لەدوای هەوڵی زۆر و خواستی زۆرێک لە سەرکردە و کادرانی ناو یەکێتی و گۆڕان، هاوپەیمانی کوردستان بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن دامەزرا و ئەمەش جێگەی دڵخۆشی بوو بۆ هەموو کەسە دڵسۆزەکانی هەردوولا و رۆشنبیر و بیرمەندەکانیان، لە هەمان کاتیشدا هەندێک کەس لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بەلایانەوە پەسەند نەبوو، واش پێدەچێت هەندێک لە دەنگدەرەکانی ناڕازیی گۆڕان لەم هەڵبژاردنەدا یان بایکۆتیان کردبێت یان دەنگیان بە نەوەی نوێ دابێت.
سەردەمێک وتمان زۆرێک لە دەنگدەرە سادەکانی ناو خەڵک لە قینی یەکێتی دەنگ بە گۆڕان دەدەن، ئیتر چۆن ئێستا خۆشحاڵ دەبن کە گۆڕان لە هاوپەیمانێتییەکدا بێت لەگەڵ یەکێتی و سەرۆکی لیستەکەش قوباد تاڵەبانی بێت، کە ئەمە نیشانە و سەرەتایەک دەبێت بۆ زیاتر لەیەک نزیک بوونەوە، تا رادەی یەکگرتنەوە یان یەک بەرەیی.
ئێمە وەک ئەو تاکانەی کە قووڵتر لەهەر کەسێکی سادەی تر بۆ پێشهاتەکان دەڕوانین و ئامانجمان گەشەی کۆمەڵگە و بەدەست هێنانی هەموو مافەکانی تاکە وەک هەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی دیموکراسی، بە پەرۆشیشەوە چاوەڕوانی ئەوەین بزانین ئایا ئەنجامی هەڵبژاردن و دەرنەچوونی کاندیدەکانی گۆڕان وادەکات ئەم هاوپەیمانێتییە لێک هەڵوەشێت یان قووڵتر بکرێتەوە؟
بێگومان بەردەوامی هاوپەیمانێتییەکە زۆرشتی دیکە بەدەست دێنێت بۆ خەڵک بە گشتی بەتایبەت لەم دەڤەرە، بۆ پێکەوە کارکردنی جدی دوو لایەن کە پێشتر رکابەر بوون، پێویست بە هێور کردنەوەی دۆخەکەیە ئەوجار پێکەوە کار کردن، ئێستا دۆخەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان لەوپەڕی پێکەوە کارکردندایە و زۆر گونجاوە بۆ هەردوو بژاردەکە، یەکگرتنەوە یان یەک بەرەییی بۆ کارکردن، دەنا لەدەرەوەی ئەم دوانە پێویستە هاوپەیمانێتییەکە بەردەوام بێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمیش و لە ئێستاشەوە هەردوو فراکسیونی یەکێتی و گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستاندا یەکبگرن و بە یەک فراکسیون خۆیان بناسێنن.
هەندێک لە گۆڕانخوازان تیایاندا بەشێک لە بەرپرس و کادرەکانیان پێیان وایە، نەدەبوایە ئەم هاوپەیمانێتییە بکەن و دەرنەچونیشیان دەگەڕێننەوە بۆ ئەمە، بەڵام بەپێچەوانەوە دەتوانین بڵێین و خۆشیان باش ئەم راستییە دەزانن کە ئەم هاوپەیمانێتییە جووڵەی خستەوە ناویان و بە ئەنجامەکەشی هێندەی تر دەبێت بکەونە خۆیان و گۆڕانکاریی ریشەیی بکەن.
کشانەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم پەیوەندیدار نییە بەم دۆخەیانەوە، چونکە ئەمە بۆ پەرلەمانی عیراق کراو هیچ پەیوەندی بە بوونی گۆڕانەوە نییە لە حکومەت، هەروا ئەمەش دەرکەوت کە کەمی و لێبڕینی مووچەش یان دواخستنی، خەتای یەکێتی نییە و خۆشیان لەناو حکومەتە لاوازەکەدا وەزیر و بەرپرسیان هەیە، ئێستا هەموان دەزانن ئەوەی لە سلێمانی بە یەکێتی کرا ناهەقی بوو چونکە ناوەندی بڕیارە حکومییەکان بە تەنها لای یەکێتی نەبووە.
پێویستە سەرکرادیەتی بزووتنەوەکە ئێستا بە وردی بڕوانێتە دۆخەکە و ئەنجامی هەڵبژاردن ساردی نەکاتەوە لە کاری پێکەوەیی، توندتر و بەتاوتر هەوڵی تێکەڵ بوونەوەی زیاتر بدرێت بۆ کاری پێکەوەیی، لەم هاوپەیمانێتییە تەنها رەقەم زیانی پێگەیشتووە دەنا خەڵک بە گشتی قازانجی کردووە، کە ئارامی پارێزراوە و رق و کینە چاندن باوی نەماوە و بەرەو یەکگرتنەوە دەچێت.