
جەمال ئارێز
وڕكگرتنی پێشوەختە ترسە لەئەگەری دۆڕان
2021-09-20 16:47     224 جار بینراوە      کۆمێنت
دوو ساڵی رابردوو عیراق شایەتی دەیان خۆپیشاندان و ناڕەزایی بوو، كە لە زۆربەی خۆپیشاندانەكاندا قوربانی و برینداری لێكەوتەوە تا بەناچاری كابینەی حكومەتی عیراق بە سەرۆكەكەشییەوە دەستیان لەكاركێشایەوە و لەدوای ناودێركردنی چەند كەسێك، مستەفا كازمی راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی راگوزەر بەمەبەستی راییكردنی كاروباری وڵات و ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
ئەگەرچی بەگوێرەی بڕیاری یەكەمجار و بەرلە هاتنە ئارای پەتای كۆرۆنا بڕیار بوو لە 6/6/2021 هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت، بەڵام دۆخی كۆرۆنا و نائامادەیی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق، وادەكەی گۆڕی بۆ 10/10/2021 و ئیدی لەوكاتەوە هەموو لایەنەكان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ باشووری عیراق سەرقاڵی ئامادەكاریی و خۆ تۆماركردنن بۆ ئەو هەڵبژاردنە و هەموو كاندید و بەربژێرەكان یەكلایی كراوەنەتەوە و دەرگای تۆماركردنی هاوپەیمانییەكان و قەوارەكان داخران و بانگەشەی هەڵبژاردن بە گەرموگوڕیی دەستپێكردووە لە هەموو پارێزگا و شارو بازنەكان، كەچی تازە بەتازە هەندێك سەركردەی لایەنە توركمان و عەرەبییەكانی پارێزگای كەركوك كەوتوونەتە بیانووگرتن و وڕكگرتنی پێشوەختە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو پارێزگایە، لەكاتێكدا هەر بە پێداگریی ئەوانە وانزیكەی 16 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای ئەو شارە پەكی خراوە و دەسەڵاتدارانی حزبە باڵادەست و خاوەن نفووزەكانی بەغداش ئەگەر بەدەستیشیان نەبووبێت، بەدڵیان بووە، چونكە هەر لە هەڵبژاردنی 2005ەوە تا راپرسی لەسەر دەستوور، پاشان هەڵبژاردنی 2010 و 2014 و 2018 دەریانخست كە ئەو هەموو ستەمەی گۆڕینی دیمۆگرافی كە لەو شارە كراوە و دەكرێت بە گۆڕینی نەخشە و جوگرافیا ئیدارییەكەشییەوە، هێشتا نەتوانراوە كوردستانی بوونی ئەو شارە بسڕنەوە سەرەڕای ئەو هەموو پرۆسەی بەعەرەبكردن و راگواستنەی كە بەئاشكرا لە 1963 وە دەستیپێكردووە و تائێستاش بە ناوی جیاجیاوە بەردەوامە بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2017ەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هە،ڵبژاردنی ساڵی 2018 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی پێشوو سەرەڕای بوونی كەشێكی نائاسایی لەو شارە و باغربوونی دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی بەغدا بە پاشەكشەی پێشمەرگە، هێشتا دەنگ و سەنگی كوردستانییانی كەركوك هێندەی عەرەب و توركمان بوو پێكەوە، بۆیە لەدوای ئەو هەڵبژاردنە هەندێك لایەنی عەرەبی و توركمانی هەوڵێكی زۆریاندا كە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەی كەركوك پووچەڵ بكەنەوە و داوای هەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانیان كرد و ئەوەش كراو هەر ئەنجامەكە وەك خۆی مایەوە.
ئێستا هەمان ئەو حزب و لایەنە توركمانی و عەرەبییانە بۆ خۆدەربازكردن لە رووزەردییان لە بەردەم دەنگدەرانی ئەو دوو پێكهاتەیەی شارەكەدا، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە وڕكی پێشوەختە دەگرن، لەلایەك دوای رێكەوتنی سەرەتایی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و وەزارەتی بەرگریی عیراق بۆ دروستكردنی لیوای هاوبەش لە ناوچە جێناكۆكەكان بۆ كێوماڵكردنی ئەو ناوچانەی كە داعش خەریكە تیایاندا جموجۆڵە تیرۆریستییەكانیان دەستپێدەكەنەوە، دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ ئەو رێكەوتنە دروست بكەن و داوا دەكەن رێگە نەدرێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو سنوورانە.
