هیوا محەمەد

رۆڵی سیستمی حوکمڕانی لە داهێنان لای تاکدا؟

  2021-09-18 16:56      149 جار بینراوە        کۆمێنت

تاکی کۆمەڵگەی ئێمە هێندەی لاسایی دەکاتەوە، نیو هێندەش بیر لە داهێنان ناکاتەوە، چاوی بڕیوەتە گرتە ڤیدیۆییەکان و دەیەوێت بزانێت چی لە جیهانی دەرەوەدادەگوزەرێت، لە سادەترین کەرەستە ئەلکترۆنییەکان کە لە رۆژانەیدا بەکاریاندەهێنێت، بەشوێن باشترینەکاندا دەگەڕێت و دەشزانێت هی کامە وڵات لە هەموویان باشترە.

لەبواری خوێندنەکەی خۆیدا بیر لە پێزیادکردن و داهێنان ناکاتەوە، بە راشکاوانە دەڵێت: ئێمە میللەتێکین لەدواین!

بێ ئەوەی بزانێت کە ئەم لەدوا بوونە پشکێکی ئەویشی تێدایە. دوورکەوتنەوە لە (تەنها لاساییکردنەوە) باشە، لانیکەم ئەگەر درێژە پێدەریش بین بە هەندێک دەستکارییەوە، تا لە کاروانەکە دوا نەکەوین، بۆ نموونە شانۆمان پەرە پێبدەین تا لەگەڵ داهێنان و پێشکەوتنە جیهانییەکانی بواری شانۆ هەنگاو بنێین، نەک پشتی تێبکەین و تەماشاچی ئەوانی دیکە بین.

تاکی ئێمە پێی وایە کەرەستە کەلەپوورییەکانمان، جلوبەرگی شاڵ و دەستچن، پێڵاو، کڵاو، فەرش و جاجم و پێخەفەکانی دیکە، قەفەسی کەو بەندکردن، تەشی و تەون و… هتد. ئەمانە داهێنانن کە لەراستیدا وانییە.

هەموو ئەمانە، ئەو ئامێرانەن کە لە کۆمەڵگەکانی دیکەشدا بەکار هاتوون و دێن، بەڵام بە شێوازی جیاوازتر، یان ئێستا لەم سەردەمی پێشکەوتنەدا بە ئامێری کارەبایی دەکرێن و زۆر باشترن و ئەو کۆنانە دەچنە مۆزەخانەوە.

داهێنان ئەوەیە کە جووتیارێک لە دوو تۆوی جیا میوەیەک بەرهەم دێنێ، یان قەبارەی میوەکان گەورەتر دەکات، داهێنان ئەوەیە کە چارەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەدۆزێتەوە و شۆڕشێک بەسەر ئەم نەخۆشییەدا دەکات، داهێنان چارەسەریی نەخۆشی ئایدزە کە لەهەڵەیەکەوە تووشی مرۆڤ دەبێت و پێیەوە دەتلێتەوە. چوونە سەر ئەستێرەکان بۆشایی ئاسمان و دۆزینەوەی شتە نوێیەکانە.

داهێنان ئەوەیە کەسێک ئامێرێکی نەبینراو دروست بکات کە کار ئاسانی بۆ گەیاندنی کارەکە بکات، یان ئەو رۆڵە ببینێت کە ئامێرێکی دیکە دەیبینێت بەڵام خێرا تر و بەرهەمی زیاتر.

داهێنان ئەوە نییە دەنگت خۆشبێت و گۆرانی بڵێیت، یان هەمان ئەو جل و بۆن و کەلوپەلانە دروست بکەیت کە براندی جیهانین. ئەوە داهێنانە کە هەوری ئاسمان لەرێگەی دەستی مرۆڤەوە دەکەنە باران.

ئەگەر تاکێکی ئەم وڵاتە پایسکلی دروستکرد، ئەمە داهێنان نییە، بەڵکو لاسایی کردنەوەیە، لە وڵاتی سوید لە پاشەڕۆ و زبڵ و خاشاک وزە دروست دەکەن، ئەمە داهێنانە کە پێشتر نەکراوە.

لەم کۆمەڵگە و هەرێمەی ئێمەدا، کاڵاکانی پێداویستی ژیانی رۆژانە و ناوماڵ و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و جلوبەرگ و کەرەستەکانی ئاو و کارەبا و زۆرشتی دیکە هیچیان جێگە دەستی خۆمانیان لەسەر نییە.

تاقمێکی ژووری نووستن لە دەرەوە دێتە بازاڕی ئێرە و زاڵ دەبێت بەسەر نرخدا(نەک کوالتی) ئەوەی دارتاشێکی بەتوانای خۆمان دروستی دەکات و تیایدا مادە باشەکان بەکاردێنێت و تۆکمەتر دروستی دەکات باشترە،

بەڵام لەبەر ئەوەی نرخەکەی گرانتر دەکەوێت، بازاڕی نابێت و ئەوەی بیانییەکە دەفرۆشرێت.

ساغکردنەوەی کاڵای وڵاتان
کەواتە ئێرە بازاڕێکە بۆ ساغ کردنەوەی کاڵای دوو تا سێ وڵاتی دەوروبەر و زیادکردنی بازاڕە بۆ بەرزبوونەوەی ئابووری ئەوان، ئێمە هەر پارە دەدەین و ئەوانیش کاڵا دێنن و خێر لە ئێمە دەکەن.

