مافی دەنگدان و بە ئازادی بە کارھێنانی دیوێکی گرنگی پڕۆسەکەیە، دیوەکە گرنگەکەی تری باش بەکارھێنانێتی بە جۆرێك خەسار نەبێت. ئەمە وێستگەی یەکەمی وەبەرھێنانە لە تاقیکردنەوەی گەنجان وەختێ بۆ یەکەم جار دەنگ دەدەن.
گەنجەكان گوڵی گەشەی وڵاتێكن كە سامانی هەرە گەورەی تەمەنی لاوێتی و رێژەی زۆری كچان و كوڕانی دەست رەنگین و هزركراوە و تەندروستن. كۆمەڵی ئێمە لە کوردستان و لە ئاستی عیراقیشدا، سەڕەرای گرفتەكانی چونكە گەنجەكان رێژەی هەرە گەورەی پێكدێنن، كۆمەڵگەیەكی لەشساغ و تەندروستە.
ئاخر بە سروشت گەنج سامانی دوا رۆژن،
ئەوانە ئایندەخوازن، چاوتیژ و چاوساغ و چاو و دڵی روون و بێگەردی كۆمەڵی ئێمەن. چونکە خۆیان و رۆڵی خۆیان لە ئایندەدا دەبینن زیاتر لە ئێمە پێشبینی دەکەن و تەمەننای ھاتنی رۆژەڤی دەکەن.
چەند دۆخەکە دژوار و لاسەنگ بێت لاوەكانی ئێمە شایانی ئەوە نین ببنە خۆراكی نەهەنگی دەریاكان و نێچێری كاروانی قاچاخچیانی رێی هات و نەهات.
بەڵکو شایانی ئەوەن لە وڵاتی خۆیاندا وڵاتی خەونەكانیان بۆ دروست بكەین. لە جێی سەفەری دوورە وڵاتی سەفەر بگوازینەوە بۆ لای ئەمان، یان وەكو كوردە خۆی دەڵێ حەجی بۆ بگوازینەوە بۆ ئەجێ بەڵام ئەمەش بەرپرسیارییەکی قورسە بۆ گەنجەکانیش بۆیە ئەوانیش نابێ قبووڵی بکەن تەمەنی گەنجییان بکرێتە کێڵگەی لەسەر یەك و بەردەوامی تاقیکردنەوەی سەرچڵەکان. با ئەوانە بەگیانی خۆیانەوە سەرچڵی بکەن نەك بە گیانی گەنجەکانمانەوە ئەویش بە نرخێکی ھەرزان کە تێچووی سەرچڵییەکەشی دەرنەھێنێ.
هەلی كار و هەلی گەشەی تواناكان و دەرفەتی بوژاندنەوە و تواناداری تەنها و تەنها لە توانای هاوپەیمانیی كوردستاندایە. هاوپەیمانیی كوردستان، هاوپەیمانی كوڕان و كچانی ئەم وڵاتەشە بۆ وڵاتێكی باشتر، ئایندەیەكی خۆشگوزەرانتر و سەقامگیر.
بۆیە دەنگمان بۆ هاوپەیمانیی كوردستانە، چونكە نامان دا بەدەست قەدەری سەفەری نادیارەوە.
دەنگدان لە شێوەی دیموکراسیدا بەرپرسیارییەکی قورسە، پێچەوانەی زەمانی دیکتاتۆری کە کەس لەسەر دەنگی موحاسەبە ناکرێ، بەڵام لە دیموکراسییدا دەنگ چونکە بەرپرسیارییەکی قورسە خراپ بە کارھێنانیشی تێچووییەکی گرانی ھەیە چونکە دەنگ بە فیرۆدەدا و ھاوسەنگی ھێز دروست ناکاتەوە.
گەنجەکان دەتوانن رێگە ئاسانەکە تاقیبکەنەوە کە دەنگیان بە نرخە و باش تەوزیفی بکەن.