فەرید ئەسەسەرد

ئەفغانستان پاش گەڕانەوەی تاڵیبان

  2021-09-12 16:08      158 جار بینراوە        کۆمێنت

هێشتا سەروسیمای ئەفغانستانی پاش گەڕانەوەی تاڵیبان بە روونی دەرنەكەوتووە و هێشتا ئەوە روون نەبۆتەوە كە تاڵیبانی ئەمڕۆ چەند لە تاڵیبانی بیست ساڵ لەمەوبەر جیاوازە. سەرەڕای ئەو تەمومژەی لەم رووەوە لەئارادایە، یەك راستی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە تاڵیبان بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە تا بمێنێ. ئەمەش بەم مانایە دێت كە دەبێ تاڵیبان مەرجەكانی جیهان پەسەند بكات. تاڵیبان نازانێ دیموكراسی چیە، هیچ بایەخ بە مافی مرۆڤ و مافی جیاوازبوون نادا و لە فەرهەنگەكەی جێی هەڵبژاردن و دەستاودەست كردنی دەسەڵات، بە مانا لیبرالیەكەی، نابێتەوە. بەڵام زۆربەی ئەم مەسەلانە مەسەلەی ناوخۆیین و پەیوەندییان بە سەروەرییەوە هەیە و جیهان دەتوانێ چاوپۆشییان لێ بكا.
كەواتە جیهان چی لە تاڵیبان دەوێ؟ لانی كەم، جیهان سێ داوای سەرەكی لە تاڵیبان هەیە، یەكەم داوا كە رەنگە گرنگترینیان بێ، ئەوەیە كە ئەفغانستان نەبێتەوە بە مەكۆی ئەوەی كە پێی دەوترێ تیرۆریزمی جیهانی. ئەمەش بەم واتایە دێت كە جیهان چاوەڕێی ئەوە لە تاڵیبان دەكا كە ئەزموونی پێشوو دووبارە نەكاتەوە و ئەفغانستان نەكاتەوە بە سەرچاوەی مەترسی لەسەر ئاشتی جیهانی. تاڵیبان خۆی لەم بارەیەوە باجێكی قورسی داوە و پێ ناچێ بیر لە گەڕانەوە بۆ تاقیكردنەوەیەكی تفت و تاڵ بكاتەوە. تاڵیبان دەزانێ ئەنجومەنی ئاسایش لە گفتوگۆكانیدا جەختی كردۆتە سەر ئەوەی كە كردنەوەی ئەفغانستان بە مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان، زۆر گران لەسەری دەكەوێ و دەبێتە هۆی ئەوەی كە هەموو جیهان یەك بخا لەدژی.
داوای دووەم ئەوەیە كە تاڵیبان ئەفغانستان نەكاتەوە بە سەنتەری بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر. ئەم مەسەلەیە، بەتایبەتی لەباری سەرنجی رۆژئاواوە، شێوەیەكە لە شێوەكانی هەڕەشە لە ئاشتی جیهان. تاڵیبان، ئەمجارە، دەتوانێ رێ لەوە بگرێ كە ئەفغانستان دوچاری ئەو چارەنووسە نەبێ.
لە ئەزموونی پێشووی تاڵیباندا، ئەفغانستان مەرجەكانی دەوڵەتی لەدەست دابوو و ئەوەی كە لە ئارادا بوو شێوەیەك حوكمڕانی بوو كە نزیك بوو لە حوكمڕانیی قۆناغی پێش سەرهەڵدانی سەرمایەداری لە جیهاندا، تەنانەت تاڵیبان وەك ئیمارەت (میرنشین) خۆی دەناساند نەك وەك دەوڵەت یان كۆمار. ئەزموونی ئیمارەتی ئەفغانستان لەسایەی تاڵیبانی بیست ساڵ لەمەوبەر، ئەزموونێكی دواكەوتووی حوكمڕانی بوو كە تێیدا دەوڵەت بەبێ یاسای گشتی و بەبێ پەرلەمان و بەبێ دەستوور هەڵدەسووڕا.
تاڵیبان پێویستی بەوەیە كە رەفتار و هەڵسوكەوتی خۆی بگۆڕێ و وەك ((دەوڵەت)) هەڵسوكەوت بكا كە ئەمەش پێویستی بەوەیە کە تێكهەڵكێشی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بێ و لە ناوخۆدا رێز لە فرەیی بگرێ، بەتایبەتی كە ئەفغانستان وڵاتێكی فرە نەتەوە، فرە ئاین و فرە مەزهەبە و ئەگەر بە چاوێكی یەكسان تەماشای هەموو رەگەزەكانی ئەو مۆزاییكە نەكات، ناتوانێ چاوەڕێی ئەوە بكات وەك دەسەڵاتێكی رێزلێگیراو تەماشا بكرێ.
رژێمی سیاسی دڵخوازی تاڵیبان تا ئێستا رۆشن نیە. لە ئەزموونی پێشووی حوكمڕانیی تاڵیباندا، رژێمی سیاسی ئەفغانستان نە لە رژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەچوو، نە لاساییكردنەوەی رژێمی وەهابیی سعودیە بوو. لە ئەزموونی پێشوودا، مەسەلەی رژێمی سیاسی مەسەلەیەكی جێبایەخی تاڵیبان نەبوو. بەڵام ئێستا پێویستە لەسەر تاڵیبان بەبایەخەوە لەم مەسەلەیە بڕوانێ و بەلایەكدا بیخا. رەنگە نزیكترین مۆدێل لەشێوەی بیركردنەوەی تاڵیبان كە دەیەوێ دەوڵەت و ئاین لەلایەك و دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی ئاین لەلایەكی ترەوە تێكهەڵكێشی یەكتری بكات، مۆدێلی ئێران كە تێیدا دەسەڵاتی دەوڵەت (لە خودی سەرۆكی كۆمار و دەسەڵاتی راپەڕاندندا) و دەسەڵاتی ئاینی (لە خودی رەهبەری باڵای شۆڕشدا) تێكهەڵكێشی یەكتری كراون.
بوونی تاڵیبان بە ((دەوڵەت)) و تێكهەڵكێشبوونی ئەفغانستان لەگەڵ كۆمەڵی نێودەوڵەتی،دەشێ كۆپیەكی هەمواركراوی شیاوی ژیان پێشكەش بە جیهان بكا و دەرفەتێك بۆ پێكەوەژیانی ئەفغانستان و جیهان بڕەخسێنێ. ئەو هەلەی ئێستا بۆ تاڵیبان بۆ پێشكەشكردنی مۆدێلێكی پەسەندكراو هەڵكەوتووە، ئەگەر نەقۆزرێتەوە، زیانی گەورە لە ئەفغانستان دەدا. لانی كەم، لەم هەلومەرجەی ئێستادا، لانی كەم پێنج دەوڵەت لە جیهاندا، هەریەك لە چین، توركیا، روسیا، قەتەر و ئێران ئامادەیی تەواویان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تاڵیبان، وەك دەوڵەت نەك وەك جەستەیەك لە دەرەوەی مێژوو، هەیە. پێشبینی دەكرێ تاڵیبان سوودی لە وانەی پێشوو وەرگرتبێ، ئەگەر نا، زوو تا درەنگ، باجێكی قورستر دەدا.

وتاری زیاتر







یاریكردن بەكارتی حزبی بەعس‬ فەرید ئەسەسەرد
2021-02-22 19:15      224 جار بینراوە



عەللاوی و كابینەكەی‬ فەرید ئەسەسەرد
2020-02-17 17:54      437 جار بینراوە







كوردو په‌یمانی ناتۆ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-11-11 18:05      465 جار بینراوە







ئیسرائیل بەرەو پاشاگەردانی ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-09-23 16:50      422 جار بینراوە



نەوت و قەرزەكان‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-07-29 16:07      355 جار بینراوە




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو