ئێمە سیاسەتکردنیشمان بەهەمان پێوەری مامەڵەی رۆژانەمانە وەک تاکی کورد، لە دیوەخان دانیشتووین، هەرچی وتی سڵاو ئیتر بەشان و باڵیدا هەڵدەدەین و پێی دەڵێین ئێوە نەبن کەس بە دۆستی خۆمان نازانین، کە ئەویش رۆیشت و کەسێکی تر هات بە ئەویش هەروا دەڵێین.
لاریمان لەوە نییە کە هەموو سەرۆکەکانی وڵاتان دەبێت بەپێی پرۆتۆکۆلی نێودەوڵەتی پێشوازییان لێبکرێت، بەڵام ئەوەمان لا سەیرە کە بۆ کەسێکی وەک ماکرۆن هەندێک سیاسەتمەدار و نووسەر دەیکەن و دەینووسن، گوایە ئەمە رووداوێکی مێژووییە و مانای پشت پەردە و ژێر پەردەی هەیە، کابرا زەردەخەنە لەسەر رووی بووە، ئەوان دەڵێن دەیەوێت رێکەوتننامەی سایکس-پیکۆ هەڵبوەشینێتەوە.
هێندە بەناوی ئەوەوە شت وترا، لەم چەند رۆژەی رابردوەوە، کە ئەگەر خۆی بیانبیستێتەوە رەنگە جارێکی تر لەرووی نەیەت بەم وڵاتەدا بێتەوە، چونکە ئەو هەموو بەڵێنانە نە ئەو داویەتی و نە دەشتوانێت بیدات و جێبەجێی بکات.
میتران خۆی و خانمی هاوسەریشی هەر پشتی کوردیان گرت، بەڵێ توانییان هاوکارمان بن و کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی هێڵی دژەفڕین هەبوو، بەڵام دەبێت بزانین ئەو هێڵە بۆ سنووردارکردنی هێرشەکان بوو بۆ سەرمان، نەک هۆکارێک بوو بۆ رزگاربوونمان یان بوونمان بە دەوڵەت، کە هەر فەرەنسا خۆی بە پێی سایکس-پیکۆ لەگەڵ بەریتانیادا دابەشیان کردین.
فرانسوا هۆلاند هاتە کوردستان و چووە نزیک بەرەکانی جەنگی پێشمەرگە لەگەڵ داعش و لەوێوە بە دووربین تەماشای کردن و وتی پێشمەرگە چەندە ئازان، بەڵێنیشی داینێ کە هاوکارمان بێت لە لەناوبردنی داعشدا، بەڵام کە ریفراندۆمی ناوەخت کرا، فەرەنساش نوتقی لێوە نەهات لەوەی بەسەرماندا سەپێندرا.
لە ساڵی 1991ەوە لەگەڵ هاتنەوەی خۆمانەوە لە شاخەوە بۆ شار، ئەمریکا و ئەوانی دیکەی ناتۆش لەگەڵماندا هاتوون و لێرەن، لەسەر ئاستی پسپۆڕ و هەواڵگریی بێت یان سوپای تەواو، ئەوە 30 ساڵی رەبەقە ئێمە بەم جۆرەین و هەین و زیادمان نەکردووە، ئێستاش ئەگەر بەغدا بڕی پارەی بڕیاردراو نەنێرێت، هاوارمان لێ هەڵدەستێت، کەچی هەر بەلامانەوە گرنگە ماکرۆن هاتۆتە هەولێر و هاتنی بە ئیعتراف بە قەوارەکەمانی دەزانین.
ئەم هەرێمە لەراستیدا وەک ئەو کانییە وایە کە لەسەر رێی کاروانەکانە و هەرکەس بیەوێت دەتوانێت لێی لابدات و ئاوێک بخواتەوە، رەنگە ئەوانیش ئەو پەندە کوردییەیان بیستبێت، بۆیە کە ئاوی لێدەخۆنەوە و بەردی تێ فڕێ نادەن، بەڵام ئەگەر وشکیشی کرد، ئەوا هەوڵی ژیاندنەوەی نادەن.
خەریکین تاکی کورد وا بەرهەم دێنین کە ئێمە بەبێ سوپای بێگانە ناتوانین لەسەر پێی خۆمان راوەستین، ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە، بەمە هیچ مانایەکمان بۆ پیرۆزیی وڵات و خاک نەهێشتۆتەوە، لەسەر خاکێک سوپای بیانی هەبێت، کوێی ئازادیی و سەربەستییە؟ کاتێک دەڵێن بیانی، واتا ئەوانەی بەناسنامە خەڵکی ئەم وڵاتە نین، ئەوانیش ئەگەر بە سوپاوە لێرە بن، بۆ مانەوەی درێژخایەن، ئەوا دەبنە داگیرکەر، بەتایبەتی کاتێک خۆیان دەڵێن خەرجیمان بکێشن تا بتانپارێزین.
هێندە حەزمان لە بوونیانە، نازانین چۆنیان پێشوازیی لێبکەین، نازانین بەڵێن لە کامیان وەربگرین، خۆشمان دەزانین کە ئەوان بۆ ئێمە فریادڕەس نین و تا ئێرەمان هێناوە مەمرە و بژی ماوین.
تادوێنێ هەموو شتمان بەدەست ئەمریکا بوو، کەچی ئێستا فەرەنسا هەڵدەکێشینە سەرەوە، هەندێکیش پێیوایە ئەمانە دوو وڵاتی جیاوازی دژبە رەوتی یەکترین، نازانن ئەوەی فەرەنسا دەیکات بە رێکەوتنی پێشوەختەیە لەگەڵ ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکەی ناتۆ.
ئەمریکا لەگەڵ تورکیادا رێکەوتن دەکات بۆ هەنگاونانێک جا لەگەڵ فەرەنسا ناگونجێت.
لەم هەرێمە ئەویان دەڕوات ئەویان دێت، کەچی هێندەی بەشان و باڵدا هەڵدەدەین هەر وەک ئەوەی تەنها ئەو وڵاتە هەژموونی لەسەر ئێرە هەبێت، ئیتر خۆمان بیردەچێتەوە و نازانین لەم وڵاتەدا کە عیراقە و ئێمەش بەشێکین تێیدا، ملیۆنان کەس هەن قینیان لە بوونی بێگانەیە و داوای دەرچوونیان دەکەن، ئێمەش بێ حسابکردن بۆ ئەو بۆچوونانە بێ بەرامبەر داوای مانەوەیان دەکەین و رەنگە زۆریشمان پێ خۆش بێت بمانکەنە بەشێک لە خۆیان.
رەنگە ماکرۆن کاتێک دەبیستێت ئەم نووسەر و سیاستمەدارانە بەشان و باڵیدا هەڵدەدەن، بڵێت: «ئەمانە هەروان کێ لەسەر خوانیان بێت، وەسفی دەدەن و هەڵیدەکێشن، بەڵام لەراستیشدا جگە لە خۆیان کەس بەکەڵکیان نایەت». دوا پەیامیشی کە بە تویتێک بۆ سەرۆکی هەرێمی ناردووە، تەنها باسی وەفای جەنگاوەرانی کورد دەکات کە شەڕیان لە دژی داعش کردووە و دەڵێت: «ئەو پیشوازییە گەرمە لەبیر ناکەین»، ئیتر ئەو هەموو بەڵێن و پیادا هەڵدانەی گەشتەکەی بۆ هەولێر بەمە کۆتایی هات.