تورکیا لەچەند ساڵی رابردوودا شووڵی لێ هەڵکێشا، داگیرکردنی بەشێکی قوبرس لە سەرەتای حەفتاکان و ناشرین کردنی رووی خۆی لای ئەوروپا بەتایبەت لای یۆنانییەکان و قوبرسییە ئەسڵەکان، بەردەوامیی هێرشەکانی لەسەرەتاکانی هەشتاکانەوە بۆسەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و گرتن و ئازاردانی ئەندامانی هەدەپە و پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانییەکانی سەر بەوان، رەتکردنەوەی کەمترین چارەسەری کێشەی کورد بە گفتوگۆ، پشت گوێ خستنی بانگەوازەکانی یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوە جیهانییە داکۆکیکارەکانی مرۆڤ سەبارەت بە گەلی کورد و مافەکانی لەو وڵاتە، هاوکات لەگەڵ ئەمانەدا هاتنی داعش کە زۆرینەیان ئەگەر نەڵێین هەموویان لە رێگەی تورکیاوە لە هەموو گۆشەیەکی جیهانەوە خۆیان گەیاندە سوریا و عیراق. ئەوەی پێی وترا کۆدەتاکەی (گویلەن) و سەرکوتکردنی بکەرانی و کوشتن و لە سێدارەدانی دەیان کەس و گرتنی هەزاران و لە پلە دوور خستنەوەی هەزارانی تر کە سەر بە گویلەن بوون.
چوونە ناو خاکی سوریا و داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی و جەرابلوس و زۆر شوێنی دیکەی سنووریی لە (رۆژئاڤا)، چوونی سوپای بەکرێگیراوی جۆراوجۆر لە تیروریستانی ناوچەکە بۆ لیبیا و بۆ جەنگی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، خۆشکردنی ئاگری شەڕی نێوان پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە، داڵدەدانی ئیخوانە هەڵاتووەکانی میسر کە لەدوای گیرانی محەمەد مورسییەوە پەنایان بۆ تورکیا بردبوو و پێدانی مۆڵەت لەلایەن تورکیاوە بەو جەماعەتە ئیخوانییە (کە تێیاندا هەیە لەلایەن دادگای میسرەوە داواکراوە و سزای قورسیان لەسەر) لەگەڵیدا ناردنی هێز و سوپا بۆ وڵاتی قەتەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسی سعودیە لەسەریان و پارێزگاریی لێیان، لەوێشەوە دابڕانی یان لاواز بوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیمارات.
ناردنی هێز بۆ ئەفغانستان لە چوارچێوەی ناتۆدا و دانانی بەردی بناغەی پەیوەندی لەگەڵ تالیبان و دروستکردنی بۆ ئەمڕۆی دوای کشانەوەی ناتۆ.
هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم و ناردنی هێز و دانانی چەندین بنکەی سەربازی.
ئەمانە وێنای سیاسەتی تورکیان لە ناوچەکە و درواسێکانی، بەڵام ئەمڕۆ پێدەچێت وردە وردە دەبێت باجی ئەو سیاسەتە چەوتانە بدەنەوە و لەو زەلکاوە دەربچن کە بە هۆی ئەو دەست تێوەردان و سیاسەتە هەڵانەوە کردوویانە، رووداوەکان ئاماژەن بۆ راستی ئەم وتەیەمان.
لە لیبیا بەرەنگاربوونەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لیبییەکان هەیە لە دژی هێزە چەکدارە بەکرێگیراوەکانی تورکیا لەو وڵاتەدا و داوای چوونە دەرەوەیان لێدەکرێت. وڵاتانی ئەفریقاش لەسەروویانەوە میسر بە توندی رێگرییان لێدەکات و هوشدارییان پێدەدات کە بکشێنەوە بەتایبەت لە سرت کە پێی وتن ئێرە هێڵی سوورە و نابێت پێی تێبخەن.
تورکیا بەو ئامانجە چووە لیبیا کە هاوکاریی ئیخوانەکان بکات تا جێگە پێ قاییم بکەن و دەست بەسەر حکومڕانیدا بگرن، ئەمەی بەو پلانە بوو کە لە تونسیش هەمان هاوکاری و پشتگیریی هەیە بۆ ئیخوانەکان، بەڵام لەگەڵ ئەو گوشارەی لە لیبیا لەسەریانە، لە تونسیش لە دەسەڵاتی ئیخوانەکان دراو بۆ دواوەیان گەڕاندنەوە.
تورکیا داوا لە میسر دەکات کە لەگەڵیدا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە، ئەوانیش چەند مەرجێکیان هەیە، لە پێش هەموویانەوە وەدەرنانی ئیخوانەکانی میسرە کە لەوێ چالاکییەکانیان بەڕێوەدەبەن، لەوانە کادرە ئیخوانییە هەڵاتووەکان و رادیۆکەیان و بڵاوکراوە و سایتەکانیان، ئەگەر تورکیاش بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی ملکەچی ئەم خواستەی میسر بێت، ئەوە دەبێت ئیخوانەکان چی پێ بڵێن؟
هەروا میسر داوای کشاندنەوەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەکات لە هەریەک لە عیراق و سوریا و لیبیا.
تورکیا خۆی باش دەزانێت دەبێت لە سوریا بکشێتەوە، چونکە دۆخەکە هەر بەم شێوەیە نامێنێت، هەروا لە ئەگەری حکومەتێکی پتەوی لەسەر پێی خۆ وەستاوی دوای هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق، ئەوە هەڵوێستی عیراق لەبەرامبەر بوونی هێزی جۆرا و جۆری تورکیا لە هەرێمی کوردستان و هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ئەم خاکە توندتر لە ئێستا دەبێت، بەتایبەت کاتێک تورکیا خەریکە بەتەواوی رووبارەکانی دیجلە و فورات بە سەر خاکی عیراقدا وشک دەکات، ئیتر لێرەوە عیراق هیچ هیوایەکی بە تورکیا نامێنێت، دووریش نییە پێچەوانەکەی بێتە دی و بەغدا بۆ چۆڕە ئاوێک مەسەلەی کوردی لەگەڵدا بگۆڕێتەوە، ئەمەش دەکەوێتە سەر توانا و هەژموونی کورد لەناو حکومەتی داهاتوو، هەروا هەڵوێستی ئەو لایەنانەی کە بەشدار دەبن لە حکومەتدا.
تورکیا دەیەوێت لە لیبیا بکشێتەوە، بەڵام بە جۆرێک ئەمە بکات کە وەک دەڵێن بەحەیای خۆیەوە هەستێتەوە و مایەباش بێتەوە نەک بە دۆڕاوی بێتەدەر، لە هەوڵی راستکردنەوەی پەیوەندییەکانیدایە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بەو مەبەستەی بێتەوە مەیدانەکە، تورکیا لای ئێمەی کورد( وەک نەتەوەیەکی ژێردەستە) بەگرنگ و زەبەلاح دەبیندرێت، دەنا لای وڵاتێکی وەک میسر دەیان مەرجی دەخرێتە بەردەم تەنها بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانیان، لەکۆتاییشدا دوای هەموو هەڵوێستە خراپ و دوژمنکارییەکانیان لەناو تورکیا و دەرەوە، هەردەبێت بگەڕێنەوە سەرەتا و مایەباش دەربچن( ئەگەر بۆیان بچێتە سەر)، چونکە ئابووری تورکیا بەو ئیفلیجبوونەوە چیدی ئەم بەردەوامییە هەڵناگرێت، بەتایبەت دوای ئەو هەموو ئاگر کەوتنەوانە و زیان گەیشتن بە شوێنە گەشتیارییەکان.