مستەفا محەمەد

هاوپەیمانیی، شکێنەری تەلیسمی حزبی پێشڕەوە

  2021-10-01 14:03      261 جار بینراوە        کۆمێنت

یەکێتی ئەو حزبە مێژووکردەیە کە سەروەریی و شانازیی دەسپێکردنەوەو هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی بەباڵادا بڕاوەو رەگ و ریشەشی لەهەناوی جەماوەردا هێندە پتەو داکوتراوە، لەتوانای هیچ کەس و لایەنێک نییە ئەو شەرعییەتە نادیدە بگرێ.

دواجاریش هەر ئەوەی دەتوانێ شوناسی یەکێتی دیاری بکات، قاعیدەی جەماوەرە دڵسۆزەکەیەتی کە لەهەموو ئان و زەمانێکدا پایەو رەکیزەی نەشونماو مانەوەی بوون، نەک حزب و کەسانێک بێن و فاڵ بۆ بەختی یەکێتی بگرنەوەو پێیان وابێ بەخیتابی چەواشەکاریی و فڕێدانی چەمک و دەستەواژەی بێ بنەما لەسەروەختی هەڵبژاردندا، دەستکەوتی دەنگی پێ دەچننەوە.

لەلاپەڕەکانی مێژووی یەکێتیدا هێندە داستان و قارەمانێتی و بڕیاری نیشتمانیی تۆکمە هەن، کە نەیارەکانی ئەو حزبە پێش ئەوانی دی لێی بەئاگان و لەگەڵ وەبیرهێنانەوەیان دەکەونە کەڵکەڵە و داڵغەی لەقاودانی خۆیان، با باسی مێژوو لێگەڕێین و لێرەدا تەنها ئەو بڕیاری رێکەوتنە باس بکەین کە بۆتە مۆتەکە و خەوی لەو نەیارانەی یەکێتی زڕاندووە و ترس لە هەیمەنە و تەحجیمی خۆیان وای لێکردوون وڕێنەی سیاسی بکەن، رێکەوتنێک کە دەتوانێ ناوماڵی سیاسی کوردیی پێ رێکبخرێتەوە و لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا دیفاکتۆی قۆناغی گوێزانەوە بێ لە فرەگوتارییەوە بۆ یەکخستنی هەوڵەکان و لە تاکڕەوییەوە بۆ شەراکەت و یەکڕیزیی نیشتمانی.

بەڵێ بەستنی هاوپەیمانیی کوردستان، وەک بڕیار و هەنگاوێکی گرنگی ستراتیژی دوورمەودا، حزبە نەیارەکانی هێناوەتە لەرزین و باش دەزانن کە لەدوای چەند رۆژێکی تر هەڵبژاردن کۆتایی دێت سیماکانی گەشاوەتر دەنوێنن و هەوڵی پیرۆزی ئەو دوو حزبە دەبێتە سەیوانی کۆکەرەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی تر و لە هاوپەیمانییەکی سەروەختی هەڵبژاردنەوە دەکرێتە رێکەوتنێکی ستراتیژیی سیاسی و کاریگەریشی لە راستەڕێکردنی پرۆسەی حکومڕانی لە دەڤەری سەوز و تەواوی کوردستاندا دەبێت، هەموو دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان و پرسە هەڵواسراوەکانی نێو دەستوور و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی پەیوەندیی راستەوخۆیان بە هەڵبژاردنی ئەمجارە و نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی گەلەکەمانەوە هەیە، سەرکەوتنمان لەم هەڵبژادنە و دەستگرتن بەو هاوپەیمانێتییەوە لەلایەک لایەنی تری یاخی و بوغرا دێنێتەوە هۆش خۆی کە هەمیشە ویستویەتی هێڵی راست و چەپ بەسەر ئەوانی تردا بهێنێت و وەک حزبی پێشڕەو خۆی وێنا بکات.

لەلایەکی دیکەشەوە زۆر کێشەی ناوخۆییمان لە هەرێمدا بۆ چارەسەر دەکات و کاریگەریشی لەسەر راستکردنەوەی باڵانسی هێز دەبێت، ئەو راستییانەش زیاتر لەهەر کاتێکی تر وامان بەسەرددا دەسەپێنێت کە ئەو هاوپەیمانییە بپارێزین، چونکە قاعیدەی جەماوەریی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بڕیاربەدەستی ئەم قۆناغەن، بێگومان بەهیممەتی ئەوانیش بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە نیشتمانییە، بۆ راستکردنەوەی ئەو تێڕوانینە هەڵەیەی لەلای حزب و کەسانی لەخۆبایی دروست بووە، بە قازانجی پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان هەمووان هاوپەیمانیی کوردستان سەردەخەین.

وتاری زیاتر





ئیرادەی کوردانە، یان سەپاندن‬ مستەفا محەمەد
2022-01-29 18:23      123 جار بینراوە







عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      163 جار بینراوە



















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو