21/10/2021
دیارترین رووی حزب لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەردەکەوێت کاتێک بەشان و باڵی خۆیدا هەڵدەدات و باسی مێژووەکەی خۆی دەگێڕێتەوە بۆ ئەوانەی لەتەمەنی ئەو رابردووەدا نەبوون، جا زۆرێک باوەڕ دەکەن و زۆرێکیش رابردووەکە دەکەنە پێوەر، ئەگەر حزبەکە خاوەنی دەسکەوتی زۆر و باش بووبێت و پشکێکی گرنگی هەبووبێت لە پێشخستنی کۆمەڵگە و فەراهەم کردنی چەمکەکانی ژیان، ئەوا بەبێ دوو دڵی خەڵک دەنگی پێدەدەنەوە و دەیانکەنەوە بە نوێنەری خۆیان.
دەکرێت حزبێک بۆ سەدان ساڵ هەر بمێنێتەوە و درێژە بەکاری سیاسیی بدات، حزبی کۆمارییەکان لە ئەمریکا تەمەنی 167 ساڵە و تائێستا ململانێی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە دەکات، هەروا دیموکراتەکان 193 ساڵە.
دەبێت بزانین، هەموو ئەو پێشکەوتنانەی ئێستا ئەمریکا بەخۆیەوە دەبینێت دەگەڕێتەوە بۆ کارکردنی ئەو دوو حزبە بەو پێیەی هەر ئەوان لەدەسەڵاتدا بوون.
ئێستا لە ئەمریکا هێندەی خەڵک لە بیری کەمکردنەوەی باج و نرخی سووتەمەنی و بێکاریی و بیمەی کۆمەڵایەتی و نەخۆشیدان، لە بیری ئەوەدا نین ئەم حزب باشە یان ئەویان، چونکە لەوە بوونەتەوە کە حزب دەبێت بۆ بەڕیوەبردنی وڵات بێت و بەردەوام لە هەوڵی باشتر کردنی ژیانی خەڵکەکەیدا بێت، هەڵبەتە ئەمە لە پاڵ چەسپاندن و فراوانکردنی هەیمەنە و سەروەریی و ناوبانگی وڵاتەکەش بە مەبەستی دابین کردنی ژیانێکی مسۆگەر بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەروەک ئەوەی لە نەرویج بەرامبەر سیاسەتی دەرهێنانی نەوت دەیگرنەبەر و دەستی پێوە دەگرن بۆ نەوەی داهاتوو پاش دەیان ساڵ.
کەواتە ئەرکی حزب تەنها تێپەڕاندنی خولەکانی مانگ و ساڵ نییە، بەستنی کۆنگرە و بانگهێشت کردنی خەڵک نییە بۆ ئەو کۆبوونەوانەی کە تێیدا تەنها نمایشیی بازوو دەکەن، حزب دەبێت رۆژانە تێکەڵ بە رووداوەکانی ژیانی ئەو کۆمەڵگەیە بێت و نەهێڵێت ژیانی خەڵک سبەینێی لەوەی ئەمڕۆ خراپتر بێت.
خەڵک داخوازیی هەیە و رووبەڕووی حزب و نوێنەرەکانیانی دەکاتەوە لە حکومەتدا، ئەوان ناتوانن بڵێن دەسەڵاتمان نییە، ئەگەر نیتە کورسییەکە چۆڵ بکە با خەڵکیش داواکەیان ئاراستەی ئەو کەسە یان ئەو لایەنە بکەن کە دەتوانێت بەرپرسیارێتییەکە بگرێتە ئەستۆ.
واباوە حزبەکان هەندێکیان بەشداریی لە پێکهێنانی حکومەت دەکەن و هەندێکیشیان لە پەرلەماندا وەک ئۆپۆزسیون بۆ چاودێری بەسەر کارەکانی حکومەتەوە دەمێننەوە، ئەمانە لە ماوەی بەڕێکردنی ئەو چوار ساڵە، هەڵدەستن کەموکووڕییەکان دەدۆزنەوە لە ئەدای حکومەتەکە و هەوڵ دەدەن لەم رێگەوە دەنگی خەڵک کۆبکەنەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، واتا لێرەوە و بەم شێوازە دەیانەوێت دەسەڵات بگرنە دەست.
هەرچی بەشدارانی ناو حکومەتیشە دەبێت لە پێناوی پووچەڵ کردنەوەی ئیدیعا و رەخنەکانی بەرەی ئوپۆزسیون، پەرە بە سێکتەرە گشتییەکان بدەن کە کۆمەڵگە لە ژیانی رۆژانەیدا پێویستی پێیەتی، ئەمان دەتوانن بە کاری باش لە ئاوەدانکردنەوە، گەرمکردنی بازاڕ، پڕۆژەی گەورە و بچووک، جوانکردنی وڵات، بەرزکردنەوەی ئابووری تاک، پاراستنی ئاساییش و سەروەریی یاسا، دادپەروەریی و سەربەخۆیی دادگاکان، هەموو ئەمانە دەکرێت رۆژانە حکومەت کاریان لەسەر بکات و پێشیان بخات، بەمەش مانەوەی خۆی وەک حزب لە دەسەڵاتدا بۆ درێژخایەن مسۆگەر دەکات.
لەدوای ئەم هەڵبژاردنەی دواییەوە کە لە رۆژانی بانگەشەدا دەیان بەڵێنی جۆراوجۆر بە خەڵک دراوە لەبارەی هەموو ئەو سێکتەرانەوە کە باسمان کردن، کەچی لەگەڵ ئەوەی هێشتا حکومەتی نوێش دانەمەزراوە، بەڵام هەندێک شت نرخەکانیان زۆر هەڵکشاوەتە سەر بەبێ ئەوەی رێژەی مووچە و داهاتی تاک گۆڕانکاریی بەسەردا هاتبێت.
10 رۆژ بەسەر دەنگداندا تێپەڕیوە و نرخی سووتەمەنییەکان لەوانە بەنزین کە پێویستییەکی گرنگی رۆژانەیە، بە جۆرێک گران بووە کە نزیک دەبێتەوە لە دوو بەرامبەر.
لە دوو هەفتەی پێش هەڵبژاردن بەنزینی بەغدا هێنرایە هەرێم و بەمەش کەمترین نرخ هاتە سەر 690 دینار، کەچی لەدوای دەنگدانەوە نرخەکە چووە سەر، ئەی حزب نازانێت خەڵک ئەمە دەزانێت و هەڵبژاردنی دیکەشمان لەبەردەم ماوە؟ ئەی چۆن دەتوانن چاوەڕوانی کۆکردنەوەی دەنگی خەڵک بکەن بۆ درێژە پێدانی حکومڕانی؟
خۆدەکرا تا چەند مانگێکی دیکەش ئەم نرخە دەستکاریی نەکرایە و وەک دیارییەک بۆ خەڵکە دەنگدەرەکە بمابایەتەوە و حکومەت خۆی پارەی بخستایەتە سەر نەک لەسەر خەڵکی زیاد بکات.
بیست سەنتی دۆلار نزیکەی 300 دینارە، ئەگەر حکومەت رۆژانە 2 ملیون بیست سەنتی بخستایەتە سەر کەمکردنەوەی نرخی بەنزین، زیانێکی ئەوتۆی لێ نەدەکەوت، رەنگە تەنها بە کەمکردنەوەی خەرجی رۆژانەی دیوانەکانی سەرۆکایەتییەکان دەریبهێنابایەتەوە.
دەبێت حزبە بەشداربووەکانی ناو حکومەتی هەرێم لەم ماوەی کەمتر لە دوو ساڵی داهاتووەدا بکەونە خۆیان، ژیانی خەڵک بە جۆرێک بگۆڕن کە هەستی پێ بکرێت و پێیەوە دیار بێت، ئەگەر نا ئەمە راستییە و خەڵک باوەڕی نامێنێت و روو لەو هەڵتۆقیوانە دەکات کە بەڵێنیان پێدەدەن، رەنگە خەڵک روویان تێبکات و سەیان بخات، ئەگەرچی هیچ گرەنتییەک نییە ئەوان بتوانن باشتر لە مەی کە هەیە خزمەت بە خەڵک بکەن، بەڵام بێزاریی خەڵک وادەکات دەنگ بهێنن خەڵک دەڵێت تاقییان دەکەینەوە هەر وەک ئەوانەی پێشتر، تاقیکردنەوەکەش زیان دەگەیەنێت بە حزبە حکومڕانەکانی ئێستا و هەموو کۆمەڵگەش.