جەمال ئارێز

هاوپەیمانیی کوردستان لەدەرەوەی یاساو رێساکانی کۆمسیۆن

  2021-09-12 13:16      143 جار بینراوە        کۆمێنت

قەوارەی هاوپەیمانیی کوردستان کە لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕاندا پێکهێنراوە، بێ لەوەی نابێت مایەی نیگەرانی بێت بۆ هیچ قەوارە و لایەنێکی دیکەی کوردستانی، ئەرکی هەموانە کە پشتیوانیشی لێبکەن، چونکە ئەو هاوپەیمانییە چەند ئاماژەکەیەکی تێدایە کە دەشێت لەم خاڵانەدا پوختیان بکەینەوە:

*هاوپەیمانییەکە لە نێوان دوو حزبدا پێکهێنراوە کە دیدگا و تێڕوانینیان بۆ کۆی کێشەکان ئەگەر ٪100 وەک یەکتریی نەبێت، ئەوا جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوانیاندا نییە، هۆکارەکەشی ئەوەیە بەشی هەرەزۆری هەڵسوڕاوانی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان هاوخەبات و هاوڕێ و هەڤاڵی قۆناغێکی دوور و درێژی خەبات بوون لە ریزەکانی یەکێتیدا.

*بازنەی جوگرافیی و ناوچەی هەژموون و چالاکیی هەڵسوڕانی سیاسیی هەردوو حزب تێکەڵاوە و لە هیچ ناوچەیەکدا هێڵێکی جیاکەرەوەی روون و ئاشکرا بۆ بوونی دوو حزب و دوو ناوچەی هەژموون بەدیناکرێت.

*جیاواز لە هەر هاوپەیمانییەکی دیکە لە نێوان دوو حزب یان زیاتر، بنکەی جەماوەریی یەکێتی و گۆڕان بە پێی هاوخەباتیی رابردوو، زۆرترین تێکەڵاوییان لەگەڵ یەکتریدا هەیە، وەک لە ساڵی 2016 داو لەدوای ئیمزاکردنی رێکەوتننامەی دەباشاندا لە دیدارێکی هاوبەشی بەشێک لە کادرانی راگەیاندنی یەکێتی و گۆڕاندا لە ماڵی سەرکردەی کۆچکردوو نەوشیروان مستەفا، ئاماژەی بەوەکرد کە زۆر گەشبینە لە رێکەوتننامەکە، بەو پێیەی جەماوەری هەردوولا کەوتوونەتە سەردان و بەسەرکردنەوەی یەکتری و ئەوەش زۆر ئاستەنگ لەبەردەم رێکەوتنەکەدا رادەماڵێت.

*هەردوو حزب پشتبەستوو بە بنەماکانی دوو رێکەوتنی پێشتر ئەزموونێکی کاری پێکەوەیی و نزیکییان لە یەکترییەوە هەیە، چ رێکەوتنی دەباشان، چ رێکەوتنی ئیداریی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە 30 / 4/2014 کە پابەندبوون بە ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە توانی کایەیەک بۆ کاری پێکەوەیی لە بواری ئیداریی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بهێنێتە ئاراوە و بەوەش دابڕان و هێڵی جیاوازی بیروڕاکان سەبارەت بە کایەی کارگێڕیی لە نێوان هەردوولادا بەتەواوەتی کاڵ بوونەوە و نەک چیتر یەکترییان وەک دوو رکابەر نەدەبینی، بەڵکو ئەوە بووە دەرفەتێک بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە یەکتری.

سێ هۆکاری پشت پێکهێنانی هاوپەیمانییەکە
هاوپەیمانیی کوردستان کە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق پێکهێنراوە لە نێوان ئەو دوو حزبەدا، جگە لەوەی بە پلەی یەکەم بەرهەمی ئەو پاشخانی خەباتە هاوبەشەی سەرکردە و کادرانی یەکێتی و گۆڕانە لە قۆناغی سەختی خەباتی رزگاریی نیشتمانی و راپەڕین و دوای راپەڕینە تا دروستبوونی گۆڕان، بەپلەی دووەم بەرهەمی ئەو تێکەڵاوییەی بنکەی جەماوەریی هەردوو حزبەکەیە و بە پلەی سێیەمیش بەرهەمی ئەو دوو رێکەوتننامەیە و ئەو چەندساڵەی کاری پێکەوەییە لە کایەی کارگێڕیدا.

ئەوەی زەروورە بۆ ئەم قۆناغە و قۆناغی دوای هەڵبژاردن و دواتریش بەرجەستەکردن و تەرجەمە کردنی لێدوان و جەختکردنەوەی سەرکردایەتیی هاوبەشی هەردوولایە کە چ لە رێکەوتننامەی دەباشان و چ لەم رێکەوتنەی پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستانیشدا پێداگرییان لەسەر کردەوە، کە یەکەم ئەم هاوپەیمانییە دژ بە هیچ لایەن و قەوارەیەک نییە، دووەمیش دەرگای هاوپەیمانییەکە کراوەیە بەڕووی هەموو ئەوانەدا کە لە گوتاری ئیعلامییاندا بەبەردەوامی تەئکید لەسەر وەلانانی دەستکەوتی حزبی دەکەنەوە و جەخت لە کاری پێکەوەیی و یەک گوتاریی هێزە کوردستانییەکان دەکەنەوە بۆ دروستکردنی قەوارەیەکی کوردستانیی بەهێز لە بەغدا بەمەبەستی چەسپاندن و پراکتیزەکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم کە لەناو دەستووری هەمیشەیی عیراقدا نووسراوە.

با لەپشت کۆمسیۆنەوە گوتارمان یەکبخەین
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە راستە یاسا و رێساکانی کۆمسیۆن دەرگای لەبەردەم هەڵوەشانەوە یان زیادکردنی لایەنی هاوپەیمانییەکاندا داخستووە، بەپێی نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە کە بڕیارە لە 10ی مانگی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، بەڵام خۆ دەکرێت لە ئێستاوە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ئامادەکاریی بکەن بۆ پەیوەست بوون بەو هاوپەیمانییەوە لەدوای دەرچوونی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن و بەرچاوڕوون بوونەوە تا ئەوەی لە گوتاری ئیعلامیی هەموواندا قسەی لەبارەوە دەکرێت تەرجەمە بکرێتە سەر ئەرزی واقیع بە رەچاوکردنی ئەوەی کە مادام دۆخی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و بنەمای دەستووری هەمیشەیی و واقیعی جوگرافی ئەوەیان بەسەرماندا سەپاندووە کە بەشێک بین لە عیراق، کەوابێ دەبێت هەم بەشێک بین لە عیراق لەڕووی بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانەوە، هەم بەشێکیش بین لە عیراق لەڕووی لە ئەستۆگرتنی ئەو ئەرکانەی کە فیدرالییزم لە چوارچێوەی دەستووردا داوامان لێ دەکات، بۆیە دەبێت لە دەرەوەی رێسا و یاساکانی کۆمسیۆن لە دوای هەڵبژاردن قەوارەیەکی بەهێزی کوردستانی دروست بکەین کە دووربێت لە کەش و فشی دروشمبازیی نەتەوەیی بێ ناوەرۆک و دووریش بێت لە مشتومڕی لاوەکی لەسەر پۆست و پلەی لاوەکی و بێ ئەرزش، چونکە بوونی قەوارەیەکی بەهێزی کوردستانی لە پەرلەمانی عیراقدا پێگەی هەمووان پێکەوە بەهێز دەکات و پێچەوانەکەشی هەر راستە.

پێگەی بێ ئەرزش و ماکیاجی شەراکەت
بۆیە ئەگەر پێگەی کوردستانییەکان لەبەغدا بەهێزبێت، زۆرێک لە قەوارە و هاوپەیمانییەکانی دیکە بۆ تێپەڕاندنی یاساکان ناچاردەبن رووی لێ بنێن و پۆستی زیاتریش بۆ لایەنە کوردستانییەکان لە حکومەتی فیدراڵدا دەستەبەر دەکات، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر پەرتەوازە و بێ ئەرزش بین و یەکێتیی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان کۆمان نەکاتەوە، هەموو یاساکان وەک دوو سێ ساڵی رابردوو بەبێ پێویستبوون بە سەنگ و دەنگی کورد تێدەپەڕێنرێت و پۆستە سیادی و وەزارییەکانیشمان دەبنە دیکۆر و ماکیاجێک بەناوی شەراکەتەوە.

وتاری زیاتر








بە سیاسیکردنی هەموو کایەکان‬ جەمال ئارێز
2021-11-05 10:13      174 جار بینراوە

با یەكێك وەڵام بداتەوە‬ جەمال ئارێز
2021-10-23 18:41      122 جار بینراوە



بانگەشەو یاریكردن بەهەستی خەڵك‬ جەمال ئارێز
2021-09-18 19:40      140 جار بینراوە

دەنگیش بدە و گلەییش بکە‬ جەمال ئارێز
2021-09-16 12:58      170 جار بینراوە

هونەری گوێ نەگرتن‬ جەمال ئارێز
2021-08-14 14:34      171 جار بینراوە


کۆدی لێکتێگەیشتن دۆزرایەوە‬ جەمال ئارێز
2021-04-24 16:03      245 جار بینراوە




لێدوان، یان هەریەک لە ئاوازێک؟‬ جەمال ئارێز
2021-02-06 19:00      235 جار بینراوە






ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2018-01-17 10:22      385 جار بینراوە

ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2017-12-12 15:45      480 جار بینراوە

ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2017-11-21 13:32      566 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو