ئێمە وەک راگەیاندنکارانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئەرکی خۆمانمان زانیوە کە لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا ببینە داکۆکیکاری بەهێز لە کاندیدەکان و لە رێگەی نووسینەکانمانەوە زیاتر بیان ناسێنین بە جەماوەری دەنگدەر، کوردستانی نوێ یەکێکە لەو مینبەرانە هاوشانی بەشەکانی دیکەی راگەیاندن، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش بەبەردەوامی هەوڵەکانمان خستووەتە گەڕ بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان کە پێک هاتووە لە یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان.
تا ئێرە ئەمە منەت نییە بەسەریاندا، بەڵکو دەمەوێت ئەو بەرپرسیارێتییە پیرۆزە بخەمە سەر شانیان و بزانن کە دەبێت زۆر بە ئەمانەتەوە ئەو ئەرکەی پێیان دەسپێردرێت» ئەگەر براوە بوون» بیگەیەننە ئەنجام و هەرچی لە توانایاندا هەیە کەمتەرخەمی نەکەن و لە بیریان بێت ئەوان بە دەنگی خەڵک چوونەتە ئەوێ.
ئێوە دەچنە ناو هۆلی پەرلەمان بۆ بەڕێوەبردنی ململانێی و فڕکان فڕکان بەشوێن بەجێگەیاندنی پرۆژەکانی خزمەتگوزاریی پچڕاندنی هەرچی زۆرتر پشکی بودجە بۆ خەڵک، ئەو خەڵکەی کە ئەمڕۆ لە بانگەشەکاندا دەنگیان دەدەنێ.
ئێوە وەک نوێنەری ئەم خەڵکە و هەریەک لە دەڤەرێک، لەگەڵ ئەوەی خواست و ئاواتی خۆتانە کە بگەن بەو پلەیە و خۆتان لە گۆڕەپانی سیاسەتدا دەربخەن و مێژوویەک بۆ خۆتان تۆمار بکەن، بەڵام لەگەڵیشیدا ئەو پلە و پۆستە بە دەنگی خەڵکەکەیە کە لەبەر خاتری حزبەکەیان دەنگتان دەدەنێ، نموونەش بۆ ئەمە هەمیشە کاندیدی سەربەخۆ و لەدەرەوەی حزب شانسی کەمترە بۆ دەرچوون، کەوابوو ئێوە کاندیدی حزبن و ئەوانەش دەنگتان دەداتێ ئەندامان و هەوادارانی حزبن.
ناردنی ئێوە بۆ ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ جوڵاندنی ئەو دۆسییانەیە کە تۆزی لێهەڵنیشتووە و لەدوای نەمانی رژێمەوە تا ئێستا وەک خۆی بە هەڵواسراوی ماوە.
من ئاماژە بەو ئەرکانە ناکەم چونکە خۆتان زۆریتان لە کاتی بانگەشەدا بە گوێی خەڵکدا داوە، تەنها دەڵێین دەبێت ئەو بەڵێنانە کاری بۆ بکرێت تا گەیاندنی بە مەبەست، دەبێت لەماوەی نوێنەرایەتیکردنتان لە بەغدا هەرچەند مانگ جارێک راپۆرتی کارەکانتان بگێڕنەوە بۆ خەڵک، پێیان بڵێن تا چەندە توانیوتانە کارەکانتان بەڵێنەکانتان بهێنێتە دی.
لەوێ وەک فراکسیونی هاوپەیمانی دەنگتان یەکبخەن، ئەوانەی دەنگتان دەدەنێ هیواتان لەسەر هەڵدەخەن، بۆ بەرژەوەندییە تەسکەکانتان دابەش مەبن، رووی ئەوانە سپی بکەن کە دەنگتان دەدەنێ و حزبەکانیشتان سەربخەن.
لەوێ گروپ و کەسایەتی جۆراو جۆر هەن کە بە چەندین شێواز دەیانەوێت لە خشتەتان بەرن و درز بخەنە ناوتانەوە، تێکەڵی کەسانی شۆڤێنی مەبن لەوانەی تەنها جارێکیش بۆ پرۆژە یاسایەک لەبەرژەوەندی خەڵکی هەرێم دەستی بەڵێیان بەرز نەکردووەتەوە.
تێکەڵ بوونتان بەخەڵکە نەیارەکانی ناو پەرلەمان زیانتان پێدەگەیەنێت، کارەکانتان بە نهێنی رێکبخەن، با نەیارەکانتان عەوداڵ بن بەشوێن زانینی بەرنامەی کارەکانتان.
لەکاتی خۆیدا سوود لەو هەلانە وەربگرن کە دێنە پێش و ئەو ساتانەی پرۆژە بڕیارە گرنگەکان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت گەر نەخۆشیش بوون هەر بچنە ناو هۆڵی پەرلەمان، قسە و بیری هەریەک لە ئێوە لەگەڵ ئەوی تر جیاوازی هەیە، رەنگە بیرۆکەی یەکێک لە ئێوە سوود بە هەموو دانیشتوانی هەرێم و عیراق بگەیەنێت نەک تەنها ناوچەکەی خۆت، ئامادە نەبوونت لەو کۆبوونەوە گرنگە رەنگە ببێتە هۆی خراپ تێپەڕینی پرۆژە بڕیارەکە.
هەرچەندە پێکەوە کارکردنی فراکسیونە کوردستانییەکان لە بەغدا، حزبەکان بڕیاری لەسەر دەدەن بەڵام ئامادەیی ئێوەش بۆ پێکەوە کارکردن دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر بۆچوونی حزبەکان و وەرگرتنی بڕیار.
هەریەک لە ئێوە دەتوانێت رۆڵی باش و خراپیش سەبارەت بەوە ببینێت، بۆ پابەند بوون بە ئەرکە نیشتمانییەکە باشترە هەمیشە بیرتان بۆلای یەک ئاراستەیی بچێت کە لە خزمەتی گشتیی خەڵک بێت.
راستە ئێمە وەک کورد لەو ئەنجومەنەدا نابینە زۆرینە بەڵام ئێوە دەتوانن بە تواناکانتان لە داڕشتنی پرۆژە یاساکاندا پیشانی بدەن کە پلانەکانتان لە خزمەتی گشت خەڵکی عیراقدایە، بادەنگ و بۆچوون و پلانی ئێوە لە بەسرە دەنگ بداتەوە، با ئەوان هەست بەوە بکەن کە پەرلەمانتارە کوردەکان لە هەوڵی بنیاتنانی عیراقدان نەک هەرێمی کوردستان بەتەنها.
هەرچی لەپەرلەماندا باس دەکرێت لە پێناوی باشتر کردنی ژیانی خەڵکە، کەوابوو دەتوانن لەبیری ئەو مادە باشانەدا بن کە بە باسکردن و جێبەجێکردنیان سوود بە هەموو تاکی عیراق بگەیەنن، ئێوە بە هەنگاوەکانتان دەتوانن نێوانی هەرێم و بەغدا خۆش بکەن و لە ناکۆکی دروستکراوی دەرەکی دووریان خەنەوە، چونکە هەرچەند نێوانی سیاسییەکانی هەرێم و بەغدا ئاسایی و هاوڕێیانە بێت هێندە سوود بە گەلانی عیراق دەگات.