لەگەڵ نزیكبوونەوە لەساتەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، پرسی دەنگدان بە كاندید و لیست و قەوارە و رێكخراوە سیاسیەكان گەرمەو جێگەی بایەخی ھاووڵاتیانە، چونكە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەكان پەیوەستە بەئایندەی ھەموومان، ھەم دەكرێ لەم رێگەیەوە دۆخی ژیانمان بگۆڕین و ھەمیش ئاستی سیاسی و ھۆشیاری كۆمەڵانی خەڵكی پێ بناسینەوەو لەوە بگەین ئێمە لە چ ئاستێكداین.
لەكۆمەڵە پێشكەوتووەكان بابەتی دەنگدان بەپارتە سیاسیەكان بە ھەستیاری سەیر دەكرێت، لە لایەك راستەوخۆ دیدگەی تاكەكان بۆ دونیا بینین و ئایندەیان نیشان دەدات، لەلایەكیتر دەرخەری ھۆشیاری تاكەكانە، كە پێمان دەڵێت ئێمە كێین و چیمان دەوێت.
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق دوای ئەو ھەموو رووداوە سیاسیەی كە لەماوەی چوار ساڵی پێشوو و بگرە هەشت ساڵی رابردوو كە لەكێڵگەی سیاسی عیراق و هەرێمی كوردستان روویدا، ناكرێ و نابێ بێ لێكدانەوەو گەنگەشە كردن بڕیاری دەنگدان بەلیستەكان بەسەرمان تێبپەڕێت، ئەگەر دەنگدەر بێ رامان ئەو بڕیارە بدات مافی رەخنە گرتنی لەلایەنە سیاسیەكان نابێت، بۆیە دەبێت دەنگدان وەك پرۆسەیەكی بەدیموكراتیزەكردن سەیر بكەین، ھەم بیكەین بەئامرازێكی كاریگەر تا لایەنە سیاسیەكان ناچار بەخزمەتكردن و بەخۆ گۆڕین و خۆ گونجان لەگەڵ پێشھاتە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان بكەین، ھەمیش بە كۆ دەنگی ژیانی ئێستامان كە پڕ كراوە لە نائومێدی و گرژی و نادیاری و ئاستی خراپی گوزەرانمان و ئایندەمان تێبپەڕێنین.
لە دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە ساڵی 2018، ھەندێك لەھێزەكان بە گۆڕانكاری گەورە دەنگەكانیان ھەڵبەزو دابەزی كرد، خۆشبەختانە جەماوەر و دۆست و لایەنگرە ھۆشیارەكانی (ی. ن. ك)، وەك چۆن بەئاگایی خۆیان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەو دەم (ی.ن.ك) دەنگەكانی كەم كرد، جەماوەرەكەی پەیامێكی روونیان بەسەركردایەتی ئەو حیزبەدا ھاوكات لەماوەی كەمتر لەچەند مانگێك، كە بینیان سەركردایەتی سیاسی حیزبەكەی خۆیان، بە خۆیاندا چوونەوەو سیاسەتی روونتریان پەیڕەو كرد و ئاكارو دونیابینینی خۆیان بۆ یارییە سیاسیەكە گۆڕی، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، یەكێتییان كردەوە بەھێزێكی كاریگەرو بەمەش توانیان پێگەی سیاسی یەكێتیی لەھەرێمی كوردستان بەرز بكەنەوە.
بە گەڕانەوە بۆ لێكەوتە سیاسیەكانی ئەوێ رۆژێ و ئەو دۆخە قورسەی وا بۆ ماوەی چەندین ساڵە بەسەر كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان سەپێندراوە، دەكرێ لەڕوانگەیەكی سیاسی شیكردنەوەی بۆ بكەین و بەمەش ھۆكاری دەنگدانمان بە لایەنەكان دەرببڕین، دیارە بەلای ئێمەشەوە ناكرێ و نابێ دەنگ بەیەكێتیی نەدەینەوە، بۆیە لەخوارەوە دوای خستنەڕووی چەند خاڵێك روونی دەكەینەوە كە بۆ دەبێ جارێكیتر ھەموومان متمانە بە (ی. ن. ك) بكەین و لەچوارچێوەی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان دەنگی پێبدەینەوە:
یەكەم: لە دوای دەرئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستانەوە لە ساڵی 2013-2018، جەماوەری یەكێتیی نیگەرانكرا لەلایەن پارتیەوە، بەوەی كە پارتی ویستی دەرفەت لەدۆخی لاوازی یەكێتیی و كێشە ناوخۆییەكانی وەربگرێت و ھێزیتر بكاتە ئەڵتەرناتیڤ، كە زوو دەركەوت وەھمە ھێزێكی مێژوو كردو خاوەن ھەزاران شەھیدو جەماوەرێكی ھۆشیارو خۆ بە بەرپرسیارزان و بەپەرۆشی وەك یەكێتیی پەراوێز بخرێت، بەمە بۆ كوردستانیان سەلمێندرا یەكێتیی ئەگەرچی دەنگیشی كەم كردبێ بەڵام سەنگی ماوە.
دووەم: هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەرێمی كوردستان، كە لەڕووی جوگرافیای سیاسیەوە ھەمیشە قەرزارباری یەكێتیین، بەوەی پێگەیان لە ژێر قەڵەمڕەوی یەكێتییە، ئەمە جگە لەوەی كە یەكێتیی بە گیانێكی وەرزشی و میھرەبانانە ھەموو شتێكی لێ قبوڵ كردوون، پێش یەكتر دەكەوتن بۆ بەركەوتنی لەتێك كێكی زیاتری حكومەت، بەڵام بە دەنگە زۆرەكانمان لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق پەیامی روونمان بەھێزەكانداو نەیانتوانی بێ یەكێتیی حكومەت پێكبھێنن.
سێیەم: ئەو دەم بە بەخشینی پۆستەكانی یەكێتیی بەلایەنیتر، بە تایبەت مەلەفی پێشمەرگە و دارایی، یەكێتیی ئارامی گرت و بە لەبەر چاوگرتنی ئازادی سیاسیی و باوەڕ نەبوونمان بە دەسیسەی سیاسی و موئامەرە قبوڵمان كرد، بەڵام ھەر زوو زەواجی سیاسی ئەو لایەنانە كۆتایی ھات و دڕدۆنگی سیاسی شوێنی ھەستكردن بە بەرپرسیاریەتی گرتەوە و چاویان لەبەرژەوەندییە گشتیەكان كوێر كردو شوێن بەرژەوەندییە سیاسیە بچووكەكان كەوتن، قۆچی عینادیان لەیەكتر گیر كردو كوردستانیان تووشی كێشەی قوڵ كردو دۆخی سیاسیان بە بنبەست گەیاند، دیسانەوە بۆ كوردستانیان سەلمێندرایەوە ھێزی رەسەن لەپێناو ھەڵپەی سیاسی خەڵك تووشی كارەسات ناكات، ھاوكات كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان گەورەیی و كارامەیی یەكێتییان بۆ دەركەوت كە لەو سەردەمەی یەكێتیی دەخیلەی كوردستانی لا بوو چۆن خۆشگوزەرانی بە دیھێنا بوو، لە شەڕی داعشیش سەرباری ئەوەی ئێمە كەمترین چەك و ھاوكاری ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیمان بە دەست دەگەیشت، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی میلانەكان لە بازاڕەكانی چەكی قاچاغ دەفرۆشرا، بەڵام یەكێتیی بەخوێنی شەھیدانمان كە زۆرێك لە سەركردە و فەرماندە ئازاكانمان كە بەدەیان ساڵ لەژێر تێزەكانی نیشتیمان پەروەری و جەنابی مام پێگەیێندرابوون، خۆڕاگری كردو خاكی كوردستانیانی لەھەژموونی داعش پاراست بەڵام ھێزیتر لەگەڵ داعش دەشكان، ئەمە جگە لەوەی كە بەشایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەر ھێزەكانی یەكێتیی نەبووان مەخمور ئازاد نە دەكراو ھەولێریش دەگیرا لەلایەن داعشەوە.
چوارەم: پارتی دیموكراتی كوردستان بەداخستنی دەرگای پەرلەمان و بردنی قفڵی پارەكانی كوردستان بۆ وڵاتێكی هەرێمی بەناوی سەربەخۆیی دارایی، گۆڕانی ئاوت كردو جارێكیتر خشتی دیواری بەرلین و دێگەڵەی ھەڵچنیەوە، هێزەكان لەجیاتی تێگەیشن لە ئاستی بەرزی ھەستكردنی یەكێتیی بەپاراستنی دۆخەكە و میھرەبانی یەكێتیی بۆ ھێزەكان، زوو كەوتنە پەلاماری یەكێتیی و كەرنای ھەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی ھاوبەشیان لێداو ویستیان كوردستان بە كرداری بكرێتەوە بە دوو پارچە و یەكێتیی لەسلێمانی گەمارۆ بدەن و لەوێشەوە ململانێی بكەن و لاوازی بكەن، دیسانەوە یەكێتی بەڕادەستكردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە بزووتنەوەی گۆڕان لە دۆخێك كە گۆڕان زۆریش بێ ھێز ببوو و تووشی گەمارۆی سیاسیش ببوو، یەكێتیی بەم ھەڵوێستەی دەریخست تاقە ھێزی بەرپرسیارە لە كوردستان و ئارامی سیاسی بۆ سلێمانی گەڕاندەوەو لەڕێگەی نوێنەرەكانیشی لەحكومەت زۆرترین خزمەت و پڕۆژەی بۆ ناوچەكە ئەنجامدا.
پێنجەم: دوای ئەو ھەموو دۆخە نا لەبارەی لەھەرێمی كوردستان روویدا، چ بەھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك و چ بەڕیفراندۆم، دەرگەی عەقڵانیەتی سیاسی لەبەردەم ھێزەكان داخراو كوردستانی تووشی كارەساتی گەمارۆ سیاسیە شۆڤینیەكانی حكومەتی عیراق و ھێزە ئیقلیمیەكان كرد، ھەروەھا ھێزە جیھانیە بە ھەژموونەكانی دونیا كە دۆستمان بوون بەڵام گوێمان لێیان نەگرت و زەرەرمەندی یاریەكە بووین، ئەمە سەرباری ئەوەی نیوەی خاكی كوردستانمان لە دەستدا، ھەروەھا بە بەستنی گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوت لەگەڵ توركیا، دەخیلەی ئابووری كوردستان تووشی ئیفلاسی بوو، دیسانەوە یەكێتیی بەو پەیوەندیە دۆستایەتیەی لەگەڵ ھێزە عیراقیەكان ھەیبوو دەروازەیەكی بۆ كوردستان كردەوەو بەشێك لەبودجەی بۆ كوردستان گەڕاندەوە بەحیكمەتی سیاسی ژیرانەی جەنابی مام جەلال.
شەشەم: هێزەكان، لە كۆتا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەرباری ئەوەی كە لەناوچە داگیركراوەكان، چ بە بایكۆت و چ بە بەفیڕۆدانی دەنگی كوردو گۆڕینی سیمای نیشتمان بە «وەتەن»، لەھەمووی خراپتر گومان كردن لە دەنگی كوردستانیانی كەركوك و گەلە كۆمەكی شەشی حوزەیران لەپەرلەمانی عیراق بەھاوبەشی ھێزە شۆڤینی و تۆرانیەكان، كەوتنە دژایەتی خواستە رەواكانی گەلی كوردستان، كەركوكی شا دەماری چارەسەری پرسە نیشتمانیەكانی گەلی كوردستانیان خستە ژێر مەترسی راستەقینە، دیسانەوە یەكێتیی بووە ھۆی ئەوەی كورستانیبوونی كەركوك بسەلمێنێتەوە بەھۆی ئەوەی براوەی یەكەمی شاری كەركووك بوو بەجیاوازیەكی زۆری دەنگ لەگەڵ ھێزەكانیتر لەھەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی عیراق.
حەوتەم: دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، ئەگەرچی ماوەیەكی زۆر بوو ھێزەكان ھیچ پەیوەندیەكی سیاسییان لەنێوان نەمابوو، دیسانەوە یەكێتیی بەحیكمەتی مامی گەورەمان ئاسا، گرێ كوێرەی ئەو چەقبەستووە سیاسیەی كردەوەو لە دەرگای لایەنەكانیدا، بە تایبەتیتر دوای بەستنی هاوپەیمانیی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و لەیەكتێگەیشتن لەگەڵ هێزەكانیتر، بەمەش وا خەریكە ھێزە كوردستانیەكان بەكۆ دەنگی بەرەو بەغدا دەڕۆن بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دەستوری و داراییەكانمان، كە ئەمەش دەبێتە بوژانەوەی گوزەرانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ھەرەوەھا پێگەو سەنگی كورد لەعیراق بەرز دەكاتەوە.
لەبەر ئەم ھۆكارانەی سەرەوە و گەلێك ھۆكاریتر، دەبێ دیسانەوە ھەموومان دەنگ بەھێزە رەسەنەكەی كورستانیان بدەینەوە، تا لاسەنگی ھاوسەنگی ھێز لەكوردستان چاكبكەینەوە، لەبەر ئەمە با ھەموومان دەنگمان بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (هاوپەیمانیی كوردستان) بێت، بەخوێن دەنگ بدەین بەلیستی شەھیدان و لیستی جەنابی مام جەلال و كاك نەوشیروان، نەمری بۆ شەھیدان و سەركەوتن بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.