فەتحوڵڵا حسێنی

رۆژاڤا لە بەردەم دوو جۆر ئۆپۆزسیۆندا

  2021-10-18 19:51      161 جار بینراوە        کۆمێنت

دوای ساڵانێكی سەخت و دژوار ‌و دوای زنجیرەیەك لە كۆبوونەوەی گرنگی عەرەبی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، دوای كۆمەڵێك كۆنگرە، كە دەتوانرا تیایاندا پڕۆژە ئیدارەی خۆجێیی وەك بەشێك لە واقیع و پڕۆژەیەكی سیاسی پێناسە بكرێت كە ئاشتیی كۆمەڵایەتی پاراستووە و ژیانی پێنج ملیۆن هاووڵاتی سوریای بە كورد‌و عەرەب و پێكهاتەكانی دیكەوە پاراستووە، بە تایبەتی كە زۆر لە وڵاتە خۆرئاواییەكان و عەرەبییەكانیش بێ هیچ سڵكردنەوەیەك پەیوەندیی دیپلۆماسی و سەربازییان لەگەڵ ئیدارەی خۆجێییدا دروست كردووە.

بەڵام كوردی رۆژاڤا لە بەرامبەر دوو ئۆپۆزسیۆنی باش و خراپدا وەستاون، یەكێكیان ئەو لایەنانەن كە لە ژێر چەتری ئەنجومەنی سوریای دیموكراتدا كۆبوونەتەوە، ئەمانە كۆمەڵێك حزبی سوریان كە ئۆپۆزسیۆنێكی باشیان پێكهێناوە، حزبی سیاسی عەرەبی و كوردین، رەخنەش دەگرن و رۆژنامەش دەردەكەن، بەڵام چەپڵە بۆ هەموو شتێك لێ نادەن، بگرە زیاتر چاودێریی بڕیارەكانی ئیدارەی خۆجێیی دەكەن و رەخنەی لێ دەگرن، ئەگەر بڕیارەكان لە خزمەتی گەلانی سوریادا نەبوون. ئەمانە ئەو حزبانە بوون كە پارێزگارییان لە پێگەی نیشتمانپەروەرانەی خۆیان كردووە.

بەڵام ئۆپۆزسیۆنی خراپ، بە بڕوای چاودێران ئەو حزبانەن كە لە ئەنجومەنی نیشتمانیدا كۆبوونەتەوە و بوونەتە بەشێك لە ئەجێندای توركیا و هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی عەرەبی، ئەمانە بەردەوام دژایەتی چڕی ئیدارەی خۆجێیی دەكەن و رەخنەگر نین، بەڵكو دژن، بەوپەڕی دڵڕەقی و بە هەموو توانایەكی سیاسییەوە دژی پڕۆژەكە دەوەستنەوە و هەوڵدەدەن واقیعەكە بشێوێنن، هەموو بیانووەكانیشیان تەنیا دژایەتی كردنە و بۆ رازیكردنی توركیایە، ئەو توركیایەی كە زۆر تاوانی جەنگی پیادەکردووە لە ناوچەكانی سوریا، بە تایبەتیش لە ناوچە كوردنشینەكاندا.

بەوتەی ئەو چاودێرانە ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنەیان، پەیوەستن بە ئەجێندای دەوڵەتێكی دوژمنكارەوە، هەر لەبەر ئەوەشە خۆی لە دەرەوەی پڕۆژەی كورددا دەبینێتەوە و منەتی بە ئیدارەی خۆجێیی نییە، لە كاتێكدا هەندێك وڵاتی گەورە بە هەموو قورسایی خۆیەوە خۆی بە قەرزاری ئیدارەی خۆجێیی دەزانێت لەبەرامبەر ئەو خەباتەی ئیدارەی خۆجێیی دژی تیرۆریزم كردوێتی.

لەگەڵ ئەو رۆڵەشدا كە ئەو جۆرەی دووەمی ئۆپۆزسیۆن گێڕاویەتی، ئیدارەی خۆجێیی هەوڵی داوە ئارامیی ناوچەكە بپارێزێت، بەو هەموو ئاڵۆزییەوە کە بەرۆکی ناوچەکانی گرتووە، كە هێرشی دەرەكی و ناوخۆییشی لەسەر بووە، هێشتا هەر خۆڕاگر بووە، لەبەرئەوە بەبێ ئیدارەی خۆجێیی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی لە سوریا ئەستەمە، هەر لەبەر ئەوەشە كە ئێستا لە هەموو دیدار و كۆبوونەوەكاندا جەخت لە گرنگی بەشداریی ئیدارەی خۆجێیی دەكرێتەوە لە گفتوگۆكانی داهاتوودا، ئەمەش سەرەتایەكی باشە بۆ ئەوەی ئیدارەی خۆجێیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قبووڵ بكرێت و گفتوگۆی رەسمیش لەگەڵ ئیدارەكەدا دەست پێ بكات.

حكومەتی دیمەشق خۆی لە واقیعی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا دەدزێتەوە و خۆی بە بەرپرس نازانێت لەوەی كە لەوێ روودەدات، ئەوەتا توركیا بەردەوام هێرش دەكاتە سەری، مەسەلەی بڕینی ئاو، بارودۆخی ئاسایش لەو ناوچانە، مەسەلەی تیرۆر و كێشە ئابوورییەكان، هەموو ئەم شتانە روو دەدەن و حكومەتی دیمەشقیش وا رەفتار دەكات وەك ئەوەی ئەم رووداوانە لە دەرەوەی وڵاتەكەی روو بدەن، پێیوایە ئەم بابەتانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی بەرپرسیاریی ئەودایە، ئەمەش خۆدزینەوەیەكی ئاشكرایە لەو واقیعەی هەیە و ئاشكرایە، واقیعەكەش ئەوەیە كە ئیدارەی خۆجێیی لەگەڵ هەموو نەهامەتییەكاندا و لەگەڵ بوونی گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی نەیاریشیدا، سەركەوتوو بووە و خۆڕاگر بووە.

پێویستە هەموان لەوە تێبگەن كە كورد كاتێك سیمای چارەسەری داهاتووی سوریا دەكێشێت، پشت بە هەڵوێستەكانی رژێمی دیمەشق نابەستێت، كە خۆی لە بەرپرسیاریی دەدزێتەوە، لە كاتێكدا كە بەپێی نەریتە نێودەوڵەتییەكان تائێستاش حكومەتی شەرعییە، كورد خۆدزینەوەی نییە و توانیوێتی لە رووی سەربازییەوە خۆڕاگربێت و پڕۆژە سیاسییەكەشی ژیرانە و بە ئارامی جێگیر بكات، ئەوەش لە كاتێكدایە كە توركیا بە عەقڵییەتێكی شۆڤێنیستانە هێرشی كردۆتە سەر ناوچەكە، لەهێرشەكانیشدا هیچ جیاوازییەكی لە نێوان چەکدار و مەدەنی و نێوان نەخۆشخانە‌ و سەربازگەكاندا نەكردووە، ئەوەی لەبەردەمیدا بووبێت كوێرانە هێرشی كردۆتە سەری، لەبەرئەوە پێویستە هەموان ئەوە بزانن کە مەترسیی توركیا بەردوامە تا بەو جۆرە بیر بكاتەوە و دژی كورد بووەستێتەوە.

وتاری زیاتر


















كوردی رۆژاڤا لەكۆشكی ئەلیزێ‬ فەتحوڵڵا حسێنی
2021-08-12 12:17      500 جار بینراوە













نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو