رۆژی 12/9/2021 مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به سه‌رۆكایه‌تی وەفدێكی گه‌وره له‌سه‌ر بانگهێشتی ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆك كۆماری ئێران گه‌یشتنه تاران، كازمی جگه له سه‌رۆك كۆماری ئێران، چاوی كه‌وت به عه‌لی شه‌مخانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای تری ئه‌و وڵاته، سه‌ردانه‌كه‌ش ته‌نها رۆژێكی خایاند.
شایانی وتنه ئه‌مه دووه‌م سه‌ردانی كازمییه بۆ تاران له‌ساڵی 2021 دا، پێشتر و له مانگی ته‌مموزدا سه‌ردانێكی تری ئه‌و وڵاته‌ی كردبوو، ئه‌م سه‌ردانه‌ی كازمی له كاتێكدا دێت كه له 10ی تشرینی یه‌كه‌می داهاتوودا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له عیراق
به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئامانجه‌كانی كازمی
ئامانجی كازمی له‌م سه‌ردانه‌ی تاران، له‌م كاته هه‌ستیاره‌دا كه شه‌قامی سیاسی و دۆخی عیراق دابه‌شبووه به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌كدا، كه یه‌كه‌میان ئه‌و لایه‌ن و هێزانه‌ن كه نزیكن له ئێران و دووهه‌میان ئه‌وانه‌ن كه دژ به‌و وڵاته‌ن، له چه‌ند خاڵێكدا كۆده‌كه‌ینه‌وه:-
1. هه‌وڵدان بۆ به‌ستنه‌وه‌ی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئێران به عیراقه‌وه، ئێران له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندییه بازرگانی و ئابوورییه‌كانی خۆی له عیراقدا بكات، له كاتێكدا هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه و هه‌نگاوی باشیش نراوه بۆ كرانه‌وه‌ی عیراق به رووی دراوسێ عه‌ره‌به‌كانیدا، به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ سعودیه و هه‌روه‌ها هه‌وڵی كڕینی كاره‌با له وڵاتانی كه‌نداو هاوكاری زیاتر له گه‌ڵ میسر و ئوردن هه‌یه .
ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش نیگه‌رانی زۆری بۆ ئێران دروستكردووه، بۆیه عیراق رازی بووه به‌وه‌ی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری شه‌له‌مچه‌ی ئێران و به‌سره‌ی عیراق به یه‌كه‌وه ببه‌ستێته‌وه به درێژایی 32 كم .
له‌لایه‌كی تره‌وه ئێرانییه‌كان ده‌یانه‌وێ به چینیه‌كان بڵێن به‌م هه‌نگاوه به‌شێك له پڕۆژه‌ی ستراتیژی چین و رێگای پشتێن جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام چینییه‌كان بۆ ناردنی كاڵا بۆ ئه‌وروپا زیاتر سوود له وڵاتانی ئاسیای ناوه‌ڕاست، له كازاخستانه‌وه بۆ توركیا و له‌وێوه بۆ ئه‌وروپا وه‌رده‌گرن، بۆیه پێده‌چێت ئه‌م پڕۆژه‌ی هێڵی ئاسنه ته‌نها بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌فه‌ر بێت له نێوان عیراق و ئێران‌دا .
2. مسۆگه‌ركردنی پشتیوانی ئێران بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ خولی داهاتوو، چونكه رۆڵی ئێران كاریگه‌ر و یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت له‌و رووه‌وه، هه‌رچه‌نده كازمی به‌شداری هه‌ڵبژاردن ناكات و لیستی نییه، به‌ڵام ناكۆكی و ململانێكانی نێوان لایه‌نه شیعییه‌كان، ره‌نگه وابكات كازمی ببێته كاندیدی سازان له نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌دا و له سه‌ری رێبكه‌ون، به‌ڵام كێشه‌ی گه‌وره‌ی كازمی ئه‌وه‌یه كه به‌وه ناسراوه له ره‌وتی سه‌دره‌وه نزیكه، پێشتریش هه‌وڵی داوه رۆڵی میلیشیا و گروپه چه‌كداره‌كانی شیعه‌ی نزیك له ئێران كه‌م بكاته‌وه، كه ئه‌مه‌ش رق و بێزاریی ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌رامبه‌ر كازمی زیادكردووه، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكاری تری تایبه‌ت به ناوخۆی عیراقه‌وه ئێرانییه‌كان كازمییان پێ باشتره له‌هه‌ر كه‌سێك بۆ قۆناغی داهاتوو له‌عیراق.
3. له ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌وتنه به‌ر تۆپبارانی ئێران، مسته‌فا كازمیش له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه، گوشاره‌كانی ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌مبكاته‌وه، به تایبه‌تی كه كازمی په‌یوه‌ندیی باشی هه‌یه له گه‌ڵ لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستاندا، چونكه رۆڵی ئه‌وانیش گرنگه بۆ كازمی بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌وه به سه‌رۆك وه‌زیران.
4. ده‌ركه‌وتنی به‌غدا وه‌كو ناوبژیوانێكی ئیقلیمی، یه‌كێك له فاكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی مسته‌فا كازمییه بۆ تاران و هه‌روه‌ها پیشاندانی عیراق وه‌كو ناوبژیوانێكی ئیقلیمی له نێوان سعودیه و ئێران‌دا، كه پێشتر سێ گه‌ڕی دانوستان له نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا له به‌غدا به‌ڕێووه‌چووه، به‌نیازن گه‌ڕی چواره‌میش بكه‌ن، كه به هۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران و وه‌رزی حه‌جه‌وه له سعودیه دواخران، بۆ ئه‌و دانوستانه‌ش بڕیاره به‌رپرسانی هه‌ردوو وڵات له زووترین كاتدا كۆببنه‌وه .
عیراق ده‌خوازێت له‌م گه‌ڕه‌ی دانوستانانه هه‌نگاوی گه‌وره ببڕێت بۆ پێشه‌وه و هه‌ردوو وڵات ئاستی نوێنه‌رایه‌تی وه‌فده‌كانیشیان به‌رزتر بكه‌نه‌وه، هه‌رچه‌نده گه‌ڕه‌كانی پێشووی دانوستانه‌كانی نێوان تاران و ریاز پێشووه‌چوونی وای به خۆیه‌وه نه‌دیوه، كه ئه‌مه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه بۆ كازمی به تایبه‌تی له رووی ناوخۆییه‌وه، كه عیراقییه‌كان خۆشحاڵن به نزیك بوونه‌وه له وڵاتانی عه‌ره‌بی .
5. چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی هاورده‌كردنی وزه له ئێرانه‌وه: كازمی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه قه‌یرانی هاورده‌كردنی وزه‌ی كاره‌با و غازی شل بۆ كارپێكردنی وێستگه‌كانی كاره‌با له ئێرانه‌وه مسۆگه‌ر بكات، چونكه له ماوه‌ی رابردودا ئێران هه‌نارده‌كردنی وزه‌ی بۆ عیراق زۆر كه‌مكردبۆوه، گوایه زیاتر پێویستی پێیه‌تی بۆ پێداویستی ناوخۆیی خۆی، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه له راستیدا به هۆی نه‌دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان بوو له لایه‌ن عیراقه‌وه به ئێران كه له (5) ملیار دۆلار زیاتره.
هه‌وڵی بوون به كه‌سایه‌تییه‌كی جێ متمانه له ناوچه‌كه‌دا
له كۆتاییدا كازمی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه خۆی وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی جێ متمانه‌ی ئیقلیمی پیشان بدات، به تایبه‌تی دوای كۆنگره‌ی به‌غدا كه ئه‌م دواییه له‌به‌غدا كرا، بۆ به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند ده‌ستكه‌وتێكی ناوخۆیی و ئیقلیمی، به‌تایبه‌تی له رووی ناوخۆییه‌وه وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی سه‌ربه‌خۆ خۆی نمایش بكات و هه‌روه‌ها به‌وه‌ی كه پاشكۆی هیچ وڵاتێك نییه، هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت له رووی ئیقلیمیشه‌وه عیراق دووربخاته‌وه له‌هه‌ر جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌ك و نه‌بێته به‌شێك له كێشه‌و ململانێكانی ناوچه‌كه، هه‌رچه‌ندە مه‌رج نییه ئێران داخوازییه‌كانی كازمی جێبه‌جێ بكات.