د.سەردار عەزیز

ناین ئیلێڤن ٩١١

  2021-09-11 17:27      806 جار بینراوە        کۆمێنت

بیست ساڵ لەمەوپێش رووداوێکی جیهانی روویدا، لەڕۆژی یانزەی ئەیلول، کە بەیانزەی سێپتەمبەر یان ناین ئیلێڤن ناسراوە، ئەوەی کە لەخەیاڵدا وێنا نەدەکرا، روویداو هەموو دونیا راستەوخۆ بینی، ئەم رۆژە یەکێکە لەو رۆژانەی کە زۆرجار خەڵکی لەیەکتر دەپرسن، ئایا ئەو رۆژە لەکوێ بوویت؟
ئەو رۆژە من لەشاری کۆرک لەباشووری ئایرلەندا دەژیام، ئەو کاتەی کە روویدا نزیکەی دوای نیوەڕۆبوو بەکاتی ئایرلەندا، من خەریکی بۆیاخکردنی ماڵێک بووم لەنزیک زانکۆ، لەگەڵ پیاوێکی بەتەمەنی ئایرلەندی بەناوی تۆم کوین. ماڵەکە هەرچەندە چۆڵ بوو، بەڵام تەلەفزیۆنی تیادابوو، بیرم دێت هەندێک تەماشامان کرد، بەڵام نەمادەزانی بەباشی چی روودەدات.
ئەو رۆژە، ساتەوەختی بەرکەوتنی تیرۆری ئیسلامی و ئیمپراتۆریەتی ئەمریکی بوون، پەیوەندی نێوان ئەم دووانە ئاڵۆزە کە خۆی لەدۆستایەتی و یەکتر بەکاربردن و فەرامۆشکردن و دوژمنایەتیدا دەبینێتەوە، لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە باس لەم مێژووە بکەم، ئەوەی لەم نووسینەدا دەمەوێت رووناکی بخەمەسەر، کۆتایی ئەو سەردەمەیە کە پاش یانزەی سێپتەمبەر هاتە ئاراوەو چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر کورد.
یانزەی سێپتەمبەر سەرەتای قۆناغێک بوو کە تیایدا ئەمریکا لەدونیادا چووە شەڕێکەوە بەناوی شەڕی دژە تیرۆر. ئەم شەڕە لەپاش بیست ساڵ، هەوڵی کۆتایی پێهێنانی دەدرێت، لەماوەی ئەم بیست ساڵەدا ئەمریکا لەهەوڵی ئەودابوو کە ئەو هێزانە لەناوببات کە بەتیرۆیستیان لەقەڵەم دەدات. ئەم جەنگە سوپای ئەمریکای برد بۆ زۆر جێگای دونیا بەتایبەتی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، 
ئەم جەنگە لەساتەوختێکدا بوو لەمێژووی جیهاندا، کە ئەمریکا بێ نەیارو بێ رکەبەر بوو، بۆیە نوخبەیەکی تایبەتی ئەمریکی بەدەرفەتی ئەوەیان زانی بەسوودوەرگرتن لەدۆخەکەو بەپشتیوانی سوپای ئەمریکی دونیا بەئەمریکایی بکەن و جارێکی تر رێگەنەدرێت نەیارانی ئەمریکا لەجیهاندا بتوانن رکەبەری ئەمریکا بکەن.
دەتوانین بڵێین ئەمریکا لە لاوازکردنی هێزە تیرۆریستییەکاندا هەتا ئاستێک بەئامانج گەیشت، بەڵام لە بە ئەمریکاییکردنی وڵاتانی تر، عیراق و ئەفغانستان بەتایبەتی شکستی هێنا، بە دیموکراسیکردن چەند قۆناغێکە، سەرەتا بەگواستنەوە بۆ دیموکراسی، پاشان، سەقامگیربوون و تۆکمەبوون، ئینجا دیموکراسی، بەڵام ئەم گواستنەوەیە تەنها تایبەتی نییە بەجۆری حوکمڕانی، بەڵکو کاریگەری هەیە لەسەر سەرجەم بوارەکانی ژیان.
هەردوو عیراق و ئەفغانستان لەزۆر رووەوە لەیەک دەچون، هەردوو فرەشوناسن، ناوەند تیایاندا لاوازە، دیموکراسی بونیان مایەی مەترسییە بۆ دراوسێکانیان، کۆمەڵگای پاش جەنگن و هەتا ئاستێکی زۆر کۆمەڵگای لادێیی و تەقلیدین. وەرچەرخانی کۆمەڵگای لەمجۆرە بۆ دیموکراسی و حوکمی دەزگاو کۆمەڵگای کراوە ئێجگار زەحمەتە.
بەمپێیە ئەمریکا هات بۆ دوو وڵات هەتا بیانکات بەدیموکراسی کە هیچ بنەماو کەلتوورو ئاگایی و نوخبەی دیموکراتخوازبوونی نەبوو، هەرچەندە ئێستا ئەمریکا وەهای پێباشە کە وەها ئاوڕ لەو مێژووە بداتەوە کە مەبەستی دیموکراسیکردن نەبووە.، ئەمە بۆ خۆدزینەوەیە، چونکە بەبێ دیموکراسیکردن تیرۆر کۆتایی نایەت، بەڵام لایەنی ئەمریکی و لایەنی ئەو دوو وڵاتە هەردوو ئامادەنەبوون بۆ ئەوەی لەپرۆسەیەکی گۆرانی کۆمەڵایەتی و کەلتووریدا پێکەوە کار بکەن.
ئێستا کە یادی بیست ساڵەی ئەو رووداوە دەکرێتەوە، ئەمریکا دەیەوێت کۆتایی بەو قۆناغە بهێنێت، ئەم پاشەکشەی ئەمریکا راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان، بەجیاوازی. یەکەم دەرئەنجامی لاوازی یان پاشەکشەی ئەمریکا بەهێزبوونی دەوڵەت ئەقلیمییەکانە، وەک ئێران و تورکیا. بەهێزبوونی ئەم دووانە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەموو کورد هەیە بەنەرێنی.
دووەم، پرۆسەی دیموکراسی و لیبرالیزم و بەهاکانی هەموو بەرەو لاوازی دەچن، لەناوچەکەدا. دەرئەنجامی ئەمە گەڕانەوەیە بۆ ململانێی هێزو پشتگیریکردنی لایەنەکان بەپێی رۆڵیان لەهاوسەنگی هێزدا نەک هەڵسوکەوتیان. 
سێیەم، کە لەهەمووی گرنگترە، پرۆسەی دیموکراتیزەبوونی کوردستان لەناوەوە لەدۆخێکی خراپدایە. هەم نوخبەی سیاسی و هەم خەڵکیش لەئاستێکی ئاگایی وەهادانین کە بتوانن خۆیان ئەو پرۆسەیە بەڕێبکەن. کۆمەڵگای کوردی بەدەست کۆمەڵێک جەمسەرگیری ناعەقڵانییەوە دەناڵێنت. جەمسەرگیری شەڕی ناوخۆ. جەمسەرگیری ئایینی و مەدەنی. لایەنگرانی ئەم جەمسەرگیرییانە توانای وێناکردنی وێنا گەورەکەیان نییە، بەڵکو هەموو قوربانی جەنگە بچکۆلەکانن. جەمسەرگیریی لەدۆخی نیمچە دیموکراسیدا ئەگەر نەوەستێنرێت ئەوا کایەی دیموکراسی هەتابێت پەرت و دژایەتی تۆختر دەکاتەوە. درککردن بەم دۆخە لە کوردستان ئاسان نییە، کاتێک دەبینیت خەڵکانێک نیە لەدەرەوەی جەمسەرگیریی و هاوکێشەکان، بەڵکو بەگشتی هەموو بەشدارن، بەتایبەتی کاتێک رۆشنبیر وەها رۆشنبیرییەکەی دەپێورێت کە هەڵوێستی هەبێت، نەک توانای بینی وێنە گەورەکەو رووناککردنەوە رێچکە تاریکەکان،
کورد لەڕابوردودا باجی سوودنەبین لەمۆدێرنەی داوە. کاتێک مۆدێرنەی ئەوروپایی لەڕێگای تەنزیماتی عوسمانییەوە دەگاتە ناوچەکە، مەلاو کوێخاکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان دژی دەوەستنەوە. هێزی مەدەنی کوردیش زۆر لاوازبوو بۆ ئەوەی بتوانێت رکەبەری ئەمانە بکات. بۆیە کورد سوودی نەبینی لەتەنزیماتی عوسمانی و پاشان باجەکەی زۆر گەورەبوو. زاڵبوونی ئەم هێزە کۆنەپارێزانە، وەهایکرد لەپەرچەکرداردا هێزی رادیکاڵی چەپ بێتە ئاراوە، لەئەنجامدا نە کۆمەڵگا بەرهەم هات، نە کەلتوور، نە رۆشنبیریی. سەرباری بوونی ژمارەیەکی بێشوماری چەپ و ساڵانێکی زۆر لە چەپایەتی هەتا ئێستا دەقێکی چەپی کوردی بوونی نییە.
ئەگەر لەسەردەمی تەنزیماتدا هێزی مەدەنی کەم خوێندەوارو لاوازبوون، ئەوا ئەمڕۆ دۆخەکە باشتر نییە. بەنەمانی پاڵنەرێکی گەورەی وەک ئەمریکا بۆ دیموکراتیزەبون و حوکمی سەردەمیانە لەوڵاتی ئێمەدا، کارەکان ئێجگار ئێجگار سەختتر دەبێت. ئێمە هەر لەئێستاوە بەڕوونیی سەرەتای دۆخەکە دەبینین، کە چیدی رۆژنامەی ئازادو کۆمەڵگای مەدەنی و بازاڕی ئازادو جیاکردنەوەی مەدەنی و سەربازیی و حوکمی یاساو زۆر زۆر شتی تر هیچ بوونیان نەماوە. 
لەدۆخێکی وەهادا لەبری ئەوەی خەڵک یان کۆمەڵگا بتوانێت ئالەنگاری دروست بکات، دیدو هێزی نوێ بەرهەم بهێنێت، بەگشتی کراون بەقوربانی خیتابێکی پۆپیولیستی. کرۆکی پۆپیولیزم زۆر سادەیە. پۆپیولیزم پێت دەڵێت کە تۆ قوربانیت، تۆ زوڵمت لێدەکرێت، لەلایەن نوخبەیەکەوە، ئەگەر پشتیوانی من بکەیت، ئەوا ئەم زوڵمە کۆتایی پێدەهێنم. بەڵام وەک لەزۆر جێگای دونیادا تاقیکراوەتەوە، هێزی پۆپیولیست فرویدەرو دەسەڵاتخوازە، بەسەر ئازاری خەڵکەوە سەرمایەگوزاری دەکات.
وەک میشێل فۆکۆ پێمان دەڵێت دەسەڵات لەپەیوەندیدا فەراهەم دەبێت. بەو مانایە کەس بە تەنها دەسەڵاتدار نییە. دەسەڵات لەمیانەی پەیوەندی نێوان کەس و لایەن و هێزەکان دێتە ئاراوە، لەهەناو ئەو پەیوەندییەدا بەرجەستە دەبێت. کەسێک بەتەنها لەئەشکەوتێکدا، خۆی بەهەرچییەک بزانێت، بەتەنها بێ دەسەڵاتە. خەڵک ئەم رۆڵ و بەرپرسیارێتییەی خۆی نابینت، چونکە ئاسانترە نەیبینێت. 
ئەگەر جاران هیوامان وەهابوو کە رەنگە لەچەند دەیەی داهاتوودا بکەوینە سەر رێچکەی دیموکراسی، بەکشانەوەی ئەمریکا دەبێت ئەو چەند دەیەیە درێژبکەینەوە بۆ سەدە.

وتاری زیاتر

بۆ کۆچ؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-11-13 21:32      131 جار بینراوە


بۆچی سەربەخۆکان سەرنەکەوتن؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-10-16 17:57      143 جار بینراوە

قەیرانەکانی خێزانی کوردی‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-16 13:36      225 جار بینراوە


کۆمیونیزم و جیهادیزم لەگوند‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-27 11:18      161 جار بینراوە

کەوتنی کابول ‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-16 19:04      582 جار بینراوە



تڕەکەڵەکی کازمی‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-24 15:40      423 جار بینراوە

تارماییەکانی مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-17 19:27      851 جار بینراوە


ئەردۆگان و یاریی کورد‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 17:15      424 جار بینراوە

پاش ئەوروپا‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 10:08      244 جار بینراوە


بایدن و ئەردۆگان پاش دیدار‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-18 13:53      158 جار بینراوە

بایدن و ئەردۆگان‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-09 10:10      208 جار بینراوە



ئایا خاکی کوردستان فرۆشراوە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-02 18:57      197 جار بینراوە

جەمشیدو مەعریفەی بێ رێچکە‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-31 14:48      272 جار بینراوە

نەفرەتی بێدەوڵەتیی!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-29 17:57      180 جار بینراوە

ئایا مەترسی لەئارادایە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-22 17:55      217 جار بینراوە


دەستوورێک بۆ هەرێم؟!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-10 14:31      211 جار بینراوە

سەما لە سەردەمی بازاڕدا‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-03 15:14      192 جار بینراوە

بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-01 16:30      168 جار بینراوە

قەیرانی گەشە لە کوردستان‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-26 18:41      283 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو