د.سەردار عەزیز

ئایا دونیا پێویستی بە تیۆرەی نوێیە؟

  2021-09-04 19:00      157 جار بینراوە        کۆمێنت

لە پەنجا ساڵی رابردوودا تێگەیشتن لەدونیا هەتا ئاستێکی باش ئاسان بوو، سەرەتا دوو هێز یان دوو لایەن هەبوون، پاشان یەکێکیان لەناوەوە هەرەسی هێناو ئەوی تریان کە ئەمریکایە، بانگەشەی سەرکەوتنی کرد، سەرکەوتنی ئەمریکا کۆمەڵێک تیۆرەی تایبەت بەخۆی بەرهەمهێنا، کە هەرە ناسراوترینیان دوو تیۆرگەران، بەناوی سامۆئێل هانتنگتۆن لەگەڵ فرانسیس فۆکۆیاما.
فۆکۆیاما، پێش سام کەوت لەبڵاوکردنەوەی تێزە وروژێنەرەکەیدا کە جاڕی کۆتایی مێژووی دا، هەرچەندە فۆکۆیاما بانگەشەی ئەوەی نەکرد کە مرۆڤایەتی دەگاتە ساتەوەختی باڵایی و خۆشگوزەرانی، بەڵکو زیاتر بانگەشەی ئەوەی کرد کە دونیا لە یەک مۆدێلی سیاسیدا دەگیرسێتەوە، کە مۆدێلی لیبرال دیموکراسییە، جەنگ و ململانێ ئایدەلۆژییەکان کۆتاییان دێت. فۆکۆیاما لەساڵی ١٩٩٢ تێزەکەی بڵاوکردەوە، ئەو کاتە ئێمە سەرقاڵی راپەرین بووین، کاتمان نەبوو قسەی لەسەر بکەین، هههه.
ساڵێك دوای ئەوە هەنتنگتۆن سەرەتا لەوتارێکدا پاشان لەکتێبێکدا وەڵامی دایەوە، کتێبەکە لەناو دونیای کوردیدا ناسراوە، بەناوی پێکدادانی شارستانییەکان، هەتا ئاستێکی باشیش هەواداری هەیە، سام رەخنەی لە فۆکۆیاما لەڕوانگەی کەلتوورەوە بوو، بە دیدی ئەو جیاوازی کەلتوورەکان یان شارستانییەکان لەدونیادا رێگر دەبێت لەوەی کە خەڵکی گۆی زەوی هەموو باوەشیان بۆ لیبرال دیموکراسی بکەنەوە، لەبری زاڵبوونی یەک ئایدەلۆژیا، دونیا دەبێتە جێگای ململانێی شارستانییەتەکان، چەمکی شارستانییەت، لە فرەیم، چوارچێوەی ئاگایی کوردیدا زۆر ئەرێنییە، بەڵام مەرج نییە وەها بێت. 
هەمیشە لەکاتی نووسینی کوریدا، رووبەری پەیوەندی ئالۆزی نێوان بەهاو فرەیم، چوارچێوەی ئاگایی دەبمەوە، بەڵام ئەم ئاگاییە لەناو کورددا هێشتا بیری لێنەکراوەتەوە، بەهیوام لەداهاتوودا بەقسەکردن لەسەر کتێبەکەی جۆرج لاکۆف، زیاتر لەمبارەوە قسە بکەم.
هەردوو هەنتنگتۆن و فۆکۆیاما شێوازی تیۆریزەکردنی خۆیان هەیە، هەرچەندە لەهەمان ژینگەدا گەورەبوون و پێکەوە کاریان کردووە، بەڵام جۆرێک لەگفتوگۆو رەخنە لەنێوانیاندا بوونی هەیە، بەتایبەتی پاش مردنی هەنتنگتۆن فۆکۆیاما پەرە بەکتێبە گرنگەکەی دەدا لەسەر نیزامی سیاسی لەکۆمەڵگا گۆڕاوەکاندا، هەنتنگتۆن هەرجارە لەبارەی بوارێکی گەورەوە دەنووسێت. لە ١٩٥٧ دەربارەی پەیوەندی سوپاو مەدەنی دەنووسێت و چەمکی پیشەیی یان سوپای پرۆفیشناڵ دادەتاشێت، ئەم کتێبە ئینجلی بواری پەیوەندی مەدەنی و سەربازییە. پاشان کار لەسەر حوکمرانی و رێژەی حوکمرانی دەکات، لەکتێبی نیزامی سیاسی. پاشان لەسەر دیموکراسی بوون و شەپۆلەکانی دیموکراسی، هەتا گەیشتن بەچەمکی کەلتوور لەپاش جەنگی سارد، دوا قۆناغی ژیانی فیکریی بەقسەکردن بوو لەسەر پیاوانی داڤۆس و پەرچەکرداری چینەکانی خوارەوە، لەم قۆناغەدا هەندێک لەڕەخنەگرانی بە پێغەمبەری ترەمپیزم ناوی دەبەن. وەک دەبینین هەریەک لەم قۆناغانە پەیوەستە بەبوارو رووداوو وەرچەرخانی گەورەوە.
چەمکی کەلتوور لای سام یەکێکە لەچەمکە سەرەکییەکان، کە لەچەند کارێکی تردا بەکاری بردووە، بەتایبەتی لەدوا کاریدا بەناوی ئێمە کێیین؟ هەنتنگتۆن بەسادەیی دەپرسێت، ئەگەر لەبری ئەنگلۆساکسۆنەکان، ئیسپانی و فەرەنسی و کاتۆلییکەکان لەئەمریکادا زاڵبوونایە، ئەوا ئەمریکا، هەمان ئەمریکای ئەمڕۆ دەبوو؟ لەوەڵامدا دەڵێت نەخێر، جێگایەک دەبوو هاوشێوەی مەکسیک و ئەمریکای لاتین و جێگاکانی تر.
ئەوانەی رەخنەی هەنتنگتۆن دەکەن، وەها دەبینن کە چەمکی شارستانی زۆر ناڕوون و بەرفراوانە، لەبری پێکدادانی شارستانییەکان، لەهەناو یەک شارستانیدا شەڕ هەیە. فواد عەجەمی لەمیانەی رەخنەیدا باس لەئەوە دەکات کە لەهەناو ئیسلامدا شەڕێکی ناوخۆیی هەیە، نەک شەڕی ئیسلام و ئەوانیتر.
ئەم دوو تێزە کە بەدوو تێزی پێچەوانەی یەکتر دادەنرێن، هەردوو هەوڵی ئەوە ئەدەن سەردەمی ئەمریکی راڤە بکەن، تێزی فۆکۆیاما تێزێکی گەشبینانەیە، هەندێک دەڵێن ساویلکە، بەڵام تێزی هەنتنگتۆن رەشبینانەیە، هەندێک لەڕەخنەگرانی وەهای دەبینن کە زۆر گشتگیرە.
خوێندنەوەی ئەم دوو تێزە وەها مامەڵەی لەگەڵدا کراوە کە داڕێژەری دونیابینی دەسەڵاتی ئەمریکا بێت لەقۆناغی تاک جەمسەریدا. خوێندنەوەی ئەم دوو تێزە وەک زۆر تێزی تر لەدونیای ئێمەدا رووینەداوە، پرسی خوێندنەوەی تێز، پرۆسەیەکی تایبەتە کە رۆشنبیری کورد پێی هەڵناسێت، خوێندنەوەی تێزی گەورەی لەم جۆرانە تەنها ئەوەندە بەس نییە کە کتێبەکەو هەندێک راو بۆچوون لەسەری بخوێنیتەوە، بەڵکو دەبێت نووسەرەکەو پرۆژەکانی و قۆناغەکەو قۆناغی دیدی نووسەرەکە بناسیت.
هەنتنگتۆن بەگشتی لەهەناو تیۆرەی مۆدێرنەبووندا بیری دەکردەوە. ئەم شا تیۆرەیە لە ئەوروپاوە لەڕێگای کۆچبەرەکانی جەنگی دووەمی جیهانییەوەگەشتە ئەمریکا. بەدیدی هەنتنگتۆن مۆدێرنبوونی کۆمەڵگا، پرۆسەیەکی یەکتر تەواوکەرە. وەک فۆکۆیاما کورتی دەکاتەوە، هەموو شتە باشەکان پێکەوە روودەدەن، گەر حکومەت قوتابخانە دروست بکات خەڵک خوێندەوار دەبێت، کە خەڵک خوێندەواربوون، کاری باشتر دەکەن و باشتر کار دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆکاری بووژانەوەی ئابووری. لەئەنجانی ئەمەدا چینێکی ناوەند دێتە ئاراوە کە داخوازی کرانەوەی سیاسی و ئازادی و شتەباشەکانی تر دەبێت. ئەمە وەک جۆرێک لە حەقایەتە. فۆکۆیاما رەخنە لەئەم تێزە دەگرێت بەوەی کە هەموو شتە باشەکان مەرج نییە پێکەوە رووبدەن، رەنگە مۆدێرێنبوونی کۆمەڵگا ببێتە هۆکاری پەرتبوون، بەریەککەوتن و گرژیی. بۆ نموونە لەکاتێکدا کۆمەڵگای کوردی زیاتر خوێندەوار دەبێت، سیستەمی سیاسی بەپێچەوانەوە بۆ دواوە دەچێت، لەبری ئەوەی ببێ بەسیستەمێکی ناشەخسی، هەتا بێت زیاتر شەخسی دەبێت. 
بەڵام ئەوە نییە کە هەنتنگتۆن قەیرانی مۆدێرنبوونی نەبینیبێت. بۆ نموونە کارەکانی لەسەر مۆدێرنەو گەندەڵی بینینی لایەنی قەیراناوی ئەو پرسەیە، بەڵام بەگشتیی دەبێت لەچوارچێوە یان فرەیمی تیۆرەی مۆدێرنبوون ئاگاداربیت بۆ تێگەیشتن لە هەنتنگتۆن، لەهەمانکاتدا هەنتنگتۆن میتۆدێکی تایبەتی هەبوو لەبەرچاوخستنی پرسەکاندا. وەک فەرید زەکەرییا، کە قوتابی ئەوبوو، پێمان دەڵێت، هەنتنگتۆن بڕوای وەهابوو کە دەبێت لەمیانەی قسەکردن لەسەر پرسێک هۆکارێکی سەرەکی زەق بکرێتەوە. نەک ژمارەیەکی زۆر لەهۆکار بەرچاو بخرێت، ئەم میتۆدە بەڕوونی بەکارەکانی هەنتنگتۆنەوە دیارە. 
هەردوو تیۆرەکە دەرخەری دۆخێکی تایبەتی رێکخستنی هێزن لەدونیادا، یەکێکیان بانگەشە بۆ سەرکەوتنی کۆتایی دەکات و ئەویتریان بۆ ململانێی گەورەتر، بەڵام ئەوەی بەگرنگی دەزانم چۆنێتی خوێندنەوەی ئێمەیە بۆ دەقێکی وەها.
بەگشتی خوێندنەوەی کوردی وەک خوێندنەوەی گەلانی دەروبەری وەهایە، نووسین هەمیشە وەک پڕوپاگەندەیەکی سیاسی دەبینن. نووسین وەها نابینن کە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن یان راڤە کردن، بەڵکو جاڕدانی بەرنامەیەکی سیاسییە. بۆیە هەمیشە بەدوای ئەوەدان کە ئایا نووسەرەکە سەر بە چ لایەن و دەزگایەکە، بێگومان شوێنی کارو جۆری کاری بیرمەند گرنگە، بەڵام تێگەیشتن لەتێزی لەمجۆرە بەو شێوە سادەیە نییە، ئەمجۆرە خوێندنەوە رێگری لەوە دەکات هەتا بتوانین خوێندنەوە بۆ دەقەکان بکەین، کاری تری لەسەر بکەین، تەرجەمەی بکەین بۆ واقیعی ناوچەکە، بەرچاوڕوونییەکی لێوە هەڵینجێنین. بەڵکو بەگشتی دەبێتە کارێکی ئاسان، ئەو نووسەرە سەر بەئەو لایەن یان دەزگایەو ئیتر تەواو.
ئەم بچووکكردنەوەی دونیا دەربڕی دۆخی ناوخۆیی ئێمەیە. دەرئەنجامەکەی نەتوانینە لەتێگەیشتن لەڕەفتاری هێزەکان. ماوەیەکی زۆر پرسیارێکی گەورە لای کورد ئەوەبوو، ئایا ئەمریکا دۆستە؟ ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمریکا بەجێمان دەهێڵێت؟ 
لەگەڵ لاوازبوونی ئەمریکاو سەرهەڵدانی هێزی نوێ، بیری نوێ دێتە ئاراوە، ناسینی تیۆرەکانی سەردەمی نوێ گرنگترە لەتیۆرەکانی سەردەمی تاک جەمسەریی، وەک دەبینن تیۆرەکانی تاک جەمسەریی زیاتر رەفتاری دەوڵەتی لەدەرەوەو لەهەناو پرسە نێودەوڵەتییەکاندا هەڵدەسەنگان، بەڵام لەقۆناغی نوێدا دەبێت ئێمە زیاتر لەدۆخی ناوەوە بەئاگابین و هەروەها زیاتر راستەوخۆییانە کاریگەری هەیە لەسەرمان، وەک لەترسی کشانەوەی ئەمریکادا دەمانهێنێتە لەرزە، ئەگەر باوانی ئێمە لەگوندەکان دەژیان و لایان گرنگ نەبوو یان نەیاندەتوانی بزانن چی لە پەکین و دی سی دەگوزەرێت، ئەوا ئێمە چیدی ئەو خۆشگوزەرانییەمان لەدەستدا. لەمەودوا ناچارین هێندە قوڵ بینەوە بزانین سۆزانییەکانی ڤێگاس چۆن دەنوون و قومارچییەکانی مەکاو چۆن پارەکانیان بەفیڕۆدەدەن.

وتاری زیاتر

بۆ کۆچ؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-11-13 21:32      131 جار بینراوە


بۆچی سەربەخۆکان سەرنەکەوتن؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-10-16 17:57      143 جار بینراوە

قەیرانەکانی خێزانی کوردی‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-16 13:36      226 جار بینراوە

ناین ئیلێڤن ٩١١‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-11 17:27      806 جار بینراوە

کۆمیونیزم و جیهادیزم لەگوند‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-27 11:18      162 جار بینراوە

کەوتنی کابول ‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-16 19:04      582 جار بینراوە



تڕەکەڵەکی کازمی‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-24 15:40      425 جار بینراوە

تارماییەکانی مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-17 19:27      853 جار بینراوە


ئەردۆگان و یاریی کورد‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 17:15      424 جار بینراوە

پاش ئەوروپا‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 10:08      244 جار بینراوە


بایدن و ئەردۆگان پاش دیدار‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-18 13:53      159 جار بینراوە

بایدن و ئەردۆگان‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-09 10:10      209 جار بینراوە



ئایا خاکی کوردستان فرۆشراوە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-02 18:57      197 جار بینراوە

جەمشیدو مەعریفەی بێ رێچکە‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-31 14:48      272 جار بینراوە

نەفرەتی بێدەوڵەتیی!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-29 17:57      180 جار بینراوە

ئایا مەترسی لەئارادایە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-22 17:55      217 جار بینراوە


دەستوورێک بۆ هەرێم؟!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-10 14:31      212 جار بینراوە

سەما لە سەردەمی بازاڕدا‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-03 15:14      193 جار بینراوە

بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-01 16:30      168 جار بینراوە

قەیرانی گەشە لە کوردستان‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-26 18:41      284 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو