له‌ماوه‌ی رابردوودا جارێكی دیكه سووچی روسیا هاته‌وه ناو ناوانه‌وه، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه له ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی روسیا‌و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان له‌وێ كۆبوونه‌وه، كۆبوونه‌وه‌كه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ جموجۆڵ و هه‌را نانه‌وه‌ی روسیا له‌مه‌ڕ ئیدلب، له‌به‌رامبه‌ردا توركیا هه‌ڵوێستی دژبه‌یه‌كی هه‌بوو له په‌یوه‌ندیدا له‌گه‌ڵ مۆسكۆ، چاودێرانیش پێیان وایه ئه‌م دیداره ئاساییه‌و وه‌ك دیداره‌كانی پێشوو سه‌باره‌ت به سوریا تێده‌په‌ڕێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی روسیا‌و توركیا به قووڵی له‌م دۆسێیه‌وه گلاون و ناچارن ناوبه‌ناو راوێژ‌و هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن، مۆسكۆش هه‌ر ئه‌مه‌ی به وه‌فدی كوردی وتبوو، كه له چه‌ند هه‌فته‌ی پێشوودا سه‌ردانی مۆسكۆی كردبوو.
ره‌نگه ویستێكی سیاسیش هه‌بێت له‌لایه‌ن روسیا‌و توركیاوه بۆ گه‌یشتن به رێكه‌وتنێكی سه‌ره‌تایی له‌باره‌ی ئیدلبه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له‌و ناوچانه هه‌ر به‌رده‌وامه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر شوێنێك توركیای لێ بێت، ئارامی به‌خۆیه‌وه نابینێت، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعیش ده‌گوزه‌رێ، ئه‌وه‌یه كه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی روسیا نزیكه‌ی مانگێكه له ئیدلب و عه‌فرینیش هه‌موو ئه‌و گروپه چه‌كدارانه‌یان كردۆته ئامانج كه سه‌ر به توركیا، پێده‌چێ ئه‌و هێرشانه په‌یامی روسیا بن بۆ دروست كردنی فشار له‌سه‌ر توركیا به‌ر له دیداره‌كه‌ی پوتن و ئه‌ردۆگان.
هه‌میشه له كۆبوونه‌وه‌كانی سووچیدا ده‌رده‌كه‌وێ كه هیچ بڕیارێكی سوریای تێدا نییه، ئه‌گه‌رچی كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌تیشه به سوریا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رژێمی سوریا هیچ بڕیارێك نادات تا روسیا‌و ئێران رازی نه‌بن، هه‌روه‌ها ئۆپۆزسیۆنی سوریاش هیچ بڕیارێك نادات تا توركیا رازی نه‌بێت، به‌رده‌وامیش ناوچه جوگرافییه‌كان سه‌وداو مامه‌ڵه‌یان پێوه ده‌كرێت، هه‌ریه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی سه‌ودای ده‌كات و سوریا هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی تیایدا هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بینین به شێوه‌یه‌كی گشتی سوریا كراوه به دوو له‌ته‌وه، كه‌رتی خۆئاوای فورات و خۆرهه‌ڵاتی فورات، جگه له‌و دابه‌شكردنه رادیكاڵیانه‌ی له‌لایه‌ن گروپه چه‌كداره‌كانه‌وه بۆ شاره داگیركراوه‌كان كراوه.
وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سووچی، پێشتر دوو دیداری گرنگی سیاسی و سه‌ربازی له نێوان ئه‌مریكاو روسیادا كرا، دیداری یه‌كه‌میان له نێوان جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكاو ڤلادیمێر پوتندا بوو، كه له ژنێڤ به‌ڕێوه چوو، دووه‌میان له نێوان ڤالیری گراسیمۆڤ سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای روسیا‌و مارك میلی سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای ئه‌مریكادا له نزیك هلسنكی به‌ڕێوه چوو.
به گوێره‌ی دیپلۆماسی پێده‌چێ روسیا له‌و دیداره‌دا سه‌ركۆنه‌ی ئه‌مریكای كردبێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له هیچ بڕگه‌یه‌كی یاسای قه‌یسه‌ر خۆش نه‌بووه‌و فشاره‌كانی سه‌ر ئه‌سه‌دی كه‌م نه‌كردۆته‌وه، ئه‌مریكاش نه‌ك هیچ نه‌رمییه‌كی نه‌نواندووه سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته، به‌ڵكو جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه كه ده‌بێ فشاری زیاتر بخرێته سه‌ر دیمه‌شق بۆ ئه‌وه‌ی رازی بێت یارمه‌تییه مرۆییه‌كان به‌بێ قۆرغكاریی بگاته هه‌موو ناوچه‌كانی سوریا، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی رازی بێت به‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و لیژنه‌ی ده‌ستووریی جووڵه‌ی تێ بكه‌وێت و ئاگربه‌ستی سه‌رتاسه‌ری رابگه‌یه‌نرێت و پرۆسه سه‌ربازییه‌كان رابگیرێن، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش قبووڵ بكات گۆڕانكاریی رووی داوه‌و نابێ هه‌ر پێداگریی بكات له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وی و ده‌بێ باوه‌ڕی به به‌شداریی سیاسی هه‌بێت، ره‌نگه ئه‌مریكا به‌م قسانه‌ی مه‌به‌ستی په‌ژراندنی پڕۆژه‌ی ئیداره‌ی خۆجێیی كورد بێت له‌لایه‌ن ئه‌سه‌ده‌وه.
ئه‌وه‌ی كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه روون بوو، به‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سووچی، ئه‌وه‌یه كه روسیا به نیاز بوو شتێكی پێ بێت و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆكه بیخاته روو، به‌ڵام بۆچوونێكیش هه‌بوو پێی وابوو كه روسیا هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه نایه‌وێ پرۆسه‌ی سیاسی له سوریا جووڵه‌ی تێ بكه‌وێت. گیێر پیدرسۆن نێردراوی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك لایه‌نی دیكه گرویان له‌سه‌ر ئه‌وه كردبوو كه ئه‌مریكاو روسیا ده‌گه‌نه لێكگه‌یشتنێك، كه یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ لێك نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌نگاو به هه‌نگاو سه‌باره‌ت به سوریا.
هه‌ندێك له چاودێرانیش له‌و باوه‌ڕه‌دان پوتن له دیداره‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌یدا داوای له ئه‌سه‌د كردووه جووڵه‌یه‌ك بخاته پرۆسه‌ی سیاسی و لیژنه‌ی ده‌سووره‌وه به پێی بڕیاری 2254، ئه‌ویش دوای كرانه‌وه‌ی وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان به رووی دیمه‌شقدا له رێگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و هه‌روه‌ها له سنووریشه‌وه له رێگه‌ی ئوردنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ئاشكرایه ئه‌وه‌یه كه لیژنه‌ی ده‌ستووری ناتوانێ بگاته ئه‌نجام، هه‌تا شه‌ڕ به‌رده‌وام بێت و هه‌تا داگیركارییه‌كانی توركیا‌و بێده‌نگییه‌كانی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر ئه‌و داگیركارییانه له‌ئارادا بێت.