فەرید ئەسەسەرد

كوردی سوریا لەنێوان مۆسكۆ و واشنتۆن-دا

  2021-09-26 19:26      152 جار بینراوە        کۆمێنت

رەنگە رێكەوت نەبێ كە لە 13ی ئەیلولدا سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد سەردانی مۆسكۆ بكا و چاوی بە سەرۆكی روسیا ڤلادیمیر پۆتین بكەوێ و پاش دوو رۆژ میخائیل بۆگدانۆڤ بەرپرسی دۆسێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا لە مۆسكۆ پێشوازیی لە شاندێكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات (مەسەد) بكا و چاوی بە ئیلهام ئەحمەد سەرۆكی دەستەی راپەڕاندنی ئەنجومەنەكە بكەوێ. شاندەكە سیهانۆك دیبۆ و بەدران چیاكورد و نەزیرە كوریەشی تێدابوو.

لەوەتەی ئەمریكا هێزەكانی لە ئەفغانستان كێشاوەتەوە، كوردی سوریا لە نیگەرانیدا دەژین. هێشتا لەوە دڵنیا نین كە ئەمریكا كتوپڕ هێزەكانی ناكێشێتەوە و لەم سەروبەندەدا لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ئەفغانستان نیگەرانن. سەردانی مۆسكۆ هەوڵێكە بۆ زۆرتر نزیكبوونەوە لە مۆسكۆ. پێشوازی لێكردنیشیان لەلایەن لێپرسراوێكی باڵای دەوڵەتەوە بەڵگەی ئەوەیە كە روسیا بایەخ بە رۆڵی كوردی سوریا دەدا و دژی ئەوەش نییە مافەكانیان لە چوارچێوەیەكی پەسەندكراودا دابین بكرێ، هەروەها پێدەچێ مۆسكۆ فشار لە دیمەشق و كورد بكا بۆ گەیشتن بە رێكخستنەوەیەكی گونجاوی پەیوەندییەكان. روسەكان نایشارنەوە كە سوریای پاش بڕانەوەی شەڕی ناوخۆ پێویستی بە رەچاوكردنی تایبەتمەندیی ناوچەكان دەبێ چ بەشێوەی لامەركەزی چ بەشێوەی ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی. روسەكان دەزانن چیتر سوریا بە كەڵكی ناوەندێتی توندوتۆڵ نایەت و هەر دەبێ هەنگاو بۆ كەمكردنەوەی ناوەندێتی بنێ، بەتایبەتی كە سیستمە تازە پێشنیاركراوەكان بۆ دروز و عەلەوی و سوننەكانیش گونجاون.

بەشار ئەسەد زۆر بەلایەوە گرنگە لەو قۆناغەدا بكەوێتەگەڕ بۆ گرتنی شاری ئیدلب و ئەم بابەتە یەكێ لە بابەتە گەرم و گوڕەكانی وتوێژی بوو لەگەڵ پۆتین. بەڵام پۆتین هێشتا لەم مەسەلەیە دوودڵە، چونكە ئەم رووداوە كار دەكاتە سەر پەیوەندی لەگەڵ توركیا. بەڵام لە 29 ئەیلولدا كاتێك پۆتین و ئەردۆغان لە سووچی كۆدەبنەوە، بەدڵنیاییەوە باسی مەسەلەی ئیدلبیش دەكەن.

پۆتین دژی گرتنی ئیدلب نییە و دەشزانێ لە كۆتاییدا هەر دەبێ سوپای سوریا بیگرێتەوە. ئەمەش رێ بۆ ئەوە خۆش دەكا كە ناوچەكانی تر، یەك لەدوای یەك لە گروپە جیهادییەكان پاك بكرێنەوە. روسیا بەرژەوەندیی راستەوخۆی لەم مەسەلەیەدا هەیە، چونكە ژمارەیەكی زۆری جیهادییەكانی باكووری سوریا چاچانن و ئامانجیان جیاكردنەوەی چاچانستانە لە روسیا.

توركیا زۆر لە گەرمبوونەوەی بەرەی ئیدلب نیگەرانە، چونكە بە دۆڕاندنی ئیدلب هیچ كارتێكی كاریگەری لە سوریا بەدەستەوە نامێنێ. بۆیە ئەگەر تینی بۆ بێ، رەنگە راستەوخۆ دەست لە مەسەلەكە وەردا و هێزی زۆرتر بۆ باكووری سوریا بنێرێ. دەشێ هاوشێوەی شوباتی 2020 تێوە بگلێ و تووشی رووبەڕووبوونەوەیەكی عەسكەری بێ لەگەڵ سوریا و روسیا. ئەگەر دەستیش لە مەسەلەكە وەرنەدا، دەبێ دەست لە گروپە جیهادییەكان هەڵگرێ. بۆیە توركیا هەم لە هەڵایسانەوەی شەڕ نیگەرانە هەم لە رەوێكی فراوانی ئاوارە سورییەكان كە روو لە توركیا دەكەن.

پرۆژەی گواستنەوەی گروپە جیهادییەكان بۆ ئەفغانستان هێشتا قۆناغی پرۆژەی تێنەپەڕاندووە. رەنگە ئەم پرۆژەیە هەر جێبەجێ نەكرێ، بەتایبەتی كە ئەمە پێویستی بە رەزامەندیی تالیبانە كە ئەویش پێناچێ لەم قۆناغەدا هیچ گروپێكی جیهادی داڵدە بدات، بەتایبەتی كە هەندێ لەو جیهادییانەی لە سوریادان، ئویگورن و دژی چین تێدەكۆشن، لەكاتێكدا تالیبان خوازیارە پەرە بە پەیوەندییەكانی بدات لەگەڵ چینی دراوسێ.

ئەگەر توركیا بڕیاریدا دەست لە گروپە جیهادییەكانی سوریا هەڵگرێ، دەتوانێ بەبێ زیان لە زەلكاوی سوریا دەرچێ، بەڵام كارێكی لەو جۆرە بەم مانایە دێ كە توركیا بە دەستبەتاڵی، بەبێ هیچ قازانجێك، لە مەسەلەكە دەردەچێ. ئەگەر لە رووی ئابوورییەوە بڕوانینە مەسەلەكە، توركیا كە دراوەكەی لەم ماوەیە لە خراپترین دۆخدایە و گرانی گەیشتۆتە ئاستێكی بەرز، بە دەستێوەردان لە سوریا بارێكی قورسی بۆ ئابوورییەكەی دروست كردووە. هەر بۆیە بە گەڕانەوەی ئاشتی بۆ باكووری سوریا، رزگاریشی دەبێ لەو چوار ملیۆن سورییە ئاوارەیەی لە توركیادان. بەڵام بڕیاردان لەسەر یەكێ لە بژاردەكان لەم بارەیەوە، بۆ شێوەی بیركردنەوە و لێكدانەوەی ئەردۆغان دەگەڕێتەوە كە دەبێ بڕیارێك بە قازانجی وڵاتەكەی بدا.

كوردی سوریا هەم لە توركیا نیگەرانن هەم لە ئەمریكا. تا ئێستا بەربەست لەبەردەم توركیا بۆ هێرشكردنە سەر كوردی سوریا، ئەمریكایە. ئەگەر ئەمریكا بە هەمان مۆدێلی ئەفغانستان، لە ناوچە كوردنشینەكانی سوریا بكشێتەوە و كورد بۆ چارەنووسی خۆی بەجێبێڵێ، هەر ئەوە لەبەردەم كورد دەمێنێتەوە كە لە دەرگای دیمەشق و مۆسكۆ بدەن. ئەگەر ئەم دوو لایەنەش بەهانایەوە چوون، لەوانەیە بەرەی شەڕ فراوان بێ و ئیدلبیش بگرێتەوە. بۆیە، بژاردەكانی بەردەم توركیا لەم رووەوە بژاردەی نموونەیی نین.

شاندەكەی كوردی سوریا پاش سەردانی مۆسكۆ، سەردانی واشنتۆنیش دەكا. لەوێ بەرچاوی روونتر دەبێ و دەتوانێ وردتر بیر لە دژوارییەكان بكاتەوە.

وتاری زیاتر







یاریكردن بەكارتی حزبی بەعس‬ فەرید ئەسەسەرد
2021-02-22 19:15      248 جار بینراوە



عەللاوی و كابینەكەی‬ فەرید ئەسەسەرد
2020-02-17 17:54      459 جار بینراوە







كوردو په‌یمانی ناتۆ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-11-11 18:05      488 جار بینراوە







ئیسرائیل بەرەو پاشاگەردانی ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-09-23 16:50      440 جار بینراوە



نەوت و قەرزەكان‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-07-29 16:07      378 جار بینراوە




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو