گومان هەیە کە لە وڵاتێکی وەک ئەوەی ئێمەدا و لە هەڵبژاردنێکی لەم جۆرەدا، پرۆسەی هەڵبژاردن بەبێ ساختەکاریی تێبپەڕێت، چونکە ئەنجامی دەنگەکان دیارن کە ئەم حزبانە لە کوێوە دەنگیان هێناوە؟
هەروەک ئەوەی پێشتر رێژەکە ئامادە کرابێت کە سوننەکان ئەو رێژە دەنگە بهێنن و کوردیش بەشێکیان لە هەندێ ناوچە دەنگیان چۆتە سەرەوە، کە دەبوا هەر وەدەربنرێن نەک دەنگی تێدا بێنن. دەستوەردانەکە ئەوەی پێوە دیارە کە دەستی دەرەکی هەیە لە کێشانی نەخشەی هەڵبژاردن و دیاریکردنی رێژەی کورسییەکان، بەڵام بابەتەکەی ئێمە لەسەر ئاستی قبووڵکردنی ئەنجامەکانە لەلای کاندید نەک حزب.
کاندیدەکان و گازاندەی دوای دەرچوونی ئەنجامەکان
کاندیدەکان دەبوا بە براوە و نەبراوەوە لەسەر ساختەکاریی لە پرۆسەکەدا بهاتبانایە دەنگ، نەک لەسەر خۆیان و هاوەڵەکانیان و لیستەکەیان بنەماکانی دیموکراسی بشێوێنن.
ئەوەی خۆی کاندید دەکات بۆ هەڵبژاردنێک، خۆیمان پێ دەناسێنێت و سەدان جار دەڵێت لە روانگەی باوەڕبوونم بە سیستمی دیموکراسییەوە خۆم کاندید دەکەم و خزمەتتان دەکەم و هەرچی داواکاریی ئێوە هەیە دەیبەمە ناو پەرلەمان، پێشمان دەڵێت: وەک ئەرکێکی تاک ئەگەر باوەڕتان بە دیموکراسی هەیە بچن دەنگ بدەن.
بەڵام سەیر ئەوەیە لەپاش بەڵام بە دەرنەچوونی، تووڕە دەبێت و یاخی دەبێت، لۆمەی نەک پرۆسەکە، بەڵکو هاوەڵەکانی و حزبەکەشی دەکات، بەوەشەوە ناوەستێت ئەوەی لە بیردەچێتەوە چۆن ستایشی بەرپرسە حزبییەکەی دەکرد کاتێک کاندیدی کرد بۆ ئەو هەڵبژاردنە، کەچی کە دەرنەچووە داوای دەست لەکارکێشانەوەی ئەویش دەکات.
دیموکراسی دوو دیو
وتمان ئەم دیموکراسییە لەم وڵاتە و لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەر وەک ئەو چاکەتە وایە کە کەسێک لە لەندەن و یەکێکی تر لێرە دەیپۆشێت، بەڕواڵەت هەر یەکە، بەڵام کەسەکان و شوێنەکان جیاوازن.
دیموکراسی لێرە تەنها ناوێکە بۆ خۆ جوان کردن و زۆرێکیش لەوانە کە دەڵێن کاری بۆ دەکەین، نازانن ناوەڕۆکی سیستمەکە چییە و (ئیستیسنای) بۆ دادەنێن، ئەمەیان لە دەرەوەی ئایینە، ئەمەیان کۆمەڵگە قبوڵی ناکات، ئەمەیان لە خێزاندا جێی نابێتەوە، ئەوەیان بێ رێزییە بە عەشیرەت، یەکێکی تریش لەبەر خاتری خاترانە و هەر دەبێت وابێت.
جا دیموکراسییەک ئەم هەموو (ئیستیسنایەی) تێدابێت، ئیتر چۆن دەتوانێت لەناو کۆمەڵگەدا وەک خۆی رەنگبداتەوە و چۆنیش کەسی کاندیدی دۆڕاو یاخی نابێت و سۆشیال میدیا و چایخانە و کۆڵان ناگرێت بۆ بڵاوکردنەوەی تانە و تەشەر و گازاندە.
بەڕێوەبەرێک لەسەر کار لادەبرێت
هەمان شێوە بۆ هەندێ کەس کە بەرپرسیارێتی شوێنێکی دەخرێتە ئەستۆ، جا حکومی بێت یان حزبی، سەرەتا زۆر بە لووتبەرزییەوە پێشوازیی لەوانە دەکات کە پیرۆزبایی لێدەکەن، پێیان دەڵێت کە دەمێکە ئەو شایستەی ئەم جێگەیەیە، بەڵام دواجار وەریگرتووە و دەشیەوێت هەموو ئەوەی پێش خۆی نەکراوە ئەم بیکات، کارمان بەوە نییە کەمی کردووە یان زۆر، کاتێک ماوەکەی تەواودەبێت و یەکێکی تر دەخەنە جێگەکەی، ئیتر دەکەوێتە لۆمەی سەرچاوەی بڕیارەکە و دەڵێت: زۆر پڕۆژە هەبوو تازە دەستم دابویە و تەواوم نەکردبوو، دەبوو من وا بەزوویی لانەبرێم، هەردوای چەند هەفتەیەک داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستەی سەرپەرشتیاری خاوەن بڕیاری لابردنەکەی دەکات.
کە دەرناچێت دیوەکەی دیکەی دەردەکەوێت
هێندەی بەشان و باڵی دیموکراسیدا هەڵدەدات، وات لێدەکات بڵێیت دیارە ئەمە بە گوڕوتینێکی نوێوە هاتووە و دەنگنەدان پێی دەبێتە بێویژدانی بەرامبەر چەسپاندنی دیموکراسی، کەچی خۆشبەختانە کە دەنگی نادەیتێ و کەسێکی تر بە شایستە دەزانی و ئەویش کە دەرناچێت هەر ئەو رۆژە و ناهێڵێت جیاکردنەوەی دەنگەکان تەواوبێت، خێرا لە سایتێکەوە یان لە واڵی فەیسبووکی خۆیەوە دەکەوێتە ناڕەزایی دەربڕین و پێش هەر شتێک خەتاکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ حزبەکەی و زۆریشی لەسەر بڕۆن سەرۆکی حزبەکەی تاوانبار دەکات.
کێن ئەوانەی کەسی نەشیاو کاندید دەکەن؟
دەبێت بڵێین هۆکاری ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی ئەو دەستەیەی کە ئەوکەسە کاندید دەکەن لە حزبەکەدا، دەبوو باشتر و زیاتر لێیان بکۆڵیبایەتەوە و کەسەکەیان هەڵبسەنگاندایە کە ئاخۆ شیاوی ئەوەیە کاندیدی بکەن بۆ ئەو شوێنە هەستیارە یان نا؟
دەستنیشانکردنی کاندیدەکان لەسەر بناغەی یەکترناسین و لەبەر خاتری ئەم و ئەو نەبێت باشە، با دەستەیەک لە کەسانی دەستپاکی راستگۆی ناو حزب بێ گرتنەبەری(لایەنگیریی) دابندێن و یەکەیەکە چاوپێکەوتنی (ئەنتەرڤیو) لەگەڵ کاندیدەکاندا بکەن، بە دوو مانگ پێش بانگەشە و پێش ئەوەی ناویان بدەنە کۆمسیون، دەبێت هەندێک پێوەر هەبێت بۆ پەسەندکردنیان، لەوانە رادەی باوەڕبوونیان بە سیستمی دیموکراسی، بۆ ئەم پرسەش دەتوانن لە شارەزایان بپرسن لەوانەی لە بواری دەروونناسی و کۆمەڵایەتیدا کار دەکەن، تابزانن چۆن دەتوانن رادەی دیموکراسی بوونی کەسێک بزانن، رەنگە بتوانن لە رێگەی هەڵسوکەوتییەوە لەناو خێزان و بنەماڵەکەی بۆیان دەربکەوێت تا چ ئاستێکە؟
بواری خوێندنی، ئەزموونی خوێندنی، ئەزموونی کارکردنی، ئەمانە لە رێگەی بەڵگەنامەکانەوە دەتوانرێت ببیندرێت، لایەنی کەسێتی کۆمەڵایەتی و دەکرێت لە رێگەی چەند کەسێکەوە بزانرێت، بەڵام پشوودرێژی، رێزگرتن لە یاسا، توانای سیاسی، توانای رووبەڕوبوونەوەی گرفتەکان، توانای خۆڕاگریی لە بەردەم سەختییەکان، دەستپاکی، بوێری لە دەڕبڕین، پابەندبوونی بە حزبەکەیەوە(دیسپلین) رێزگرتن لە پەیڕەو و پرۆگرامی حزبەکەی، هەموو ئەمانە دەبێت لە رێگەی چوونە ناو گفتوگۆوە لەگەڵیدا هەڵبسەنگێندرێت.
کاندید هەبووە پێچەوانەی ئاراستەی لیستەکەی قسەی کردووە
کەسی کاندیدکراو هەبووە لە هاوپەیمانیی کوردستان، بەپێی پێویست پابەند نەبووە بە مەرجەکانی لیستەکە و ئامانج و دروشمەکانییەوە، هەر لەوکاتەدا چەند جارێک هێرشیان دەکردە سەر سیاسەتی یەکێتی و هەندێک لە سەرکردەکانی، بەرەسمی بەناوی حزبەکەیانەوە وەڵامی بەرپرسی حزبێکیان بەوە دەدایەوە کە خۆی پیاوی یەکێتی و پارتییە!.
کەسێک باوەڕی بە دیموکراسی بێت، دەبێت لەکاتی بەشداربوونی لە پرۆسەیەکی لەو جۆرەی هەڵبژاردندا و لە دوای بیستنی هەواڵی دەرنەچوونی، زۆر هێمنانە بڵێت: «هەر دەبوا ئەمە ببێت، چونکە ئەمە پێشبڕکێیە، لە پێشبڕکێدا نابێت هەمووی هەر براوە بێت»، نەک سەر و گوێلاکی دەوروبەرەکەی و خەڵکەکەی و حزبەکەی دابگرێتەوە.