پاش لاچوونی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق، عادل عەبدولمەهدی بەفشاری هەندێك لایەن لەڕێی رێكخستنی خۆپیشاندانی فراوان و دانانی مستەفا كازمی بەسەرۆك وەزیرو ئەمجا بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەخت، قسە زۆر لەسەر كردن و نەكردنی كراو زۆر لایەن گومانیان لەمەبەستی ئەم هەڵبژاردنە دەربڕی و هەندێ لایەنیش بڕیاریاندا بەشداری نەكەن گەرچی دوو سێیەكیان پەشیمان بوونەوە، هەندێكی تریش قسەی زۆریان لەسەر ئەنجامدانی تەزویر كردو زۆریشیان لەسەر خراپیی ئامێرەكانی دەنگدان گوت، بەڵام سەرەنجام لە (10/10/2020) هەڵبژاردنەكە كراو دواتریش ئەنجامەكان راگەیەدنرا.
لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكانیش كە بەقسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بەرایی بوون، دەنگی ناڕەزایی زۆر بەرزبووەوە تاڕادەی چوونە سەر شەقام و گومان خستنە سەر هەڵبژاردنەكە لەلایەن هەندێ حزب و هاوپەیمانییەوەو تا نووسینی ئەم بابەتەش، ناڕەزایی زۆر بەردەوامە. ناڕەزاییەكانی بەر لەهەڵبژاردن و ئەوانەی پاش هەڵبژاردنیش، راست بن یا نادروست، بەڵام هەڵبژاردنێكی پڕ كەموكورتی بوو، لەیاساكەیەوە، تا پرۆسەكەی و ئەنجامەكانیشی:
- لەهەندێ بازنە كاندید هەیە زیاتر لە دە هەزار دەنگی هێناوە، دەرنەچووە، كەچی لەبازنەی تر بە سێ هەزار دەنگ یا كەمتر كاندید دەرچووە!
- هاوپەیمانی وەتەنییە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، بەر لەهەڵبژاردن ، نووسراویان كردووە بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەبارەی ئەوەی گومانیان هەیە لەباشی و كاری ئامێرە ئەلكترۆنییەكانی دەنگدان، چونكە مستەفا كازمی لەپاش هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بە ئەیاد عەللاوی گوتووە ، كە كەسێكی تەكنیككارو شارەزا لەكاری كۆمپیوتەرو پرۆگرامدا، دزەی كردۆتە نێو ئامێرە ئەلكترۆنییەكانی دەنگدان و ئەنجامەكانی گۆڕیوە!
- كاندیدێك كە بەر لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەكەی ١٠/١٠ بەدوومانگ زیاتر كۆچی دوایی كردبوو، لەهەڵبژاردنەكەدا دەرچووە!
- قسەكەری كۆمسیۆنی باڵاو ژمارەیەك لەئەندامەكانیش، چەندجارێك جەختیان لەوە كردەوە كە ئامێرە ئەلكترۆنییەكانی دەنگدان ئۆتۆماتیكی سەعات شەشی ئێوارە لەكار دەوەستن، بەڵام لەچەند وێستگەیەك نزیك سەعات حەوت وەستاون.
- ژمارەیەكی ئێجگار زۆر لەهاووڵاتیان لەدەنگدان بێبەش بوون بەهۆی ئەوەێ ئامێرەكان نەخشی پەنچەیانی نەدەخوێندەوە.
- لایەنێك لەناوچەیەك چەند بەربژێرێكی دەرچووە ، كەپێستر لەو شوێنە دەركراوەو رێگەی پێنەدراوە بانگەشەی لێبكات!
- بەشێكی زۆری وێستگەكان سندوقی ئەلیكترۆنی دەنگدانەكەیان دوای سەعات هەشت و نیو كەوتوونەتە كار.
- لەهەموو ئەوانەش كرنگتر ئەوەیە ، زۆربەی چاودێران دەڵێن رێژەی دەنگدان لەسەدا بیست تێنەپەڕیوە، ئەمەش گەر وابێ، دەلالەتی شكستی هەڵبژاردنەكەیە، چونكە ناكرێ ویستی لەسەدا بیستی دەنگدەرانی وڵاتێك حوكمی لەسەدا هەشتاكەی بكات!