دەستووری عیراق لەمادەی 20 دا باس لەمافێكی سیاسی دەكات بۆ هەموو هاووڵاتییەكی عیراقی كە هەڵگری رەگەزنامەی عیراقی بێت (هەموو هاووڵاتییەك بە ژن و پیاوەوە مافی بەشداریكردنی لەكاروباری گشتی و شادبوون بەمافە سیاسییەكان هەیە لەوانە مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن).
ئەمە تەنها مادەیە لەدەستووری عیراقدا كە باس لەهەڵبژاردن بكات، لە دەستووردا باس لەڕێژەی بەشداربوون و ئەگەری كەمیی رێژەی بەشداربووان نەكراوە.
هاووڵاتیان بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان بەجۆرێك لە دەربڕینی ناڕەزایی دەزانن.
بەو شێوەیە دەیانەوێت حزب و لایەنەكان سزا بدەن و رێگر بن لەوەی دەنگ بەدەست بهێنن، بەڵام لەڕاستیدا هیچ یاسایەك نییە لەعیراقدا كە لەئەگەری كەمی بەشداربوون و بایكۆتێكی زۆر دا دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان پووچەڵ بكاتەوە.
بایكۆت دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی كورسی و بەو هۆیەوە بە دەنگێكی كەم كاندیدەكان دەبن بەئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران.
لەو حاڵەتەدا، لە ڕووی لۆژیكەوە ناتوانرێت بوترێت كە ئەوانەی لەژێر قوبەی پەرلەماندا دانیشتوون نوێنەری تێكڕای هاووڵاتیانن.
بەپێی پێشبینیی بەشێك لەچاودێرانی سیاسی، گومان دەكرێت هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەم جارەی عیراق، رێژەی بەشداربووان كەمتر بێت لەهەڵبژاردنەكانی پێشوو، ئەمەش بە وتەی ئەو چاودێرانە چەند هۆیەكی لەپشتەوەیە:
یەكێك لە هۆكارەكان رێگریكردنە لە دەنگدانی هاووڵاتیانی عیراق لە تاراوگە، بە بڕیاری كۆمیسیونی باڵای هەڵبژاردن، كە ئەمە پێچەوانەی دەستوورە. هاووڵاتیانی عیراق لە دەرەوەی وڵات دەبێت مافی دەنگدانیان پارێزراوبێت، ئەگەرنا كۆی پرۆسەكە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
ئەوانەی لەمانگی ئۆكتۆبەردا رژانە سەر شەقام و داوای دادپەروەریی و مافەكانی خۆیان بەپێی دەستوور دەكرد، بڕوایان بەشەفافییەت و نەزاهەتی هەڵبژاردن نییە لەعیراقدا و ئەگەری هەیە بەشداریی نەكەن.
بەشێك لەهاووڵاتیانی ناڕازی، لەو بڕوایەدان بە دەنگدان گۆڕانكاریی بەسەر گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا نایەت چونكە دەبینن زۆرێك لەو كەسانەی كاندیدی حزبەكانن یان خۆیان بەسەربەخۆ كاندیدكردۆتەوە بۆ خولی داهاتوو، چەند خولێكی پێشوو پەرلەمانتار بوون.
بۆ پەردەپۆشكردنی شكستی سیاسی و كەمیی رێژەی بەشداربووان و پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، لە ئێستاوە كۆمسیون بڕیارێكی نامۆی داوە بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی بەشداربووان.
تێكرای ژمارەی هاووڵاتیانی سەرووی 18 ساڵ كە مافی دەنگدانیان هەیە، بریتین لە 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 هاووڵاتی.
لەم ژمارەیە زیاتر لە 3 ملیۆن هاووڵاتی كارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتووە.
كۆمیسیون لە26-9-2021 ، بڕیاری ئەوەی دا كە رێژەی دەنگدان لەسەر ئەو ژمارەیە وەربگرێت كە كارتی بایۆمەترییان وەرگرتۆتەوە، نەك لەسەر ئەو هاووڵاتیانەی مافی دەنگدانیان هەیە.
سێ نەوەی دوای كۆتا هەڵبژاردن لە 2018 كە ئێستا تەمەنیان 18 ساڵە و مافی دەنگدانیان هەیە، كارتی بایۆمەترییان پێنەدراوە، واتا موالیدەكانی 2001-2003.
بەم بڕیارەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، رێژەی دەنگدان بەرز دەبێتەوە، ئەگەرچی دیار نییە ئاخۆ چەند لەوانە بایكۆتی دەكەن.
رێژەی بەشداربوون كاریگەریی ئەوتۆی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئەنجامەكەی نابێت، بەڵام لەئێستاوە بانگەشە بۆ زۆریی رێژەی بەشداربووان دەكرێت.
بۆیە گرنگە كەهاووڵاتی ئەم راستییە بزانێت و ئەركی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەسێتی خۆی پیادە بكات و دەنگ بدات.
تەنها رێگەش بۆ گۆڕانكاریی لە سیمای گۆڕەپانی سیاسی ئێستای عیراقدا دەنگدانە، ئەگەرچی گۆڕانكارییەكە بچووكیش بێت.