ئەگەر بڵێم لەماوەی ساڵانی ئازادی کوردستان زۆرترین ھەڵبژاردن و ریفراندۆم کراوە، لەچاو ئەو چەند ساڵەی ئازادی، درۆ نابێ، لەھەرێم پێنج ھەڵبژاردنی پەرلەمان و یەکێک بۆ ئەنجومەنی شارەوانی و دوانیش بۆ پارێزگاکان کراوە! لەگەڵ ریفراندۆمێکیش. لەسەر ئاستی عێراقیش، چوار ھەڵبژاردن و ریفراندۆمێک کراوە. بەھەمووی دەکاتە چواردە پرۆسەی ھەڵبژاردن و دوو ریفراندۆم، ئەگەر ساڵەکانی بەسەردا دابەش بکەین، بۆ ھەر دوو ساڵ و نیو پرۆسەیەک ئەنجام دراوە. کەواتە ھەڵبژاردن بۆتە دیاردەیەک لەھەرێم و بۆ خۆشی رووی گەشی دیموکراسییە وێڕای کەموکوڕییەکان. لەھەموو ھەڵبژاردنەکانیشدا لایەنە بەشداربوەکان بەشێوازی جیاجیا بانگەشە بۆ بەرنامەو ئامانجەکانی خۆیان دەکەن، بەداخیشەوە، ھەندێکیان ئەوەی ناشیاویشە دەیڵێن بە بیانوی راکێشانی دەنگدەر بۆلای خۆیان.
لەھەرێمدا فرەیی ھەیە، بۆیە چەندین حیزب و بزوتنەوەو لایەن ھەن، ھەندێکیان لەخەبات و شۆرشەکاندا بەشداربون، بەشێکیشیان دوای راپەرین دروست بوون و ھەندێکیشیان دووسێ ساڵە دروست بوون و ھەمووشیان مافی بەشداربونیان لەھەڵبژاردنەکاندا وەک یەکەو پارێزراوە.
لەھەڵمەتی ھەڵبژاردندا قسە زۆر دەکرێ، دروشمی جۆراوجۆر بەرز دەکرێتەوە، بەلێنێ ھەمە جۆریش دەدرێ، بەڵام کامە قسەو کامە دروشم جێ دەگرن و کامە بەڵێنیش جێبەجێ دەبێت؟ ئەمە ئەو پرسیارانەن کەدەبێ ھەموو ھاووڵاتییەک مافی دەنگدانی ھەیە بیان پرسێ و خۆشی بەئینسافەوە وەڵامیان بداتەوە!
ئێستا ھەڵمەتی ھەڵبژاردنە پێش وەختەکەی عێراق گەرمە، ھەموو بەشان و باڵی خۆیاندا ھەڵ ئەدەن، ھەمووش مافی خۆیەتی، بەڵام کێن ئەوانەی دەتوانن لە بەغدا داکۆکی لەمافە دەستورییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکەن؟ کێن ئەوانەی بوێرانە قسە لەسەر مافی خەڵکی کوردستان دەکەن لەبودجەی عێراقدا؟ کێن دەنگیان بەرزو زوڵال دەبێ بۆ داوای موچەو بودجەی ھەرێم؟ کێن داکۆکیکاری سەرسەختنی جێبەجێ کردنی ماددەی 140ی دەستور دەبن؟ کێن کە شەراکەتی راستەقینەی کوردو نەتەوەکانی تر لەعێراقی فیدراڵدا لەگەڵ عەرەبدا دەچەسپێنن؟ کێن ئەوانەی داکۆکی لەپێشمەرگە دەکەن بۆ بەدەست ھێنانی ماف و شایستەکانی ؟ ئایە ئەوانەن کە بۆ کاسبی و وەرگرتنی کاری بازرگانی لەسەر حیسابی خەڵکی کوردستان دەچنە بەغدا؟ ئایا ئەوانەن کە لەسەر حیسابی خەڵکی کوردستان رێکەوتنی ژێر بەژێر دەکەن بۆ پلەو پۆست لەبەغدا؟ ئایە ئەوانەن کەھەر بۆ موچەو ئیمتیازات دەچنە بەغدا؟ ئایە ئەو دەستەو لایەنانەن كاتێك کوردستان دەکەوێتە بەر ھێرشی تیرۆریستان و دوژمنان و پێشمەرگە دەچێتە نێو سەنگەری بەرگرییەوە، ئەوان لەدوریشەوە ئەو سەنگەرانە نابینن، مەگەر لەشاشەی تەلەڤزیۆنەکانەوە نەبێ؟بەدڵنییاییەوە ئەوانە نین، بەڵکو ئەوانەن پشتیان بەمێژویەکی پر شانازی بەستوەو شانیان داوەتە بەر ئێستایەکی سەخت و پر ئەزمونی قورس و چاویان لەئایندەیەکی گەشە. ئەوانەن، داکۆکیکاری ئازادی و دیموکراسی وسەربەستین، ئەوانەن کەداکۆکی لەمافە سیاسی و ئابوری و جوگرافییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن ئەوانەن کە گوزارشت لەویست و خواستەکانی خەڵكی کوردستان دەکەن. ئەوانەش کاندیدەکانی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانن، درێژە پێدەری خەباتی درێژ خایەن و نەپساوەی سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروانن.