەنی لەبەردەم پرسی شوناسدا چۆک دابدات، ئەم دۆخە نادیموکراسییە وەها دەکات کە زۆرینە چەسپیوبێت و کەمیەنش چەسپیو، بۆیە دووبارەبوونەوەی دۆخەکە ئەگەرێکی زۆرە.
سەرباری ئەم خاڵانە هەڵبژاردن کۆمەڵێک دیاردەی تری بۆ دەرخستین، یەکێک لەزەقترین دیاردەکان کۆتایی پیرۆزی و کاریگەریی مەرجەعی شیعەو کەسێکی وەک سیستانییە لەناو جەماوەری شیعەدا، سیستانی گەرچی داوای لەخەڵک کرد بڕۆن بۆ دەنگدان و زۆربەی چاودێران وەها دەبینی کە خەڵکی بەدەم بانگەوازەکەیەوە دێن، بەڵام بەپێچەوانەوە زۆرینە لەماڵەکانیان مانەوە، لەهەمانکاتدا لەنێوان لاوانی باشووردا بێزاری بەرامبەر حیزبە ئیسلامییە شیعەکان بەئاستێکە، کە ئەوان نەک داوی عەلمانییەت دەکەن، کە جوداکردنەوەی ئایینە لەدەسەڵات، بەڵکو داوای شێوازی فەرەنسی لەعەلمانییەت دەکەن کە لاییکە. لاییک ئایین لەپانتایی گشتی دەکاتە دەرەوەو بەتەواوی دەیکاتە پرسێکی تایبەت یان شەخسی. 
سوننە لەم هەڵبژاردنەدا یەکگرتووتر دەرکەوتن، رەنگە ئەمە وەهایان لێبکات کەسێک یان هێزێکی گەورە کۆیان بکاتەوە. لەکوردستان سەرباری دەنگنەدانی زۆرینە، بەڵام پارتی زیاتر بوو بە پارتی باڵادەست لەهەرێم. شکستی هەموو ئەوانیتر لەبەرامبەر پارتیدا ئەو خەیاڵەی پارتی دەکاتە حەقیقەت کە خۆی بەباڵادەست وخاوەن دەزانێت لەکوردستان. 
لەئاستی هەرێمیدا ئێران لاواز بوو. ئەمەش دەرئەنجامێکی چاوەڕوان نەکراوبوو، ئایا میلیشیا چەکدارەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعەدا دەکەم؟ رۆژانی داهاتوو بۆمان رووندەکاتەوە.

وتاری زیاتر

بۆ کۆچ؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-11-13 21:32      130 جار بینراوە

بۆچی سەربەخۆکان سەرنەکەوتن؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-10-16 17:57      142 جار بینراوە

قەیرانەکانی خێزانی کوردی‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-16 13:36      225 جار بینراوە

ناین ئیلێڤن ٩١١‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-11 17:27      805 جار بینراوە


کۆمیونیزم و جیهادیزم لەگوند‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-27 11:18      161 جار بینراوە

کەوتنی کابول ‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-16 19:04      582 جار بینراوە



تڕەکەڵەکی کازمی‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-24 15:40      423 جار بینراوە

تارماییەکانی مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-17 19:27      851 جار بینراوە


ئەردۆگان و یاریی کورد‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 17:15      424 جار بینراوە

پاش ئەوروپا‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 10:08      243 جار بینراوە


بایدن و ئەردۆگان پاش دیدار‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-18 13:53      158 جار بینراوە

بایدن و ئەردۆگان‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-09 10:10      208 جار بینراوە



ئایا خاکی کوردستان فرۆشراوە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-02 18:57      197 جار بینراوە

جەمشیدو مەعریفەی بێ رێچکە‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-31 14:48      271 جار بینراوە

نەفرەتی بێدەوڵەتیی!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-29 17:57      180 جار بینراوە

ئایا مەترسی لەئارادایە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-22 17:55      217 جار بینراوە


دەستوورێک بۆ هەرێم؟!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-10 14:31      211 جار بینراوە

سەما لە سەردەمی بازاڕدا‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-03 15:14      192 جار بینراوە

بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-01 16:30      168 جار بینراوە

قەیرانی گەشە لە کوردستان‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-26 18:41      283 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو