لەرابردوودا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لە «هەڵکشان و داکشان»ـی بەردەوامدا بوون و ئەوەی زیانمەندی سەرەکی رێنەکەوتنی هەردوولایەنیش بووە، تەنها هاووڵاتیانی هەرێم بوون، بۆیە لەسەر بنەمای بەهێزکردنی پێگە و سەنگی هەرێم لە عیراقدا، بۆ دەمەزەرد کردنەوەی ئەو پەیوەندییانە پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوخەباتیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە، گەرەنتی ئەو یەکڕیزییەش بۆ ئایندەی کاری هاوبەش لەمڕۆدا تەنها هاوپەیمانیی کوردستانە.
ئاشکرایە هەر پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن کە دەکرێ، ئامانجەکەی بۆ گۆڕانکارییە و ئەو گۆڕانکارییانەش بە حزب و قەوارەی بەهێز دێتەدی کە توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکانیان هەبێ، لەو سۆنگەیەشەوە یەکێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا هاوپەیمانیی کوردستانیی پێکهێناوە. ئەگەر ئەم هاوپەیمانییە بۆ دانانی خاڵی کۆتا بێ بۆ کێشەکان لەگەڵ بەغدا، بێگومان خاڵی دەستپێک و سەرەتایەکی ئومێدبەخشیشە لە ناوخۆدا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و ساڕێژکردنی ئازارەکان، چونکە پڕۆسەی حکومڕانی و باڵانسی سیاسیش لە هەرێمی کوردستان، لە پێناوی زیادکردنی خزمەت و زاڵکردنی ویست و ئیرادەی زۆرینەی هاووڵاتیانی کوردستان بە دەنگ و رەنگە جیاوازەکانەوە دەبێ مۆدێلێکی نوێ لە هەوڵ و تەقەللای لایەنەکان تاقی بکاتەوە کە بە دوور بێ لە تاکڕەویی و میزاجی کەسەکان، لەبەرامبەردا ویست و خواستی زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێم بەهەند وەربگرێت و لە ستراتیژدا رەنگبداتەوە.
بە دیوێکی تردا دەکرێت بڵێین هاوپەیمانیی کوردستان زامنی بەهێزترکردنی سەنگی سیاسیی هەرێمە لە گەڕی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدادا، بێگومانیشین لە ئایندەدا ئەو هەوڵەی یەکێتی و گۆڕان مەرجەعی لەخۆگرتن و کۆکردنەوەی لایەنی تر دەبێت کە یەکێتی بە مەبدەئێکی نیشتمانییەوە لێکتێگەیشتنی باشی لەگەڵیاندا هەیە، لەم روانگەیەشەوە دەتوانین پرسە هەڵواسراوەکان و مادە دەستووریەکان، هەروەها بابەتی بودجە و مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم مسۆگەر بکەین و خزمەتگوزارییە گشتییەکان تا ئاستێکی باڵا دەستەبەر بکەین و داهاتوویەکی سەقامگیرتریش بۆ کوردستانیان بەدیبهێنن. هەربۆیە ئەم هاوپەیمانییە دەرفەتێکی نوێیە لەبەردەم هاووڵاتیاندا کە دەکرێ بە ئەزموون و سەپۆرتکردنی لەلایەن چین و توێژە جیاوازەکانەوە، زۆرترین کورسی بچنێتەوە، ئەوسا هاووڵاتیان خۆیان دەتوانن پەیامێکی کاریگەری پێ بدەنە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کە تەنها رێگەی پاراستنی دەسکەوتەکانمان و چارەسەری ریشەیی ئاڵەنگارییە دەستوورییەکان و بەدەستهێنانی شایستە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان یەکڕیزی و هەماهەنگی و هاوپەیمانییەکی کوردستانیی گەرەکە.