مەریوان مەسعود

نامە ناودارەكەی دۆستۆیڤسكی

  2021-10-16 17:07      63 جار بینراوە        کۆمێنت

نامە ناودارەكەی (دۆستۆیڤسكی) بەر لە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی لەسێدارەدانەكەی

لەمێژووی مرۆڤایەتیدا، نامەی زۆر بەناوبانگ هەبووە كە لەنێوان سەركردەو كەسە دیارەكان ئاڵوگۆڕكراوە، بەڵام كۆمەڵێك نامە بۆ هەمیشە لەسەرەوەی ئەو نامانە دەمێننەوە، یەكێك لەو نامانەی كە مێژوو هەرگیز لە بیری ناكات، ئەو نامەیەیە، كە نووسەری گەورەی روسیا (دۆستۆیڤسكی) رۆژێك دوای فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی لە سێدارەدانەكەی بۆ براكەی نووسیوە، هەرچەندە لەوانەیە نامەی بەناوبانگتر هەبن، بەڵام ئەم نامەیەی (دۆستۆیڤسكی) كاتێك دێتە گۆ كە بڕیاری لە سێدارەدانت بۆ دەردەچێت و لە ساتەكانی كۆتایی بە فەرمانێكی تری ئیمپراتۆری روس بڕیارەكە دەگۆڕێت بۆ زیندانیی و دوورخستنەوە، وێنەی ئەوەندە جوان و كاریگەری تێدایە، هەق وایە خوێنەری كورد هیچ نەبێت چەند لایەنێكی جوانی ئەم نامەیە بزانێت.

نووسەری ناودار “فیدرۆ دۆستۆیڤسكی”، لەسەرەتای گەنجییەتیدا، چووە ریزی كۆمەڵێ گەنجی روسیی تووندڕەوەوە، ئەم گەنجانە كەوتبوونە ژێر كاریگەریی بەرهەمی نووسەرانی سۆشیالیزمی فەرەنسی، سەبارەت بەو رێگایانەی پێویستە بۆ چاكسازیی لە سیستمی حوكمڕانی وڵاتەكەیاندا بیگرنەبەر. كاتێك دۆستۆیڤسكی تەمەنی دەبێت بە 28 ساڵ، دەستگیر دەكرێت و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەكرێت. چەند چركەیەك پێش جێبەجێکردنی بڕیارەكە، پێی رادەگەیەنن بڕیاری لەسێدارەدانەكەی گۆڕاوە بۆ زیندانیكردنی و دوورخستنەوەی. ئەو چەند چركە كەمەی تێیدا دۆستۆیڤسكی لە نێوان ژیان و مردندا بوو، كاریگەرییەكی گەورە لەسەر ژیانی جێدەهێڵێت. ئەوەتا ئەم كاریگەرییە لەو نامەیەدا دەبینین كە دوای تەنها یەك رۆژ لەو تراژیدیایە، بۆ براكەی دەنووسێت و دەڵێت:

«براكەم و هاوڕێ ئازیزەكەم: هەموو شتێك كۆتایی پێهات، بڕیاردرا لە قەڵاكە، بۆ ماوەی چوار ساڵ، كاری تاقەت بڕوكێن ئەنجام بدەم. دوای ئەوە دەبمەوە بە سەربازێكی ئاسایی. ئێمەیان برد بۆ گۆڕەپانی مەشقەكە، فەرمانی لەسێدارەدانی هەموومان خوێندرایەوە. ئەمریان پێكردین خاچەكە ماچ بكەین و كەوتینە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ئەوەی بە شمشێرەكانمان، سەرمان لێبكەنەوە. پاشان فەرمان درا راوەستن و ئەو كەسانە بكەنەوە كە بە عامودەكانەوە بەسترابوون. ئینجا پێیان راگەیاندین، ئیمپراتۆریەتی خاوەن شكۆ، ژیانی بە ئێمە بەخشیوەتەوە.»

ئەم نامەیە 172 ساڵ پێش ئێستا نووسراوە، ئەو وێنەو هەست و جوانیی و راستگۆییەی تێیدایە، بۆتە یەكێك لە نامە مێژووییەكان، لە بەشێكی تریدا هاتووە:

«براكەم بۆم مەگری، تكایە مەگری، چاوی ژنەكەت و مناڵەكانت ماچ بكەو باسی منیان بۆ بكە بۆ ئەوەی لە بیرم نەكەن، چونكە لەوانەیە جارێكی تر بەدیداری یەكتر شادبینەوە».

لەكۆتایی نامەكەیدا كە بۆ زیاتر لە 20 زمانی بیانیی وەرگێڕدراوە، دۆستۆیڤسكی بۆ براكەی دەنووسێت:

«ژیان، دیارییەكی زۆر بەنرخە، ئێمە نرخی نازانین تا لەدەستی نەدەین یان نەكەوینە تەنگانەوە، چونكە ژیان خۆشییە، لە هەر دەقیقەیەكی سەدەیەك خۆشبەختی هەیە… ئای بۆ تەمەنی گەنجینم، ئەگەر ئێستا ژیانم بگۆڕێ‌ لەو ژیانە ناخۆشەی تێیدام، ئەو كات هەست دەكەم جارێكی تر لە دایك دەبمەوە».

هەرچەندە، دۆستۆیڤسكی 32 ساڵ دوای ئەو نامەیەش ژیا، بەڵام تام و چێژی نامەكەی زیندانیی هەتا ئێستاش كە 172 ساڵ بەسەریدا رۆیشتووە هەر ماوەو تەنانەت زۆربەی نامەكانی زیندانییە سیاسییەكانی عیراق لەسەردەمی حزبی بەعس (كوردەكان و شیعەكان) بەهەمان شێواز و ناوەڕۆك دەنووسران بۆ كەسوكارەكانیان.

دۆستۆیڤسكی، زیاد لە 18 بەرهەمی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردیی و دیارترین بەرهەمیشی (تاوان و سزا) و (برایانی كارامازۆڤ)ە و خاوەنی چەندین نامە و وتەی ناودارە لەسەر ژیان و ژن و سروشت و دەسەڵات.

وتاری زیاتر




یەكێتی و دەستووری گەلپەسەند‬ مەریوان مەسعود
2021-10-31 18:56      57 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو