وەڵامی پرسیارێکی وەها بەسادەیی نادرێتەوە، هەبوونی گومان لە سەربەخۆییان، بڕوانەبوون بەهەبوونی توانا بۆ ئەنجامدانی هیچ کارێک، لەبەر تەنها بوونیان، ئەم وەڵامانە دەرخەری کۆمەڵێک دەردی ئاگایی و ئەخلاقی و سیاسیین، ئەوەی من لێرەەدا دەمەوێت لەسەری بوەستم، چوونە پشت ئەم وەڵامانەوەیە، ئەو قەیرانە قووڵەیە کە ئاگایی سیاسی کوردی بەدەستییەوە دەناڵێنێت، ئەویش دەردی ئەوەی کە دەسەڵات بۆ گەورەکانە.
دیارە بێگومان دەکرێت سەربەخۆ هەبێت سێبەر بێت، سەربەخۆ لاوازە بەتەنها، بەڵام ئەم دیدانە کاتێک گشتگیر دەکرێن ئەوا لەوە دەردەچن کە تەنها گومان و تێگەیشتن بێت، بەڵکو دەرخەری کۆمەڵێک دونیابینی و ئاگاییە.
سەرنەکەوتنی سەربەخۆکان، پێش هەموو شتێک دەرخەری ئەو ئازارەیە کە دەنگدەر تێنەگەشتووە لەکرۆک و ئامانجی یاسای نوێی هەڵبژاردن و پاشان سیستەمی نوێی هەڵبژاردن، کرۆکی سیستەمی نوێی هەڵبژاردن ئەوەیە کە تاک دەربکەوێت و سەربکەوێت لەبەرامبەر گروپ یان حزب یان کەسایەتیدا، ئەم وەرچەرخانە بەو ئامانجەیە کە نوێنەرایەتی ببێتە پرۆسەیەکی رۆژانەی مرۆیی روبەڕوو لەنێوان دەنگدەرو نوێنەرە لۆکاڵەکەیدا، هەوڵدانە بۆ دروستکردنی ئەو پارادایمە سیاسییە کە لە دونیای دیموکراسیدا باوە، ئەوە بوونی پەیوەندی نێوان دەنگدەرو نوێنەرە، لەدونیادا زۆر باوە خەڵک دەڵێت نوێنەرەکەم، ئەندام پەرلەمانەکەم، کۆنگریسمانەکەم یان ئەندامی کۆنگریسەکەم، بەڵام ئەمە لای خۆمان بوونی نییە، وردکردنەوەی نوێنەر بۆ ئەوە بوو هەژەمۆنییەتی ناوەندەکانی دەسەڵاتی سیاسی لاوازبێت، چونکە دابڕانێکی زۆر هەیە لەنێوان تاک و خەمە لۆکاڵییەکان و نوخەبی سیاسی زاڵ لە عیراقدا.
هاتنی نوێنەری تاک وەرچەرخانێکە لەتێگەیشنی سیاسی تاک، چونکە پرسەکە لەئاگاییدایە کاتی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی مەیسەر بێت، هەندێک دەڵێن سێ دەورەی دەوێت، بەڵام لەبەر دەسەڵاتخوازی خەڵکی عیراق، ئەوا زیاتری دەوێت، بەڵام با زیاتر جەخت لەسەر کوردستان بکەینەوە کە یەک تەنها سەربەخۆ تیایدا سەرکەوتوو نەبوو.
شکستی سەربەخۆ وەها لێکدەدرێتەوە کە میدیایان لەپشت نەبوو، هەموومان دەزانین ئەوە تەلەفزیۆنە کە براوەی هەڵبژاردنەکانە نەک کەسەکان، خەڵک هێشتا لەو سندوقەی ماڵیان وەها دەبینن کە تواناو دەسەڵات و باڵایی و بلیمەتی لێدەبارێت، ئەمە مایەی قوڕپێوانە. ئێستا لەکۆمەڵگای ئێمەدا میدیا ناوەندێک نییە بۆ گەیاندن، میدیا خۆی پەیامە، ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجە ئەوەیە کە بوونی میدیا یانی بوونی روونی و دڵنیایی و نەڕەی بەرزو درۆی زل، بەڵام بەبێ میدیا تاک دەبێت خۆی راستی و دروستیی کەس و شتەکان بزانێت، خۆیشی ئەو توانا و وزەیەی نییە، ئەمەش وەها دەکات کە سیاسەت لای ئێمە بریتی نییە لەپرۆسەی پێکەوە کارکردن لەپێناوی گشتدا، بەڵکو جۆرێکە لەملکەچی و عیبادەت، مرۆڤی عیبادەتکار دەیەوێ دەنگێک هەبێت بەسەریدا زاڵبێت، ناچار بەکڕنووشی بکات، بچووكی بکاتەوە هەتا لەهەموو بەرپرسیارێتییەک و راڕاییەک و دوو دڵییەک دایماڵێ، خۆی بۆ خۆی بڕیار نەدات.
بێگومان سەرکەوتنی سەربەخۆکان چارەسەر نین، سیستەمی هەڵبژاردنەکە کە لەپێناو ئەواندایە، کۆمەڵێک کێشەی زۆری تیادایە. ئەگەر زۆرترین خەڵک دەنگبدات ئەوا زۆرترین خەڵک بێنوێنەر دەبێت. یان ئەگەر کەمترین خەڵک دەنگبدات، ئەوا دیسانەوە زۆرترین خەڵک بێ دەنگ و بێ نوێنەر دەبن. سیستەمەکە لەهەمانکاتدا لەسەر چریی و رێکخراویی کاردەکات، بەڵام ئەمە ئەگەر لەڕوانگەی حزب و جوڵانەوەو رێکخراوەوە تەماشای بکەین. کە بێگومان تێڕوانینێکی هەڵەیە.
دەبێت خەڵکی ترسیان بشکێت لەگەورەکان، ئەمە پەیامی ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەیە، بەڵام نە پەیامەکە گەیشت و نە ترسەکە شکا.