ئاساییە کە ئەم کەلوپەلانە هەبن وەک هەر وڵاتێکی دیکە، بەڵام ئەگەر هاندان و داهێنان هەبوایە، ئەوە دەبوو زیاتر ئەو کاڵا و خۆراکانە بهێنین کە خۆمان نیمانە، نەک کارێک بکەین رێگە لە بەرهەمهێنانی خۆمان بگرین.

بیرۆکەی داهێنان لە مێشکی تاکەکاندا هەیە و رەنگە لای کەسێک دروست ببێت پلەی خوێندنیشی بەرز نەبێت، بەڵام لەهەموو حاڵەتەکاندا کاری حکومەتە کە بوارەکان برەخسێنێت بۆ ئەوەی تاکەکان لە شوێنی کارەکانیان داهێنان بکەن، کەسێک تا لە بوارێکدا سەرقاڵی کارکردن نەبێت، بیرۆکەیەکی داهێنەرانەی بۆ نایەت.

ئەوە کاری سیستمی خوێندنە کە لە ناوەندەکانی خوێندندا بەرنامەی تایبەتیان هەبێت بۆ جووڵاندنی داهێنان لەلایەن خوێندکارەکانەوە.

لەهەموو وڵاتێک بودجەی تایبەت بۆ ئەم بوارە تەرخان دەکرێت، لە پەروەردە و خوێندنەوە تا خێزان و شوێنکارەکان، هەروا لە رێگەی وەزارەتە مەعنییەکانەوە.

دەبێت وەزارەتی بازرگانی سیاسەتێکی گونجاو بگرێتە بەر بۆ مەرجدارکردنی هێنانی کەلوپەل و خواردنی بیانی، دەنا نەک تاکی ئەم وڵاتە بەلای داهێناندا ناڕوات بەڵکو هەمیشە چاوەڕێی دەستی بیانییە شتی جوانتری بۆ بخاتە بازاڕەوە و ئەمیش هەرچی پەیدای دەکات بیکاتە دەستی ئەوانەوە.

لە وڵاتی ئێران کە چەند کیلۆمەترێک لە ئێمەوە دوورن، دەیان و سەدان کارخانە هەن کە تیایاندا دەیان جۆری ئامێری «دروستکردنی نان» دروست دەکەن وەک ئەوەی لە شاری بۆکان دەکرێت و هەمان ئەو ماشێنە کە لەسەری نووسراوە ساختی ئیران- بۆکان لە زۆرێک لە شارەکانی وڵاتانی ئەوروپی کاری پێدەکرێت.

ئەمانە دەستی تاکی ئەو وڵاتەن، بەڵام شتی وا لێرە نییە.

ئەو هەموو ماتۆڕ، پایسکیل، ئۆتۆمبیل، ئامێرەکانی دیکەی کشتوکاڵی، بەفرگر و جۆرەکانی، فێنککەرەوەکان، پانکە، هتد لەناو خودی ئیران دروست دەکرێت، تاکەکانیشیان وەک ئێمەن و جوگرافیاشمان تێکەڵە و لەیەک نزیکە. کەواتە ئەمە سیستمی حکومڕانییە کە دەبێت ئەم بوارە دەوڵەمەند بکات و هەلیان بۆ بڕەخسێنێت، مرۆڤ دەبێت لە بوارێکدا کار بکات تا بتوانێت تیایدا داهێنان بکات، بۆ رەخساندنی هەلی کاریش ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی بەڕیوەبردنە.

وتاری زیاتر

یەکێتی، هیوای تاکی کوردە‬ هیوا محەمەد
2022-06-05 10:14      115 جار بینراوە





مامەڵەی حزب لەگەڵ خەڵکدا‬ هیوا محەمەد
2022-01-08 16:01      144 جار بینراوە



ئەندامی حزب لەبەرەی خەڵکدا بێت‬ هیوا محەمەد
2021-11-27 20:06      147 جار بینراوە

خۆزگە بە شەهیدبوون‬ هیوا محەمەد
2021-11-22 21:13      158 جار بینراوە

هەوێنی شڵەژانی دۆخەکە‬ هیوا محەمەد
2021-11-20 16:00      152 جار بینراوە


موزیکی غازەکەو تەقەی بوتڵەکان‬ هیوا محەمەد
2021-11-14 13:04      129 جار بینراوە




خەبات بە بوختان و چەواشەکاری‬ هیوا محەمەد
2021-10-31 18:52      187 جار بینراوە


سەرکردەبوون پلەیە نەک پیشە‬ هیوا محەمەد
2021-10-25 17:17      125 جار بینراوە





کاندیدە براوەکان دەبێ چی بکەن؟‬ هیوا محەمەد
2021-09-19 17:14      149 جار بینراوە


بەدەنگت رەش و سپی جیا بکەرەوە‬ هیوا محەمەد
2021-09-16 09:35      137 جار بینراوە


قەدی دارەکە شەرتە نەک لقەکانی‬ هیوا محەمەد
2021-09-11 17:22      149 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو