خێزانی کوردی لەقەیراندایە، نیشانەکانی ئەم قەیرانە بەبەرچاوی هەمووانەوەیە، رێژەی جودابوونەوە، کە لە باڵاتریندایە، رەنگە نیشانەیەکی زەق بێت، رێژەی شوونەکردن، رەبەنی یان خێزانی دڵتەنگ، توندتیژی زۆر پێوەری تر، دەکرێت بۆئەوەی دیدێک بۆ تێگەیشتن لەم قەیرانە دابڕێژین بیر لەو گۆڕانکارییانە بکەینەوە کە گۆڕانی ژیار بەسەر جۆری پەیوەندی ئەندامەکانی ناو خێزاندا هێناویەتی، خێزانی تەقلیدی، ئەو خێزانەیە کە دەسەڵات تیایدا پلەبەندیانە، یان هایرارکیانە بونیادنراوە. باوک، کرۆکی خێزانەو خاوەن باڵاترین دەسەڵاتە، ژن و مناڵەکانە بەپلەی جیاوازدێن لەپاش ئەو، داڕێژەری ئەم بونیادی دەسەڵاتە ئابووری و کەلتووری و ئایینی و ئاگاییە بوو، دەکرێت بڵێین کە ئافرەت بەگشتیی بوونەوەرێکی ناسیاسی بوو، لەپانتاییەکی تایبەتدا (ماڵدا) قەتیس کرابوو، ناسیاسی بەمانای ئەوەی بۆی نەبوو لەپانتایی گشتیدا ئامادەیی و چالاکی هەبێت، دیارە هەندێک شاز هەیە لەم بنەمایە، بۆ نموونە خێزانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی پێگەی سیاسیان هەبوو، یان ئافرەت وەک بەشێک لەخێزان، لەمەزراو کێڵگەی خێزاندا کاری کردووە، ئەم شازانە نابنە بنەمای ئەوەی کە بنەما گشتییەکە هەڵبوەشێننەوە، زۆربەی جار ئیشکردنی ئافرەت ئیشکردنێکی بێ داهات بووە. ئەوەی ئیش گرنگ دەکات، ئیش خۆی نییە، بەڵکو بوونییەتی وەک سەرچاوەیەکی داهات، چونکە داهات، تواناو ئازادی دەبەخشێت.
لەڕوانگەی داهاتەوە، دەبینین خێزانە هەژارەکان و خێزانە دەوڵەمەندبووەکان هەردوو قەیرانیان هەیە، هەژارەکان بەهۆی نەبوون یان کەمیی داهاتەوە، دەوڵەمەندبووەکان بەهۆی دەستگەیشتی ئافرەت بەداهات. لەهەردوو دۆخەکە بونیادە هەرەمییە تەقلیدییەکە تووشی کێشە دەبێت. لەدۆخی هەژاراندا باوک نان پەیداکەرێکی باش نییە، لەدۆخی دەوڵەمەندبووەکاندا، باوک تەنها نان پەیداکەر نییە، دایکیش بەهەمانشێوە نان پەیداکەرە.
لەهەمانکاتدا خێزان وەک دەزگایەک لەلایەن دەزگاکانی ترەوە لەپەیوەندی و زۆرجار ململانێدایە، پەیوەندی نێوان دەوڵەت و خێزان یەکێکە لەپەیوەندییە ئاڵۆزەکان لەمبارەوە.
نموونەی ئەم دۆخە بەڕوونیی لەخێزانە کوردەکانی نیشتەجێیی رۆژئاوادا دەبینین. ئەگەر تەماشای جوگرافیای خێزانی کورد بکەیت، دەبینیت هەتا پشتیوانیی دەوڵەت بۆ خێزان زیاتربێت، خێزان زیاتر هەڵوەشاوەیە، ئەمە لەکەیسی وڵاتانی ئەسکەندەنافیادا دەیبینیت. زۆرن ئەو خێزانە کوردانەی کە بەدەست قەیرانی هەڵوەشانەوە دەناڵێنن لەو وڵاتانە.
(ئەم دۆخە مایەی شەڕێکی گەورەیە لە ئەمریکا لەنێوان لیبراڵ و پارێزەرەکاندا، کۆنسێرڤەتیڤەکان دەڵێن هەتا دەوڵەت زیاتر پشتیوانی خێزان بکات، خێزان زیاتر هەڵدەوەشێت، لیبرالەکان دەڵێین نەخێر قەیرانەکە ئابوورییە، لەداهاتوودا دێمە سەر ئەم بێرەوبردە).
رەنگە گۆڕانی سەرچاوەی داهات و شێوازی کارو سەرچاوەی داهات و بەشداریی بوون کۆمەڵە هۆکارێکی سەرەکی بن لەقەیرانی خێزان، بەڵام هەندێک هۆکاری تریش هەیە کە دەبێت لەسەری رابوەستین.
هەندێک ئایدەلۆژیا لەدونیای ئێمەدا ئامادەن کە بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لەسەر قسەکردن لەسەر خێزان و رۆڵ و پێگەی خێزان. دوو ئایدەلۆژیا لەهەمووان زاڵترن، یەکێکیان چەپە، ئەویتریشیان ئیسلامی سیاسی. دیارە بەرخۆریزمیش ئایدەلۆژیایەکی ئێجگار کاریگەرە.
چەپی کوردی هێندە خاوەن مەعریفە نبیە بەکەلتووری چەپ. بۆیە خیتابی جۆرێکە لەپرتەو بۆڵەو سەرەتاتکێ، بەگشتی کرۆکی دیدی چەپ، وەک لە مانیفێستدا بەیان دەکرێت بریتییە لە aufhebung کە یانی هەڵوەشاندنەوەی خێزان. خێزان لەدیدی ئەوانەوە یەکەیەکی بۆرژوازییە. مارکس بڕوای وەهابوو ئەمجۆرە خێزانە بەگۆڕانی سەرمایە خۆی دەپوکێتەوە، لەبەرامبەر ئەمەدا ئیسلامی سیاسی خێزان وەک کرۆکی بوونی خۆی دەبینێت، ئوسرە چەمکێکی سەرەکی دونیابینی و رێکخستن و سیاسەتکردنیانە. خێزان لای ئەوا لەسەر بونیادی قەوام بونیادنراوە.
بەم پێیە ئێمە لەبەردەم بەرداشی دوو خیتابداین یەکێکیان هەڵیدەوەشێنێتەوەو ئەویتریان رەقی هەڵدەگەڕێنێت، ئامرازەکانی بەڕێوەچوونی ئەم خیتابانە بریتین لە ئەخلاق، سەقامگیریی، باری دەروونیی، دەسەڵات، پیاوبوون و پیاونەبوون و زۆر چەمکی تریش.
کۆمەڵگای ئێمە لەنێوان ئەم دوو بەرداشەدا سەری لێشێواوە، بەڵام نە هەڵوەشانەوە سوودمەندەو نە بینینی خێزان وەک یەکەیەکی رەقهەڵاتووی نەگۆڕ. بەگۆڕانی ئابووری بونیادی خێزانی تەقلیدی دەگۆڕێت. کۆمەڵگای کشتوکاڵی پێویستی بەدەستی کاری بێ بەرامبەر هەبوو، بۆیە خێزان لەکۆمەڵگای کشتوکاڵیدا گەورەبوو، بەگەشەی تەکنەلۆجیاو هاتنی جۆرێک لەکۆمەڵگای پیشەسازی، یان دەرکەوتەی پیشەسازی، بەتایبەتی پیشەسازی نەوت و سامانی سروشتی، جۆری کار دەگۆڕێت، جگە لەشەڕو هەندێک بواری تر نەبێت، زۆربەی بوارەکانی تر زیاتر بۆ ئافرەت گونجاوە هەتا پیاو. ئەم بە ئافرەتبوونەی، فیمینایسەی بواری کارو داهات، بەناچاریی بونیادی خێزان دەگۆڕێت.
ئەگەر بەچەمکی ئەندازەیی دەریبڕین ئێمە لەگواستنەوەین لەکۆمەڵگای پلەبەندییەوە بۆ کۆمەڵگای ئاسۆیی. پێکەوە هەڵکردن سەختردەبێت لەبڕی ئاسان بوون، خێزان وەک دەزگایەک کاتێیک بونیادی دەسەڵات تیادا دەگۆڕێت، ئەوا قەیران دروست دەبێت. خێزان لەتاک سەرۆکییەوە دەگۆڕێت بۆ هاوسەرۆکی. (کاتێک ئەم پرسەم لەگەڵ خوێنەرانمدا وروژاند لەفەیسبوک وەڵامەکان جێگای سەرنج بوون، دیارە چەمکی هاوسەرۆک لەئێستادا بارگاوییە، بەڵام کەم نەبوون ئەو وەڵامانەی کە شێوازێکی رێکخستنی وەهایان بەسەرچاوەی کێشە دەزانی).
ئەوەی ئەم قووڕە زیاتر خەست دەکاتەوە بەسیاسیبوونی ئەم بوارەیە. وەک لە ئەمریکا دەیبینین شەڕ لەسەر خێزان کردنی خێزانە بەئامرازو پانتایی شەڕ لەبری شەڕ لەپێناوی خێزان. بەسیاسیبوون لەدونیای ئێمەدا بەگشتی بەمانای رسوابوون دێت. بە سیاسیبوون یانی تووڕەهاتکردن و جنێودان و بەلاڕێدابردن و دابەشکاری لەنێوان ئەخلاقدارو بێئەخلاقدا. ئەمەمان لەپرسی وروژانی ناوی دایکدا بینی.
بەگشتی کاتێک کە خێزان تووشی قەیران دەبێت دەوڵەت دەسەڵاتی زیاتر دەکات، ئەمە خەمی کۆنسێرڤەتیڤە ئەمریکاییەکانە. بەڵام کۆمەڵگای ئێمە هەتا ئێستا کۆمەڵگایەکی بێدەوڵەتییە، یان نادەوڵەتییە. بەم پێییە، کاتێک دەزگای خێزان لاوازدەبێت، ئەوا هیچ دەزگایەکی تر نییە هەتا رۆڵەکەی بگێڕێت، بەمجۆرە ئێمە رووبەڕووی بۆشاییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی سەخت دەبینەوە، کە لەتواناماندا نییە دەرەقەتی بێین.
زانکۆکانی ئێمە دەبوو دەیاها لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی مەیدانیان هەبووایە، هەتا بمانتوانیایە، بەوردتر قسە لەسەر پەیوەندی نێوان خێزان و حکومەت و کۆمەڵگا بکەین، بەڵام ئێمە خاوەن زانکۆ نین، ئەمە لەکاتێکدا هەر دۆڵێک لەکوردستان وەک دەواجن زانکۆیەکی تیادایە.
قەیرانێکی تری ئەم بوارە، وەک زۆر بواری تر، دابرانی خیتابە لەواقیع. بەگشتی زۆرینە کورد وەها قسە دەکات کە دەبێت ببێت. بەو مانایە، وەها دەدوێت نەک وەک ئەوەی کە هەیە یان دەبێت، بەڵکو وەک ئەوەی کە خۆی دەخوازێت هەبێت، ئەم دیدە ناواقیعییە، پاڵنەری ئەو دیاردەیەیە کە قسەکردنی ئێمە لەسەر هەر پرسێک بەگشتی بێبنەمایە، ئەمە لەبیری رۆژئاواییدا لەجەدەلی نێوان فۆکۆ و هابرماسدا دەیبینین. هابرماس دەڵێت دەبێ دونیا وەهابێت، فۆکۆ بەڕاڤەکردنی رابوردوو، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، گرنگ نییە ئێمە چی دەخوازین، بەڵام دونیا وەها نەبووەو میکانیزمەکانی بەرەو ئەو ئاقارەی نابەن کە وەهابێت، گرنگە لەدونیا تێبگەین وەک خۆی، ئینجا خواست و خەونەکانمان دەربڕین، نەک خواست و خەونەکانمان لێ ببێت بە واقیع.
خێزانی کوردی دەگۆڕێت، هەموو دەبنە بەشێک لەم گۆڕانکارییانە، بەڵام بە شێوازو ئاستی جیاواز. دەکرێت لێرەدا باس لەشەبەنگێک بکەین، لە سەرێکەوە ئەوانە کە هەموو هەوڵێک دەدەن کە بەرپەرچی گۆڕانکارییەکان بدەنەوە، دیارە بەبێ سەرکەوتن، لەو کۆتاییەکەی ئەوانەی کە خوازیارن لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییەکاندا دەست و پەنجە نەرم بکەن، دیارە دیسانەوە بەبێ سەرکەوتن. ئەم دەبڵ شکستە هۆکاری توندڕەوی خیتاب و لەرزۆکی واقیعە. ئەو هێزانەی کەخێزانی ئێمە دەگۆڕن، زۆر کاریگەرترو خێراترو پەلوپۆدارترن لەتواناکانی ئێمە.
لەدەستدانی خێزان لەدەستدانی ماڵە، نەمانی پنتێکە لەدونیادا کە مرۆڤ تیایدا خۆشبویسترێت، رێز بگیرێت تەنها لەبەر خۆی، نەک هیچ مەرجێکی تر.