هەموو ئەو کەسانەی کە بە پەرۆشەوە دەڕواننە بارودۆخی وڵات و کۆمەڵگە و هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و وەک تاکی کۆمەڵگە ماف و ئەرکەکانیان دەناسن و هەستی پێ دەکەن، دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و چۆنیشیان بوێت دەربارەی پرۆسەکە قسە بکەن و بنووسن.
ئەوەی بەشداریی دەکات لە دەنگدان بە مافی خۆی دەزانێت بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە و پاراستنی لە فرت و فێڵ، هەوڵ بدات و پەیوەندیی بکات بە ئەم و ئەوەوە، لە کوێشدا کەموکووڕییەکی بینی بیخاتەڕوو.
کەسانێک یان لایەنێک کە باوەڕیان بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نییە، ئەوانەی کە سەرلەبەری پرۆسەکە رەتدەکەنەوە، ناتوانن و گونجاو نییە کە شاشەی تیڤییەکان و لاپەڕەی رۆژنامەکان و سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بکەنەوە بە لێدوانی سەقەتی دژ بە پرۆسەکە.
ئەوان ئەگەر خۆیان لەباریاندا نییە تەنها کورسییەکیش بێنن ئیدی چۆن دەتوانن بێن و قسە لەسەر سەرنەکەوتنی پرۆسەکە بکەن؟
لەهەموو جیهاندا هەڵبژاردن دەبێت بەڕێوەبچێت، کەس نازانێت لیستی براوە بە دروستی کێ دەبێت و کە براوەش بوو دەتوانێت چی بکات و رەوشەکە بەرەو کوێوە دەچێت؟ دەکرێت هەڵسەنگاندن بکرێت یان پێشبینی بکرێت بەڵام ئەمەش بە تەواوی دیاری ناکرێت.
کەسایەتی و لایەنی وا هەن لەگەڵ دەستپێکی بانگەشە، هەروەک ئەوەی راسپێردرابێتن، دەکەونە لێدوان لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا، تا پێیان بکرێت لە رێگەی میدیاکانەوە دەنا لە ماڵان و دیوەخان و چایخانە و یانەکاندا دەکەونە سەر و گوێلاکی پرۆسەکە و سووکی دەکەن.
ئەوانە خەڵک بێ هیوا دەکەن، لەکاتێکدا بێ هیوا بوونی خەڵک مەترسیی گەورەیە بۆسەر بارودۆخەکە و خزمەت بە کۆمەڵگە ناکات.
مرۆڤەکان دەبێت بەردەوام بن لە هەوڵدان بۆ گۆڕین، گۆڕانکاریی و بیری نوێ و کەسانی نوێی بە توانا و دڵسۆزی خەڵک لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەردەکەون.
ئەگەر پێیانوایە ئەمەی ئێستا بارودۆخی خراپی بەسەر وڵاتدا هێناوە و هۆکاری قەیرانەکانە، دەکرێت بە بەشدارییکردن لە هەڵبژاردن سزایان بدات و کەسانی دیکە بهێنننە پێشەوە.
ئەو لایەن و کەسایەتییانەی کە لە دژی پرۆسەی هەڵبژاردن لێدوان دەدەن، دوور نییە کار بۆ دەستێکی دەرەکی بکەن، لەوانەی نایانەوێت لەم وڵاتەدا سەقامگیریی هەبێت و سوود لەم ناسەقامگیریی و ئاژاوە و خوێن رشتنە دەبینن.
باشیش دەزانین کە نەبوونی سەقامگیریی لە عیراقدا بە واتای تێکچوونی هەمان ئەو دۆخەیە لە هەرێمی کوردستانیش، بۆ نموونە ئەگەر عیراق خاوەنی ئاسایشێکی پتەو بێت ئەوە دەتوانێت سیادەی خۆشی وەک وڵات بەسەر خاکەکەیدا بچەسپێنێت و سنوورەکانی لەژێر کۆنتڕۆڵی توندوتۆڵدا بپارێزێت.
ئەگەر لەناو عیراقدا سوپایەکی یەکگرتوو هەبێت، ئیدی چەکداری نا رەسمی و لە دەرەوەی دامودەزگاکانی حکومەت نەمێنێت، ئەوا مەترسییە پچڕپچڕەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێریش نامێنێت کە بە مووشەک و درۆن دەکرێتە سەری.
رەنگە زۆرێک لەو کەسانەی کە رەشبگیرانە هێرش دەکەنە سەر پرۆسەکە و لە گەورەیی و گرنگی کەم دەکەنەوە، کەسانی نەخوێندەوار و نا هۆشیار بن و لەوانەن کە لەژێر چەتری خۆشباوەڕیدا دەژین و کەسانی فێڵباز و ئاژاوەچی لەوانەی کە بەچاک و خراپ بازاڕی جنێو و بوختان هەڵبەستنیان گەرمە، دێن و هەڵیان دەخەڵەتێنن.
ئەو جۆرە تاکانە خۆشیان نازانن بۆچی قینیان لە هەڵبژاردنە و لەدژی دەوەستنەوە، تەنها وتەی کەسی تێکدەر وەردەگرن کە پێێان دەڵێت: هەڵبژاردنی چی؟ خۆ لەمان باشتر نابن! ئیتر بیر لەوە ناکەنەوە کە هەموو تاکەکان ئەرکی نیشتمانیی خۆیانە کە بچنە دەنگدان، ئەوان سوکایەتی بە کەسایەتی خۆیان دەکەن کاتێک حساب بۆ دەنگی خۆیان و قورسایی دەنگەکەیان ناکەن.
لە هەموو کۆمەڵگەکاندا لایەنی چاک و خراپ هەیە، چاکەکان ئەوانەن هەوڵی دروستکردنی تاکی تەندروست دەدەن، ئەوانەن کە لە هەموو نەهامەتییەکاندا لەریزی پێشەوەی خەڵکن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، ئەوانەن کە پارێزەری یاسان و بوونی یاسا بە بوونی ژیانێکی مسۆگەر و سەقامگیر دەزانن.
ئەوانەش کە خراپن خەریکی تێکدانن و بێباوەڕی دەچێنن لای تاکەکان، بێباوەڕیش تاکی نەخۆش بەرهەم دەهێنێت.
هەرکەس ئازادە کە دەنگبدات یان نا، بەڵام ئازاد نییە بەبێ هۆکار و بیانوو لە دژی پرۆسەیەک قسە بکات کە گشتگیر و یاساییە و یەکێکە لە بنەماکانی بەڕیوەچوونی کۆمەڵگەیەکی شارستانی.
ئێمە ئەگەر دەمانەوێت شارستانی بین دەبێت پیشانی بدەین، دەبێت کۆمەڵگەکانی دیکە بمانبینن و درکی پێبکەن، دەنا ناتوانن بە پێشکەوتوو و ژیر و رۆشنبیر بمان بینن.
ئـێمە ئەگەر دژی هەڵبژاردن بین، چێنەری بێباوەڕی هەڵخەڵەتاندن بین، دژی رۆشنگەریی و زانست بین، لە گەورەیی تاکەکانمان کەم بکەینەوە و وای لێبکەین کە رێزی خۆی و دەنگی نەگرێت، بیخەینە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەو هیچ نییە و هیچی پێناکرێت، دووری بخەینەوە لە گۆڕەپانی هەوڵدان بۆ گۆڕانکاریی و داهێنان، پێی بڵێین کە ئەو کەسێکە کەس حسابی بۆ ناکات، هەموو ئەمانە لە کەسایەتی مرۆڤێک کەم دەکاتەوە و بە جیهانی دەرەوەی خۆشمان دەڵێین ئێـمە نە شارستانین و نە دەشمانەوێت ببین.
ئەوانەی کە خوازیارن عیراق هەمیشە چاوی لەدەستی ئەوان بێت و خۆی نەتوانێت لەسەر پێی خۆی راوەستێت، دەبێت لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنەوە وەڵامیان بدرێتەوە، ئەوانەی کە جێپێی خۆیان لەم وڵاتەدا قایمکردووە و خاوەنی بستێکیشی نین، دەبێت ئێمە بە دەنگەکانمان وەڵامیان بدەینەوە و پێیان بڵێین ئێوە لێرە جێتان نابێتەوە، کاتێکیش دەتوانین ئەمە بکەین کە هەرچی زیاتر کورسی «وەک کورد و کوردستانی» بەدەست بێنین و لەوێش یەکدەنگ بین و هەژموونمان هەبێت لەسەر حکومەتی ئایندە.
با گەشبین بین بەوەی کە ئەم هەڵبژاردنە بە سەرکەوتوویی دەکرێت و پەیامێکی یەکگرتووانەی حکومەتی داهاتووی عیراقیش وەک بۆمب دەدرێت بە گوێی نەیارانی ناوخۆ و دەرەوەدا.