یەکێتی راستەقینە ئەوە نییە هەرچی هەستێ و بە پێی بیرکردنەوەی خۆی و بەرژەوەندییەکانی خۆی ناوی بۆ دابنێت و لە قاڵبی بدات، یەکێتی راستەقینە ئەو یەکێتیەیە کە هەیکەلی حزبێک لە خۆدەگرێت و نوێنەرایەتی زۆرینەی زۆری ئەندامان و لایەنگرانییەتی.
حزبیش ئەو بناغەیەیە کە وەک قەدی دارێک وایە چەند لق و پۆپی لێببڕیتەوە ئەو هەر تیرەی قەدی گەورەتر و توندتر و باڵای بەرز تر دەبێت، لەگەڵیشیدا رەگەکانی زیاتر بەژێر زەوییدا بڵاو دەبنەوە تا باڵای درەختەکە و لقەکانی بەهێز بکات.
ئاساییە حزبەکان لە ماوەی کارکردنیاندا تووشی دەیان گرفتی گەورە و بچووک ببنەوە، بەڵام ئەوانەی کە دەیانەوێت لە رێگەی حزبەوە بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان فراوان بکەن، هەمیشە لە گەیشتنیان بەخاڵی هەستکردن بە نەمانی بەرژەوەندییەکانیان، ئیدی دێن و ئیدیعای دڵسۆزیی خۆیان دەکەن و وەک فریادڕەس خۆیان دەخەنە روو تا ئەو مێژووە پەردەپۆش بکەن کە بۆخۆیان ویستوویانە لەژێر چەتری ئەو حزبەدا بەدەستی بێنن.
هەمیشە وتراوە حزب شەمەندەفەرە و بەردەوام دەڕوات، هەندێک لێی دادەبەزن و هەندێکی تر سوار دەبن، بەڵام شەمەندەفەرەکە هەر ئەو شەمەندەفەرەیە، ئاساییە کاتێک لەناو یەکێتیدا دەبینین رای جیاواز یان باڵێک دروست دەبێت و وردە وردە کە تووشی هەڵە دەبێت، دەزانێت ناتوانێت زاڵ بێت بەسەر دانانی هەژموونی خۆیدا ئیتر لە دەهۆڵ دەدات و دەکشێتەوە یان هەوڵی کەرت بوونی دەدات، هەروەک ئەوانی رابردوو بینیمان لە سەرەتای دروست بوونی یەکێتییەوە.
هەرکەس پۆستێکی لە سەرکردایەتی یەکێتیدا یان لە حکومەتدا هەبێت هی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، کەوابوو ئەگەر یەکێتی نەبێت ئەو کەسێکی ترە، بۆیە ناتوانێت لەگەڵ رۆیشتنیدا کەسایەتییەکەشی کە بەهۆی پۆستەکەوە هەیەتی لەگەڵ خۆیدا ببات.
کەس لۆمەی ئەندامانی یەکێتیی نەکات لەوانەی ئێستا بەبێ راوەستان سەرقاڵی کاری سیاسیین و چاوەڕوانی بڕیاری سەرکردایەتی حزبەکەیانن بۆ قۆناغەکانی داهاتوو، ئەمە ئەرکی ئەندامێتی خۆیانە کە لە پەیڕەوەی ناوخۆی حزبدا دیاری کراوە، لە پەیڕەودا نەهاتووە کە ئەگەر سەرکردەیەکی حزبەکە لەگەڵ سیاسەتی حزب نەگونجا یان کێشەیەکی بۆ دروست بوو، ئیتر ئەندامەکان ئازادن چۆنیان بوێت دوای بکەون و کە ئەویش هاتەوە لەگەڵیدا بێنەوە.
دەبێت لێگەڕێن ئەندامانی حزب( کە بنکەی بنەڕەتی حزبن) بە بیرێکی پۆڵایینەوە لە خزمەتی حزبەکەدا بن کە ئەویش خۆی لە خۆیدا وەسیلەیەکە بۆ بەڕێوەبردن و خزمەتکردنی کۆمەڵگە.
یەکێتی هێندەی نەیاری دێرینی خۆی هەیە کە دەبێت لێیان بەئاگا بێت، نابێت کێشە ناوخۆییەکانی وای لێبکات سەرقاڵ بێت پێیەوە و نەیارەکانی هەنگاوێک پێشی بکەون، ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێتی دەیەوێت حزبی یەکەم بێت لەسەر ئاستی کوردستان.
دەکرێت کاتێک سەرکردەیەکی حزب سزا دەدرێت، زۆرێکی تر لەو حزبە لەگەڵیدا هاوسۆز بن، بەڵام ئەم هاوسۆزییە جودایە لەگەڵ پابەند بوون بە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەوە و خۆ هەڵنەقورتاندن لە کێشەکە و پاراستنی هەیکەلی حزب و نەوەستان لەکارکردن.
هەموو ئەندامانیش وەک یەک بیر ناکەنەوە و یەک ئاستی تواناییان نییە بۆ روبەڕووبونەوەی رووداو و کێشە ناوخۆییەکان، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ ئەرکی پابەندبوون بە پەیڕەوی ناوخۆ لە بەندی» ئەرکەکانی ئەندام» پێویستە سەرەڕای هەموو جۆرە بیرکردنەوەکان ئەندامەکان ملکەچی بڕیاری حزب بن نەک کەسی سزادراو یان لادراو، یان بەهەر هۆکارێک تۆراو.
ئەم حزبە نابێت لێگەڕێت هەر ماوەیەک کۆمەڵێک کەسی لێهەڵبگەڕیتەوە و بە ئارەزووی خۆیان هێرشی بکەنە سەر و ئەو نهێنیانە لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا بدرکێنن کە پەیوەستە بە سیاسەتەکانی حزبەوە و دواتریش یەکە یەکە بگەڕێنەوە و پلە و پۆستیان پێبدرێتەوە، دەبێت حزب بیسەلمێنێت کە حزبی جەماوەرە و جێگەی بەرژەوەندی خوازان نییە، بەڵکو جێگەی بەرژەوەندی هەموو گەل و وڵاتە، ئاواش بوو یەکێتیی قۆناغەکانی سەرەتا و ناوەڕاستی مێژووەکەی.