لەلایەكی دیكەوە وەك بیانوویەكی پێشوەختە و دڵنیابوونیان لە قەبارەی راستەقینەی خۆیان و قەبارەی بنكەی جەماوەریی هێزە كوردستانییەكان و بەتایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانیی كوردستان، داوا دەكەن هەڵبژاردنی كەركوك بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ماوەی هەفتەیەك لەوادەی خۆی دوابخرێت!
دیارە ئەم داواكارییە پێشوەختە ناوەختە دوو ئامانجی سەرەكیی لەپشتەوەیە، یەكەمیان گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە ئەو راستییە دەخاتەڕوو كە ئەوەی بەباشی بەرگریی لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان دەكات و هەموو خەڵكی ئەو ناوچانە دەپارێزێت بەبێ جیاوازیی، خاوەنە راستەقینەكانی ئەو ناوچەیەن كە هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، ئەوەش جۆرێك لە شەرمەزارییان بۆ دروست دەكات وەك ئەوەی لە ساڵی 2014 بینیمان كە فیرقەی 12 چۆن ناوچەكانی خۆی بەبێ تەقە بەجێهێشت.
هەرچی بابەتی هەڵبژاردنەكەشە، دیارە كە ژمارەیەكی زۆر عەرەبی هاوردە لەدوای شەڕی داعشەوە لە 2014 بەناوی ئاوارەییەوە هاتوونەتە ناوچەكە كە بەشێكیان هەمان عەرەبە هاوردەكانی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوون كە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عیراق قەرەبوویان وەرگرتەوە و خانە و نفوسیان گەڕاندەوە بۆ پارێزگا سەرەكییەكانی خۆیان و ئەم هەڵبژاردنەش بەگوێرەی بازنەیە و ناتوانن لە دوو بازنە لە رۆژێكدا دەنگ بدەن و فریای ئەوە ناكەون، بەتایبەتی كە هاتووچۆی نێوان شار و پارێزگاكان دادەخرێت، بۆیە ئەگەری هەیە لەحاڵەتێكی لەو جۆرەدا ئەوەی لە 2005 تا 2018-ش بۆیان لواوە، ئەمجارە بۆیان نالوێت، بەڵام دەیانەوێت بەو وڕكگرتنە پێشوەختەیە یان وەك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا رۆژ بەڕۆژ و مانگ بە مانگ و ساڵ بەساڵ دوای بخەن، یان بچنەوە لە شارە ئەسڵییەكانی خۆیان دەنگ بدەن و پاش هەفتەیەكیش بگەڕێنەوە لە كەركوك دەنگ بدەن، كە ئەوە هەر لە ئەنجامی كورتبینییەوەیە، ئەگەرنا بەگوێرەی یاسا نوێیەكە ئەوە نابێت و كەسێك تەنها بۆی هەیە بەو ناو و داتا و زانیارییەی كارتە ئەلەكترۆنییەكەی تەنها لە بازنەكەی خۆی دەنگ بدات، یان دەیانەوێت هەر لەئێستاوە هۆكاری دۆڕانی پێشوەختەیان بەم وڕك و پاساوە پێشوەختەیە داپۆشن.
بۆیە ئەگەر ئەوان سووربن لەسەر ئەو داوایەیان و كۆمسیۆن و حكومەتی بەغداش لەبەرامبەردا نەرمیی بنوێنێت، ئەوا ئەركی لایەنە كوردستانییەكانە كە پێداگریی لەسەر ئەوە بكەن كە ئەگەر ئەوە بكرێت، ئەوا دەبێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگای كەركوك پێكەوە بكرێت بەو مەرجەی كە هەموو ئەوانەی دەنگ دەدەن، لە شارەكانی دیكە جگە لە كەركوك، هەموو كارتی دەنگدانەكەیان لێ وەربگیرێت تا دوای هەڵبژاردنی كەركوك.